سەرەتا ئینفۆگرافیک

مافی ئازادیی ڕادەربڕین

مافى ئازادیی ڕادەربرین، مافێکە کە لە پەیماننامەى نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا نەخشەڕێژ کراوە. لەژێر سایەی پەیماننامەکەدا، نابێت هیچ کەس بەپێی بنەمای بۆچوونی ڕاستەقینەیی یان هەستپێکراو یان گریمانەیی خۆی، ئەو مافانەى لێ پاوان بکرێت کە لە پەیماننامەکەدا هاتوون. هەموو شێوازەکانی بیروڕا پارێزراون، لەوانە؛ بیروڕای سیاسی و زانستی و مێژوویی و ئەخلاقی یان ئایینی. تاوانبارکردن لە سۆنگەی هەبوونی بۆچوونێک، لەگەڵ ئەم مافەدا نایەتەوە. هەراسانکردن یان هەڕەشە و ناوڕزاندنی کەسێک، لەوانە: دەستگیرکردن، هێشتنەوە، دادگاییکردن و زیندانیکردن، بە هۆکاری بۆچوونەکانیان، پێچەوانەى بنەماکانى ئەم مافەیە. هەر جۆرە هەوڵێک بۆ ناچارکردنی هەبوون و نەبوونی بۆچوونێک قەدەغەیە. ئەمەش ئازادیی بیروڕا، ئازادیی دەرنەبڕین و ئازادیی گۆڕینی بیروبۆچوون دەگرێتەوە. 

پابەندێتیی ڕێزگرتن لە ئازادیی بیروڕا و ڕادەربڕین، باری ناچارەکیی تێکڕای دەوڵەتانی نێو پەیماننامەى مافە مەدەنیی و سیاسییەکانە. هەموو بەشەکانى دەوڵەت (دەسەڵاتى جێبەجێکار، دەسەڵاتى یاسادانان، دەسەڵاتى دادوەری) و دەسەڵاتە گشتی و حکوومییەکانی تر، لە هەر ئاستێکدا بن، ــــ نەتەوەیی، هەرێمایەتیی یان ناوچەیی ــــ لە بارێکدان بۆ گرتنەئەستۆى بەرپرسیاریەتی. مافى ئازادیی ڕادەبڕین؛ مافی گەڕان و وەرگرتن و پێدانی زانیاری و ئایدیاکان دەگرێتەوە، ئەم مافە بریتییە لە ڕادەربڕین و وەرگرتنی پەیوەندیی هەموو ئەو جۆرە بیرۆکە و بۆچوونانەى کە دەکرێت بگوازرێنەوە.  

بەپێی پەیماننامەى مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ئەم مافە، گوتاری سیاسی و لێدوان دەربارەی کاروباری گشتی و کەمپەین و باسکردنی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕینی کولتووری و هونەری و فێرکردن و گوتاری ناتوندوتیژیی ئایینیش دەگرێتەوە. هەندێک جاریش لەوانەیە ڕیکلامی بازرگانیش بگرێتەوە. تەنانەت ڕادەربڕینێکیش دەگرێتەوە کە ڕەنگە زۆر بە کۆمەڵگەش نامۆ بێت! 
مافى ئازادیى ڕادەبڕین؛ هەموو شێوەکانی ڕادەربڕین و ئامڕازەکانی بڵاوکردنەوەیان دەپارێزێت. شێوەکانیش بریتین لە:  قسەکردن، نووسراو و نیشانە. ڕادەربڕینی نازارەکیی وەک: وێنە و بابەتی هونەری. ئامڕازەکانی ڕادەربڕین بریتین لە: پەرتووک، ڕۆژنامە،  نامیلکە،  ئاگادارنامە، لافیتە، جلوبەرگ و پەڕاوى یاسایی.  هەروەها سەرپاکی شێوازەکانی بیستراو و بینراو و ئەلیکترۆنی و ئینتەرنێتیش دەگرێتەوە. 

دەستووری عێراق لە مادەی ٣٨دا، دەستەبەرکردنی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن و وەشاندن و گردبوونەوە و خۆنیشاندانی، خستووەتە ئەستۆی دەوڵەت. لە مادەی ١٩ی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستانیشدا، هەمان شت دەبینرێت. مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر کار و پرۆژە حکوومی و کۆمەڵایەتی و گشتییەکان کە لە هەرێمی کوردستاندا بە یاسا ڕێک خراون، بەشێک یان تەواوکەری ئازادیی دەربڕینە. جەختکردنەوە لەسەر ئەم ئازادییە، لە کرۆکدا پەیوەستە بە ئایدیای دیموکراسییەوە: گەر بڕیارە کۆمەڵگە یەک ڕەنگ و یەک دەنگ نەبێت، گەر بڕیارە کۆمەڵەی جیاواز و دیدی جیاواز هەبن، ئەوکات نەبوونی ئازادیی دەربڕین، نیشانەی هەبوونی چەوساندنەوە و سەرکوتکردن و ستەمکارییە. 

ڕاگەیاندنێکی ئازاد و بێ سانسۆر و بێ کۆسپ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ڕادەربڕین بنچینەییە. ڕۆژنامەگەرانی ئازاد پێویستە بێ ‌سانسۆر و ڕێگری، لێدوان سەبارەت بە پرسە گشتییەکان بدەن و ڕای گشتیی ئاگادار بکەنەوە. پێویستە دەوڵەت وەک هۆیەکی پاراستنی مافی بەکارهێنەرانی میدیا، بۆ نموونە؛ ئەندامانی کەمینە ڕەچەڵەکی و زمانەوانییەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئایدیاکان، گرنگییەکی تایبەت بە میدیایەکی سەربەخۆ و هەمەجۆر بدات. پێویستە دەسەڵات ڕێوشوێنی پارێزگاری دژی هەموو چەشنە هێرشێکی سەرکوتکردنی ئەو کەسانەی کە مافی ئازادیی ڕادەربڕینی خۆیان پیادە دەکەن، بگرێتە بەر. نابێت هەرگیز پاساوێک بۆ ڕێگری لە داکۆکی بۆ دیموکراسی و فرەحزبی و ڕێبازی سیاسی و مافەکانی مرۆڤ بەکار بهێنرێت. نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا، بەهۆی پەیڕەوکردنی ئازادیی بیروڕا یان ڕادەربڕین، هێرش بکرێتە سەر کەس. پێویستە هەر جۆرە هێرشکردنێکی وەک؛ دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و هەڕەشە بۆ سەر ژیان بە بیانووى قەدەغەکردنى ئازادیی ڕادەربڕین، یاساغ بکرێت.