یاساسەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانکاران، بنجینە و پایەی سەرەکیی دادپەروەریین. بەبێ چەسپاندنی یاسا بەیەکسانی بەسەر هەموواندا، دادپەروەری بەدی نایەت و ئەنجامدانی تاوانیش کەمتر نابێتەوە. لە پرسی مافەکانی مرۆڤدا، نیگەرانیی سەرەکی بریتییە لە تێوەگلانی دەوڵەت و فەرمانڕەوایان لە پێشێلکردنی ئەو مافانەدا. جا ڕاستەوخۆ خۆیان بن یانیش کەسانێک یان کۆمەڵە کەسانێک، کە دەوڵەت پشتیان دەگرێت.
لێرەدا تاوان تێکەڵ دەبێت لەگەڵ گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و قۆستنەوەی بۆ سوودی تایبەت و بەرژەوەندیی سەروو-یاسایی. لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە یەکێکە لە بابەتە گەرمەکان لە هەمبەر مافەکانی مرۆڤدا. دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاد لە جارێک، لەلایەن ڕێکخراوە و دەزگا سەربەخۆکانی مافەکانی مرۆڤەوە، بە لێنەپرسینەوەی دەسەڵاتداران لە پێشێلکردنی مافی هاوڵاتییان، تۆمەتبار کراون. لە عێراقدا چەند ساڵێکە، بابەتی لێپرسینەوەی تۆمەتبارانی کوشتن و سەرنوگمکردن و لێدانی خۆپیشاندەران و چالاکوانان لە ئارادا نییە، بەتایبەت لە پاش خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە. سەرباری ئەوەی چەند لیژنەیەکی دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان پێک هێنراون، سکاڵا و ڕاپۆرتی پزیشکیی لای کەم ٢١٥ کەسیان پێ گەشتووە، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە و هیچکام لە ڕاپۆرتە فەرمییەکانیان بڵاو نەکردووەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چەندان بۆنەدا، مەترسیی لێنەپرسینەوەی بەیان کردووە، بەو پێیەی لێنەپرسینەوە سەرهەڵدانەوەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئاسانتر و متمانەی خەڵکیش بە یاساسەروەری کەمتر دەکاتەوە و لە سەروەختی هەستکردن بە نادادی، پەناگایەک نامێنێت هانای بۆ ببەن.
لە هەرێمی کوردستانیش هەمان کێشە هەیە. وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا هاتووە، سەرباری پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساسازییەوە دەربارەی توندوتیژیی خێزانی، لە پراکتیکدا کێشەکانی سکاڵاکردن و شێلتەرەکان و یەکلاکردنەوەی کەیسەکان و پاراستنی قوربانییان، وەک پێویست نین. وەک ئەوەی دادوەران بە زیهنییەتێکی کۆنەوە لە یاساکان دەڕوانن و پاراستنی "یەکێتیی خێزان" و بەرژەوەندیی پیاوان، کاری لەپێشینەیانە.
لێنەپرسینەوە بیرۆکەی هیرارکییەت و باڵادەستیی هەندێک بەسەر هەندێکی تردا، زەق دەکاتەوە. کۆمەڵی یاساسەروەر و دادپەروەر و یەکسان بەبێ یەکسانیی لە بەردەم یاساکاندا، بەدی نایەت.