سەرەتا وانەکان

سەرچاوەکانی یاسای نێودەوڵەتی (ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی)

پەیماننامەی نێودەوڵەتی بە یەکێک لە چاوگە گرنگەکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت کە لە ڕێگەیەوە بەشی زۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاروبارە نێودەڵەتییەکان ڕێکدەخرێن. تەریب بەمە، بە ئامرازێکی گرنگ بۆ ڕێکخستنی ھەموو ئەو پێشکەوتنانە دادەنرێ کە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و یاسایی و ئابوری نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن. لەمانەش بترازێ، نابێ ڕۆڵی پەیماننامەکانمان لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵی نێودەۆڵەتیدا فەرامۆش بکەین. بەستنی ھەر پەیماننامەیەکی نوێ نیشاندەری پێکەوە کارکردنی کۆمەڵی نێودەڵەتییە، بە پێچەوانەشەوە ڕێکنەکەوتن یان کار نەکردن بە پەیماننامەکان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاماژەیە بۆ ھەڵوەشانەوەی بڕیاری پێکەوەکارکردنی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و گرتنی ئاقاری ململانێ و جەنگ وەک ئامرازی یەکلاکردنەوەی کێشەکان.