سەرەتا ئینفۆگرافیک

دەسەڵاتی گەردوونیی دادگاکان

یاسای مافەکانی مرۆڤ پەیوەندیی توندوتۆڵی بە یاسای تاوانى نێودەوڵەتییەوە هەیە. یاسای تاوانى نێودەوڵەتیی بە پلەی یەکەم چوار تاوانی سەرەکی دەگرێتەوە، هەندێکیان لە کاتی جەنگدا و هەندێکیشیان لە کاتی ئاشتیدا دەکرێت ئەنجام بدرێن، کە بریتین لە جینۆساید، تاوانی دژەمرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ، تاوانی شەڕەنگێزی. ئامانجی ئەو یاسایەش، هاوشێوەی یاسای مافەکانی مرۆڤ، پاراستنی کەرامەت و ئازادی و ئاسایشی مرۆڤەکانە، چ وەک تاکەکەس و چ وەک کۆمەڵیش. 

یاسای مافەکانی مرۆڤ لە هەموو کاتێکدا بەرکارە، بە کاتی جەنگیشەوە. تەنیا ئەوەندەیە کە لە کاتی کارەساتی سروشتی و مەرگەساتی مرۆیی کتوپڕدا، دەوڵەت دەتوانێت مافەکانی مرۆڤ تا دوای دۆخەکە هەڵپەسێرێت. بەڵام هەندێک لە مافەکان، وەک مافی ژیان و ئازادیی ئایین و باوەڕ، هەر دەبێت جێبەجێ بکرێن. لە کاتی ئەنجامدانی یەکێک لەو تاوانانەدا، کە بە تاوانی نێودەوڵەتی دەناسرێن، پرسی بەرپرسیارێتیی تاکەکەسی دێتە پێشەوە: کێ دەبێت دادگایی بکرێت؟ کێ بۆی هەیە دادگایی بکات؟ 

پرەنسیپی دەسەڵاتی گەردوونی (universal jurisdiction) بریتییە لە دەسەڵات و توانای دادگای نیشتمانی لە بینینی کەیسێک و حوکمدان تێیدا بەبێ ئەوەی تاوانەکە لەسەر خاکی ئەو وڵاتە بێت، تاوانبارەکە خەڵکی ئەو وڵاتە بێت، یانیش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە بێت. سەرچاوەی دەسەڵاتەکەش ئەوەیە، تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژەمرۆڤایەتی خەسڵەتێکی گەردوونییان هەیە و لە کاتی کردنیاندا، دژی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبن. هەندێک لە وڵاتان بە یاسا ئەو دەسەڵاتەیان بە دادگاکانیان داوە و بۆیان هەیە بکەری ئەو تاوانانە دادگایی بکەن، جا لە هەرکوێوە هاتبن و دژی هەرکێش ئەنجامیان دابێت، لەوانەش نیو زیلاند و کەنەدا و ئیسپانیا و بەم دواییانەش ئەڵمانیا کە چەندان هاوڵاتى ئێراقى و سوریی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش و ئەنجامدانى شاتاوانەکان دادگایی کرد. عێراق تا ئێستە بنەماکانی یاسای تاوانى نێودەوڵەتی و پرەنسیپی دەسەڵاتی گەردوونیی، بە ناوخۆیی نەکردووە. هەرچەندە لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکاندا باسیان کرا و سەرانی بەعسیش بەو تۆمەتانە دادگایی کران، بەڵام لە یاسای سزاداندا ئاماژە بەو تاوانە نێودەوڵەتییانە نەکراوە، یاسایەکی تایبەتیش بەم پرەنسیپە لە وڵاتدا نیە، هەروەها یاسای دادگای باڵای تاوانەکانیش بۆ ماوەیەکی مێژوویی دیاریکراو بوو (لە ١٩٦٨ تا ٢٠٠٣)، واتە سەردەمی حوکمڕانیی بەعسییەکان. لە کاتێکدا ڕێکخراوی تیرۆریستی هەبووە و ئەگەری ئەوەش هەیە لە عێراق یان هەر وڵاتێکی تردا، سەر هەڵبدەن، دەبێت وەها پرەنسیپ و دەسەڵاتێک لێرەش بە یاسا بکرێت و سنوورێک بۆ ئەو تاوانانە دابنرێت و مۆرکی نێودەوڵەتییان دووپات بکرێتەوە. 

ناوەندى کوردستان بۆ یاساى نێودەوڵەتی لە چوارچێوەى پرۆژەى (زەمینەسازیی بۆ بەناوخۆییکردنى یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی لە هەرێمى کوردستانى ئێراقدا) لە ساڵى ٢٠٢١ سەرقاڵى ئەنجامدانى چالاکییەکانێتى بە مەبەستى سزادانى ئەو کەسانەى کە تاوانى جەنگ و دژەمرۆڤایەتیی و جنیۆساید لە هەرێمى کوردستاندا ئەنجام دەدەن، لەم چوارچێوەشدا دەیان خوولى ڕاهێنان و ئاشناکردنى بۆ دادوەر و داواکارى گشتی و ئەندامان و ڕاوێژکارانى پەرلەمان کردووەتەوە، هەروەها دوو پرۆژە یاساى بۆ دامەزراندنى دادگایەکى تێکەڵ بۆ دادگاییکردنى تۆمەتبارانى شاتاوانەکان پێشکەشى هەردوو پەرلەمانى ئێراق و هەرێمى کوردستان کردووە، لە ساڵى ٢٠٢٣یشدا پرۆژەیاسایەکى گەڵاڵە کردووە کە تێێدا شاتاوانەکان لە دادگا ناوخۆییەکاندا بە یاسا یاساغ بکرێت و تۆمەتبارانیش لە پاى ئەنجامدانى ئەو تاوانانە بە سزای یاسایی بگەیەنرێن و کۆمەڵەى قوربانیانیش دانپێدانانى یاسایی وەربگرن.