سەرەتا ئینفۆگرافیک

سێ ڕەهەندەکەی ئازادیی ئایین و باوەڕ

ئازادیی ئایین و باوەڕ تەنیا مافێک نییە لە لایەن دەوڵەتەوە دەستەبەر بکرێت، بەڵکو بنەمایەکی جەوهەری بنچینەیی بوونی مرۆڤەکانە، هەمووان ئازادانە دەتوانن بەشوێن مانای ژیان و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێن، کە لە ژیاندا دێنە ڕێیان، نکووڵیکردن لەم مافە، واتە نکووڵیکردن لە سەربەخۆیی بیرکردنەوەی تاک و ناچارکردنی بە شوێنکەوتنی بە یەک بیروڕای دیاریکراو، لێرەدا گرنگە ئاماژە بە سێ ڕەهەندی سەرەکیی ئازادیی ئایین و باوەڕ بدەین.

یەکەم، مافی ڕەتکردنەوەی ویژدانیی، مرۆڤەکان دەتوانن بەژداری لەو کار و چالاکییانەدا نەکەن کە پێشێلی باوەڕی ڕەوشتی و ئاینییان دەکات لەڕێی ڕەتکردنەوەی ویژدانییەوە، باوەڕداران دەتوانن بەژداری چالاکییەکانی وەک: خزمەتی سەربازی و ڕێککارە پزیشکییەکان و ئەو فەرمانە حوکمییانە نەکەن کە لەگەڵ ویژدانیاندا ناکۆکە، زۆر گرنگە دەوڵەت خزمەتگوزاری و ڕێگەچارەیەکی جێگرەوەی وا دابنێت کە لەگەڵ باوەڕ و ویژدانی ئایینیی ئەو مرۆڤانەدا یەک بگرێتەوە، هەرچەندە ئەم مافە دەکریت پرسێکی ئاڵۆز بێت، بەڵام لە باسی ئازادی ئایین و باوەڕدا چارەنوسساز و ئێجگار گرنگە.

دووەم، ئازادیی پیادەکردنی ئایین و باوەڕ، ئازادیی پیادەکردنی ئایین و باوەڕ تەنیا لە پەرستندا کورت نابێتەوە و لایەنە جیاوازەکانی ژیانیش دەگرێتەوە، وەک" ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی دامەزراندنی کۆمەڵە و ڕێکخراو، دانان و دروستکردنی پەرستگا، بەژداریکردن لە چالاکییە خێرخوازییەکان، دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵانی تر، ئازادیی داواکردن و بەخشین و هاوکاریی، لەگەڵ ئازادیی هەڵبژاردنی ڕابەری ئایینی بەپێی نەریت و شێوازی بیرکردنەوەی ئایینێکی دیاریکراو".

سێیەم، ئازادیی هەڵبژاردنی دوور لە زۆرەملێ، هیچ بیانوو پاساوێکی سیاسی بوونی نییە تا مرۆڤێک ناچار بە گۆڕینی ئایین و باوەڕی بکرێت، بەڵام لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا، هەمیشە چەندان جۆری پێشێلکاری بەرانبەر بەم ئازادییە بەدی دەکرێن، هەندێک جار لە ڕێگای فشاری جەستەیی و دەروونییەوە، کەسێک ناچار بە گۆڕینی ئایین دەکرێت، جا چ لە واقعدا ئەم پێشێلکارییە ئەنجام بدرێت، یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێگەی بۆ خۆش بکرێت و دەوڵەت بە جددی لێی نەپرسێتەوە، زۆر جار خودی دامەزراوە حکومییەکان، دەسەڵاتی خۆیان بەکار دەهێنن تا تاک ناچار بە پەیڕەویکردن لە سیستەمێکی باوەڕی دیاریکراو بکەن، بۆ نموونە ئایینگۆڕین بکرێتە مەرج بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک خوێندن و دامەزراندن.