سەرەتا ئینفۆگرافیک

دەستڕاگەشتنی كەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت بە دادپەروەری

کەمئەندامی، چ جەستەیی بێت و چ هۆشەکی، نابێتە پاساوێک بۆ لێکەمکردنەوە و مامەڵەی جیاکارانە دژی کەسەکە. هەموو مرۆڤێک خاوەن کەرامەت و ڕێزە، بەبێ گوێدانە ئەوەی خەڵکی کوێیە، چ کارەیە، باری جەستەیی و هۆشەکیی چۆنە، سەر بە کام بنەماڵەیە، یان باری ئابووری و کۆمەڵایەتیی لە چ ئاستێکدایە. چونکە ئەمانە خەسڵەتی لاوەکیین و دەگۆڕێن، بەڵام مرۆڤبوون و شکۆداری، ڕاگوزەر نییە و هەر دەمێنێت.

بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، کەمئەندامانیش وەک هەر مرۆڤێکی تر، مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگا و دادگایی و دادپەروەرییان هەیە بە مەبەستی پاراستنی هەموو ئەو مافانەی بەپێی دەستوور یان یاسا بەرکارەکانی تر پێیان دراوە. بەگوێرەی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانیش، هەموو کەس مافی خۆیەتی لە کاتی پێشێلکردنی هەر مافێکیدا، دەستی بە دادگا و ڕێکاری پێویست بگات، هەروەکچۆن هەمووانیش لە بەردەم یاسادا یەکسانن. لە مادەی ١٣ی پەیماننامەی مافی کەسانی خاوەن پێویستیی تایبەتدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە دەبێت دەوڵەت کارێک بکات کە دەستگەیشتنی ئەو کەسانە بە دادپەروەری ئاسان بکات. هەروەها و بەپێی هەمان مادە، دەبێت کارێک بکرێت ئەوانەی لە ئیدارەی قەزاییدا بەشدارن، وەک پۆلیس و کارمەندی زیندانەکان، وەک پێویست لەو بارەیەوە ڕابهێنرێن و هۆشیار بکرێنەوە. هاوکات هەموو مافەکانی تری مرۆڤ، وەک ئازادی و سەلامەتیی جەستەیی، نەبوونی جیاکاری و دانپێدانان لە بەردەم یاسادا، دووری لە بەكارهێنان و ڕێزگرتنی تایبەتمەندی و ژیانی تایبەت، مافی کەسانی خاوەن پێویستیی تایبەتیشن.

بەپێی یاسای چاودێریی کەسانی خاوەن پێویستیی تایبەتی عێراقی ژمارە ٣٨ی ساڵی ٢٠١٣، پێویستە لە کۆی گشتیی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ٥٪ و کەرتی تایبەتیش ٣٪یان لە کەمئەندامان بن. ئەوەش لە کاتێکدا لە عێراق ژمارەی کەمئەندامان نزیکەی ملیۆن و نیوێکە و لە هەرێمی کوردستانیش نزیکەی ٩٦ هەزار هەن. تایبەت بەو چینەش لە هەرێمی کوردستان، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ دەرچووێنراوە. بەڵام لە زۆربەی وڵاتاندا، بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە، دەکرێت ئەو کەسانە ڕووبەڕووی هەندێک بەربەستی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ببنەوە. لەوانەش بەربەستی یاسایی، کاتێک مافەکانیان وەک پێویست لە یاسادا جێ ناکرێنەوە. بەربەستی هەڵوێست نواندن، کاتێک دادوەر و پۆلیس و پارێزەرەکان نازانن بەبێ بێڕیزی و سووکایەتی، مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن. بەربەستی زانیاری و پەیوەندیگرتن، کاتێک ئەو کەسانە خۆیان بە مافەکانیان هۆشیار نەبن و نەزانن چ کاتێک مافەکانیان پێشێل دەکرێت. بەربەستی فیزیکی، کاتێک ژینگەی مادیی یان بیناسازیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەک دادگا و بنگەی پۆلیس و نەخۆشخانەکان بە جۆرێک نییە، کە هاتوچۆ و بەکارهێنانیان لەلایەن ئەو کەسانەوە ئاسان بکات. هەروەها بەربەستی ئابووری، وەک وازهێنان لە خوێندن و هەژاری و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن وەک ئەوەی لە یاساکاندا هاتووە، چونکە گەر هەلی کاری گونجاو نەبێت، لەئەستۆگرتنی هەندێک خەرجیی پەیوەست بە دادپەروەرییەوە قورس دەبێت، بۆ نموونە کرێی پارێزەر، کرێی پشکنین و تاقیگە، کرێی سازان لەسەر کەیسەکان، یان هەر جۆرە ڕێکارێکی تری دادوەری کە پارەی بوێت.

بەداخەوە، هەندێک کەسی خاوەن پێویستیی تایبەت، زیاد لە جارێک و بە زیاد لە هۆکارێک، مافی دەخورێت. بۆ نموونە، گەر منداڵ بێت، مێینە بێت، کەمئەندامیش بێت. بۆیە پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەریی یاسا و سیستەمی دادپەروەریی وڵات بۆ ئەوەی مافی هەمووان، بە مافی کەمئەندامانیشەوە، مسۆگەر بکرێت، پێویستییەکی هەنووکەیی و هەمیشەییە.