گوتاری ڕقاوی لە
یاسای نێودەوڵەتی، بەتایبەت یاسای مافەکانی مرۆڤدا، پێناسە نەکراوە. بەڵام لە چەند
پەیماننامەیەکدا باسی جیاکاری نەژادی و جێندەری و نەتەوەیی و ئاینی کراوە. لە
پەیماننامەی ڕێلێگرتن و قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید(١٩٤٨)دا، داوا لە
دەوڵەتان کراوە هەموو هاندانێک بۆ جینۆساید بەتاوان بناسێنن و ڕێ بە هاندان بۆ
ئەنجامدانی جینۆساید نەدەن.
لە مادەی چوارەمی پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو
شێوەکانی جیاکاریی نەژادی(١٩٦٥)دا، ڕستێک ئەرک خراوەتە سەر
دەوڵەتان. بەو پێیە، دەوڵەتان دەبێت شەش ئەرکی سەرەکی لە بارەی گوتاری ڕقاوی و
جیاکاریی نەژادییەوە، بگرنە ئەستۆ، واتە بە یاسا ئەو کردارانە قەدەغە بکەن.
ئەوانیش بڵاوکردنەوەی هەر بیرۆکەیەک دەربارەی باڵایی نەژادی؛ بڵاوکردنەوەی هەر
بیرۆکەیەک دەربارەی ڕقی نەژادی؛ هاندان بۆ جیاکاریی نەژادی؛ کردەی توندوتیژی هاوڕێ
لەگەڵ پاڵنەری نەژادی؛ هاندان بۆ کردەی توندوتیژی هاوڕێ لەگەڵ پاڵنەری نەژادی؛ لەگەڵ
پشتگرتنی هەر چالاکییەکی ڕەگەزپەرستانە بە هەر جۆرێک بێت.
ئەم پەیماننامەیە زیاتر تایبەتە بە نەژاد و
جیاکاریی نەژادییەوە. بەڵام لە چەند مادەیەکی پەیماننامەی مافە مەدەنی و
سیاسییەکان(١٩٦٦)دا، لەوانەش مادەی ١٩ و ٢٠، بەگشتی باسی گوتاری ڕقاوی
کراوە و هەموو جۆرە هاندانێک بۆ توندوتیژی و جیاکاریی نەتەوەیی، ئاینی یان نەژادی
قەدەغە کراوە. ئەم پەیماننامەیە هەوڵێکە بۆ گونجاندن و هاوسەنگکردنی هەردوو مافی
یەکسانی لە بەردەم یاسا و ئازادیی دەربڕین و خۆبەیانکردن.پەیماننامەکە باسی ئەو
"ئەرک"انەش دەکات کە هاوڕای ئازادیی دەربڕینن، بۆیە ئاساییە لەبەر
ڕێزگرتن و پاراستنی کەسانێک یان کۆمەڵێک، هەندێک کۆت بۆ مومارەسەی ئەو ئازادییە
دابنرێت. هەروەها لە مادەی ٢٥ی بنەڕەتنامەی ڕۆما تایبەت بە دادگای نێودەوڵەتیی داد(١٩٩٨)دا هەموو هاندانێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانی جینۆساید،
قەدەغەیە و سزای لەسەرە.وەک ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
دەڵێت، ڕێکخستنی گوتاری ڕقاوی مانای سنووردارکردنی ئازادیی دەربڕین نییە، بەڵکو
ڕێگرتنە لە پەرەسەندنی ئەو گوتارە لەوەی ببێتە شتێکی ترسناک و هاندانێک بۆ
توندوتیژی و توندڕەوی، کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا قەدەغەن. لە هەرێمی کوردستاندا بە
یاسا ئەم بابەتە ڕێک خراوە. یاسای ژمارەی ٥ی
ساڵی ٢٠١٥ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە پاراستنی مافی پێکهاتە
نەتەوەیی و ئاینییەکانی هەرێمی کوردستان، لە مادەی ٣دا
هەموو بانگەشەیەکی بۆ ڕق و توندوتیژی لەسەر بنچینەی نەتەوەیی، ئاینی، ئیتنی یان
زمانیی قەدەغە کردووە.
هەمان مادە
هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی هەر پێکهاتەیەک بێت، قەدەغە کردووە. بەڵام ئەوەی دیقەت
دەدرێت، هیچ سزایەکی کۆنکرێتیی بۆ سەرپێچییەکان دیاری نەکردووە. واتە یاساکە وەک
کۆمەڵێک بنەمای گشتگیر، دەمێنێتەوە. لە عێراقدا یاسایەکی تایبەت بە پێکهاتەکان
نییە، بگرە لە هەندێک لە یاساکانیشدا جیاکاری دژی پێکهاتە ناموسوڵمانەکان هەیە،
هەروەتر سۆشیاڵ میدیای عێراقی و کوردی پڕن لە گاڵتە کردن بە ژنان و کەسانی سەر بە
پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و هەندێک جاریش دەگاتە ئاستی توندوتیژی و
بریندارکردنی بەکۆمەڵ. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییانە، پێویستییەکی هەنووکەییە.