بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی واتە کۆتایی ژیان. وەها بەکارهێنانێک هەڕەشەیەکی نەبڕاوەیە بۆ سەر یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و یاسای مافەکانی مرۆڤ. چەکی ئەتۆمی بەو پێیەی چەکێکی کۆکوژە، بە سروشتی خۆی بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی پێشێل دەکات، کە بریتین لە جیاکردنەوە، گونجاوێتی و ئازاری ناپێویست.
ئەو چەکانە جیاوازیی لە نێوان جەنگاوەر و مەدەنیدا ناکەن، پاشماوە تیشکدەرە درێژمەوداکەشیان بەبێ جیاوازی، ئازاری خەڵک دەدات، بەوەش مادەی ٤٨ی پرۆتۆکۆلی زیادکراوی یەکەم بۆ پەیماننامەکانی جنێڤ تایبەت بە بنەمای جیاکردنەوە، پێشێل دەکات. بە هەمان شێوە، کاریگەریی نەگونجاویان، لەوانەش وێرانکردنی ژینگە و زیانی جێنەتیکی بە درێژایی چەند نەوەیەک، بنەمای گونجاوێتی پێشێل دەکات.
لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، بەکارهێنان یان هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، ڕستێک لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە، کە لە بەڵگەنامەی وەک پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا دەقیان لەسەر دراوە، بەتایبەت مافی ژیان، مافی تەندروستی و مافی ئاستێکی شیاوی بژێوی.
لە ١٩٩٦ دادگای نێودەوڵەتیی داد لە بۆچوونێکی ڕاوێژکارانەدا دەربارەی یاساییبوونی هەڕەشە یان بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکان ددانی بەوەدا نا، کە بەکارهێنانی وەها چەکێک بەگشتی پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە و پابەندبوونیش بە یاسای مرۆییەوە شتێکە لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نایەتەوە. مەترسی بەکارهێنانی ئەو چەکە، بەهۆی ڕوواوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئەوروپاوە (جەنگی ڕوسیا-ئوکراین)، زۆر زیاتر بووە.
لە پەیوەندیی بە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، هەرچەندە تا ئێستا چەکی ئەتۆمی بەکار نەهێنراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەزموونی لەگەڵ چەکی کیمیایی و تەقەمەنیی یورانۆمیدا هەیە، بەتایبەت لە سەروەختی شاڵاوەکانی ئەنفال لە ١٩٨٨ (ڕاستەوخۆ) و جەنگی عێراق لە ٢٠٠٣دا (ناڕاستەوخۆ). بە دیاریکراوی هێرشی کیمیایی بۆ سەر هەڵەبجە لە ١٩٨٨دا، ڕاستە بە چەکی ئەتۆمی نەبوو، بەڵام بەڕوونی نیشانی داین کە چۆن چەکی کۆکوژ لە باریدایە خەڵکی مەدەنی تەفروتونا بکات و چەندان دەیە ناوچەگەلێک گیرۆدە بکات.
یورانیۆمی بەکارهاتوو لە تەقەمەنیی هێزەکانی هاوپەیماناندا پاش جەنگی ٢٠٠٣، وەک هۆکارێکی هەڵکشانی ڕێژەی شێرپەنجە و شێواویی منداڵان لەقەڵەم دراوە، کە کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیمان بەبیر دێنێتەوە. بەو شێوەیە، گەر بێت و چەکی ئەتۆمی ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم ناوچەیە یان هەر ناوچەیەکی تردا بەکار بهێنرێت، ئەو ئاڵنگارییە مرۆییانەی ئێستا هەن، چەندهێندە دەکات و چەندان پرسیاری یاسایی و ئاکاریی گرنگ لە سایەی یاسای مرۆیی و یاسای مافەکانی مرۆڤیشدا، دەوروژێنێت.