نوێترینەکان

یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی و ناوەندی ئەیسەر لە لاهای واژۆ کرا

لاهای، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥ – ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی و ناوەندی ئەیسەر کە بنکەی سەرەکی لە لاهایە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. بە مەبەستی بەهێزکردنی کاری هاوبەش لە بوارەکانی یاسای نێودەوڵەتی، مافەکانی مرۆڤ، پەروەردەی یاسایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکە لە بنکەی سەرەکی ناوەندی ئەیسەر لە لاهای لە هۆڵەندا بەڕێوە چوو.
یاداشتنامەکە، چوارچێوەیەک بۆ هاوکاریکردن دادەمەزرێنێت، بە مەبەستی پەرەدان بە پرۆگرامی ڕاهێنان بۆ کەسانی ئەکادیمی و یاساناس، ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش لەسەر پرسە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی وەک یاسای مرۆیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها پشتیوانیکردن لە دامەزراندنی بەرنامەیەکی هاوبەش لە نێوان زانکۆکانی کوردستان. هاوکات لە یاداشنامەکەدا  ئاڵوگۆڕی زانیاری، هاوبەشیکردن بە پەیوەندییە پیشەییەکان، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی یاسای نێودەوڵەتی باس کراوە، ئەمەش دڵنیایی بە هەردوو لایەن دەدات، کە سوود لە پشتیوانی پیشەیی دەرەکی لە کاتی پێویستدا وەربگرن.
وەک بەشێک لەم هەماهەنگییە، ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی و ناوەندی ئەیسەر پرۆگرامێکی هاوبەشییان بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی  و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕەهەندە یاساییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، داڕشتووە. ئەم دەستپێشخەرییە بۆ زیادکردنی زانیاریی ئەکادیمی و زانستیی بۆ شارەزایان و یاساناسان لە هەمان کاتدا پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی یاسای نێودەوڵەتیدا، داڕێژراوە.
ئەحمەد زەنگەنە، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتی وتی: "ئێمە سەرنجمان لەسەر هێنانی شارەزای نێودەوڵەتییە بۆ بەهێزکردنی تواناسازیی نێوخۆیی، بۆ ئەوەی بناغەیەکی بەهێزمان هەبێت، کار دەکەین بۆ دروستکردنی پردێک و گرێدانی سیستەمی ناوخۆیی بە زانیاریی نێودەوڵەتییەوە."
دکتۆر کاسپەر ڤرۆلیک، بەڕێوەبەری کارگێڕیی ناوەندی ئەیسەر، پێشوازی لە یاداشتنامەکە کرد، تیشکی خستە سەر گرنگییەکەی، ڕایگەیاند "ئەم هەماهەنگییە هاوکار دەبێت لە پەرەپێدانی یاسای نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە ناوچەیەکدا کە ڕووبەڕووی چەندان ئاڵنگاری بوونەتەوە."
ئەم هاوبەشییە هەنگاوێکی گرنگە لە برەودان بە سەروەریی یاسا، بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکان، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستاندا.

دەربارەی ناوەندی ئەیسەر :
ناوەندی ئەیسەر ناوەندێکی توێژینەوەی سەربەخۆیە بۆ یاسای نێودەوڵەتی و ئەورووپی و سەر بە زانکۆی ئەمستردامە، بنکەی سەرەکی لە لاهایە. ئەرکی ناوەندی ئەیسەر بەشداریکردنە لە پەرەپێدانی یاسای گشتی و تایبەتی نێودەوڵەتی، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی یاسایی سەربەخۆ و بڵاوکردنەوەی زانیاری.