سەرتاوتار و شیکاری

تاوانی ئەنفال لەبەر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی

بەشى دووەم لە دوو بەش

پرۆسەی دامەزراندنی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٩/نیسانی/٢٠٠٣، دەسەلاتی کاتی هاوپەیمانان (CPA) لە ١٦/نیسان/٢٠٠٣ هەتا ٢٨/حوزەیران/٢٠٠٤ حوکمڕانیی عێراقی لە ئەستۆ بوو. دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان، بژاردەی جۆراجۆری لەبەردەستدا بوو بۆ چۆنێتیی دادگەییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، وەک دادگەییکردن لە ڕێگەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، دادگەییکردن بە هۆی دادگەیەکی تایبەتی نێودەوڵەتی وەک ئەوەی ڕواندا و یۆگۆسلاڤیا، دادگەییکردن بە هۆی دادگەیەکی تێکەڵاو کە تێکەڵاوێکە لە یاسا سزاییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەک دادگەی تایبەت بە سیرالیۆن و کۆسۆڤۆ یا دادگەیەکی سزایی ناوخۆیی. بەڵام بە بۆچوونی دەسەڵاتی کاتی لەو سەردەمە، دامەزراندنی دادگەیەکی سزایی عێراقی باشترین بژاردە بوو، چونکە دەیتوانی باشتر کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و هەروا لە لایەن عێراقییەکانەوە ڕەوایی زیاتری هەبوو. ئەوە بوو ئەنجومەنی حوکم یاسای ژمارە (١)ی بە ناوی (دادگەی تاوانی عێراق تایبەت بە تاوانە دژەمرۆییەکان) لە ١٠/کانوونی یەکەم/٢٠٠٣ دەرکرد بۆ بەسزا گەیاندنی بەرپرسانی ڕژیمی بەعس و، بە فەرمانی ژمارە (٤٨) لە هەمان ڕۆژ لە لایەن پۆل بریمەرەوە دەرچوو. سەرەتا کەسێک بە ناوی سالم چەلەبی بوو بە سەرۆکی دادگە و ستافی دادگەکە بە دادوەر، داواکاری گشتی، لێکۆڵەری دادوەری و فەرمانبەران سەرجەمیان عێراقی بوون، کە لە دەرەوەی وڵات ڕاهێنانیان پێکرابوو. لە سپتامبەری ٢٠٠٤ سالم چەلەبی بە تۆمەتی کوشتن لەسەر کارەکەی لادرا، هەرچەندە دواتر بێتاوان دەرچوو و پاشان عامر بەکری جێگەکەی گرتەوە.

دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانان لە کاتی دانانی دادگەی ئاماژەپێکراو ئامانجی ئەوە بوو، کە سوود لە کێشە و گرفتەکانی دادگەکانی ڕابردوو وەک دادگەی نێودەوڵەتی تایبەت بە یۆگۆسلاڤیا لە دادگەییکردنی میلۆسۆڤیچ وەربگرێت. جیاوازیی سەرەکیی دادگەی تاوانە دژەمرۆییەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەی یۆگۆسلاڤیا ئەوە بوو، کە ئەوەی یەکەم دادگەیەکی تەواو عێراقی بوو و ناوەڕۆکێکی ناوخۆیی و عێراقی هەبوو و لە چوارچێوەی یاساکانی ئەم وڵاتەدا کاری دەکرد.

پاش گواستنەوەی دەسەڵات بۆ عێراقییەکان،  یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠٠٥ دەرچوو کە بەپێی بەندی (٣٧)ی یاسای دادگەی تاوانی عێراق تایبەت بە تاوانە دژەمرۆییەکان هەڵوەشێنرایەوە. هەروا بەپێی بەندی (١) لە یاساکە هەر کەسێکی سروشتی چ عێراقی یا غەیرەعێراقی کە دانیشتووی عێراق بێت و تاوانەکانی هاتوو لە بەندەکانی (١١) و (١٢) و (١٣) و (١٤)ی ئەم یاسایە ئەنجام بدات لە ڕێکەوتی ١٧/٧/١٩٦٨ هەتا ١/٥/٢٠٠٣ لە کۆماری عێراق یا هەر شوێنیکی تر، ئەوا دەکەوێتە ژێر باواندارێتیی (ولایة) دادگەکە و تاوانەکانیش بریتین لە: تاوانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆیی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی یاساکانی عێراقی کە لە بەندی (١٤) ئەم یاسایەدا هاتوون. هەروا دادگەی ناوبراو بۆی هەیە بۆ لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ چاو لە ئەحکام و بڕیارەکانی دادگە سزاییە نێودەوڵەتییەکان بکات و پشتیان پێ ببەستێت.

دەسەڵاتەکانى دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق
بەپێی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق سەلاحیەتەکانی ئەم دادگەیە بریتییە لەمانەی خوارەوە:
١) سەلاحیەتی لە ڕووی کات: بەپێی بەندی ١/دووەم لە یاسای ئاماژەپێکراو سەلاحیەتی دادگە لە ڕووی کات لە ١٧/٧/١٩٦٨ هەتا ١/٥/٢٠٠٣ دیاریکراوە، واتە ماوەی ٣٥ ساڵ دەگرێتەوە، کە ئەویش سەردەمی فەرمانڕەوایی حزبی بەعسە لە عێراق.
٢) سەلاحیەتی لە ڕووی شوێن: بەپێی بەندی ١/دووەم لە یاسای دادگە، سەلاحیەتی دادگە لە ڕووی شوێن کۆماری عێراق یا هەر شوێنێکی تر دەگرێتەوە.
٣) سەلاحیەتی کەسیی (شخصي): سەلاحیەتی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە ڕووی کەسییەوە بەپێی بەندی ١/دووەم هەموو کەسێکی سروشتیی دەگرێتەوە چ هاووڵاتی عێراقی بێت یا ناعێراقی و دانیشتووی عێراق بێت. هەروا تەنیا کەسی سروشتی دەگرێتەوە و کەسی مەعنەوی ناگرێتەوە.
٤) سەلاحیەتی بابەتیی (موضوعي): لە ڕووی بابەتییەوە، بەپێی بەندی ١/دووەم چوار تاوان دەگرێتەوە کە بریتین لە: تاوانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆیی، تاوانی جەنگ و ئەو پێشێلکارییانەی یاساکانی عێراق کە لە بەندی (١٤) یاسای دادگەی باڵای تاوانەکان ئاماژەی پێکراوە.

دادگایی کەیسی ئەنفال
دادگەی لێکۆڵینەوە  پاش ئەوەی کە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی لە کەیسی ئەنفاڵ تەواو کرد، دادوەری لێکۆڵینەوە بە هۆی بوونی بەڵگەی یاسایی دژ بە تۆمەتبار سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیاویی، هاشم سوڵتان ئەحمەد، عەلی حوسێن ڕەشید، فەرحان موتلەگ جبووری، سابیر دووری و تاهیر ئەلعانی پاڵپشت بە بەندی ١٨/بڕگە سێیەم لە یاسای دادگە و بەندی ١٣٠/بڕگە ب لە یاسای بنەماکانی دادگەییکردنی سزایی عێراقی ژمارە (٢٣) ساڵی ١٩٧١  دۆسییەکەی ڕەوانەی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق کرد.

پرۆسەی دادگەی ئەنفال لە ٢١/ئاب/٢٠٠٦ دەستی پێکرد، کە تێیدا سەدام حوسێن و شەش کەسی تر دادگەییکران کە بریتیبوون لە: عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیاویی، هاشم سوڵتان ئەحمەد، عەلی حوسێن ڕەشید، فەرحان موتلەگ جبووری، سابیر دووری و تاهیر ئەلعانی. سەرەتا داواکاری گشتی دادگەکە مونقیز ئال فێرعەون، سەدام حوسێنی بە ئاراستەکردنی پرۆسەی ئەنفال تۆمەتبار کرد کە بووەتە هۆی مردنی پتر لە ١٨٢٠٠٠ کورد. ئال فێرعەون هەروا سەدامی بە تاوانی جینۆساید تۆمەتبار کرد و لەمبارەیەوە چەندین وێنەی گۆرە بە کۆمەڵەکانی خستە ڕوو کە لە شارەکانی باکوور و باشووری عێراق گیرابوون. هەروا داواکاری گشتی ڕایگەیاند کە پتر لە ٩٠٠٠ بەڵگەنامەی لەبەردەستە کە تۆمەتی جینۆساید لەسەر سەدام دەسەلمێنێت.

لە درێژەی پرۆسەی دادگەییکردن و لە ئەنجامی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان دەرکەوت، کە ئەو کردارانەی کە تۆمەتباران ئەنجامیانداوە بە مەبەستی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ بووە وەک کوشتنی بە ئەنقەست بە بێ دادگەییکردن، ڕاگرتنی نایاسایی، بەکارهێنانی ئامرازە نایاساییەکان و دوورخستنەوە و ڕاگواستن و بێبەشکردن و چەوساندنەوە و هتد، کە هەموو ئەم کردارانە بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخراو بوون و ئەنجامدانی بە پلانی پێشوەختە و داڕێژراو بووە، کە تۆمەتبار عەلی حەسەن مەجید لە وتەکانیدا لەبەردەم دادگە چەندین جار جەختی لەسەر ئەنجامدان و بەرپرسیارێتی خۆی لەم تاوانانە کردۆتەوە.

هەروا لە درێژەی دادگەییکردنەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگەنامەی فەرمی و بروسکە و نووسراوی جۆراجۆری یاسایی خرانە ڕوو کە نە تۆمەتباران و نە پارێزەرەکانیان تانەیان لە ساختەبوونیان نەدا و، بەمجۆرە دەبێتە بەڵگە لەسەریان و بەشداریی و ڕۆڵیان لەم تاوانە دڕندانەیەدا دەسەلمێنێت. هەربۆیە، پاڵپشت بەو بەڵگە و نووسراوە فەرمیانەی کە لە درێژەی پرۆسەی دادگەییکردندا خرانە ڕوو کە سەلمێنەری کرداری تۆمەتبارانە، هەروا دانپێدانانی هەندێک لە تۆمەتباران بە تاوانەکانیان و وتەی دادخوازان و شایەدەکان، کۆنووسەکانی لێکۆڵینەوە و پشکنین و ڕاپۆرتی شارەزایان، دادگە دڵنیا بوو لەو بەڵگە و قەرینانەی کە لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردندا خراونەتە ڕوو، هەربۆیە بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر ئەم کەیسە دەرکرد.

لە دانیشتنی ٦/١٢/٢٠٠٦ کە دوا بەشداری سەدام حوسێن بوو لە دادگەی ئەنفال، داواکاری گشتی دوا شایەدی بۆ دادگەکە بانگ کرد. پاش گوێبیست بوونی وتەکان، دادگە ڕایگەیاند کە دانیشتنەکە بۆ  ٨/١/٢٠٠٧ دوادەخات، بەڵام هەشت ڕۆژ بەر لەم ڕێکەوتە واتە لە ٣٠/١٢/٢٠٠٦ حوکمی لەسێدارەدان بۆ سەدام لەسەر کەیسی دوجەیل جێبەجێکرا و بەمجۆرە کەیسی ئەنفال بە لە سێدارەدانی سەدام بە ناتەواویی مایەوە. گەلی کورد کە لە ساڵانی فەرمانڕەوایەتی بەعس دەیان کارەساتی دڵتەزێنیان بەسەر هاتبوو، ساڵانێکی زۆر چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیان دەکرد کە دادپەروەریی دەربارەیان جێبەجێ بکرێت و قوربانیان بتوانن مافەکانی خۆیان بە دەستبهێنن، بەڵام بە لە سێدارەدانی سەدام حوسێن ئەو ئاواتە وەک پێویست بەدینەهات.

پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی سەرەڕای هەبوونی چەندین دۆسیەی تاوانی ترسناکی وەک ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی بارزانییەکان و ڕاگواستنی فەیلییەکان لە دادگەی باڵای تاونەکان، کەیسی دوجەیل کە لە چاو ئەواندا سووکتر بوو پێشخرا؟ هەروا بۆ ڕێگە نەدرا پرۆسەی دادگەییکردنی سەدام حوسێن لە کەیسەکانی تایبەت بە کورد وەک ئەنفال و کیمیاباران و هتد، بگاتە ئەنجامی کۆتایی خۆی؟ لری کاکس بەڕێوەبەری بەشی ئەمەریکای ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە دەڵێت: "لەسێدارەدانی خێرا و بە پەلەی سەدام حوسێن نادروست بوو. ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە کە بە هیچ جۆرێک دادپەروەریی دەرهەق بە قوربانییە بێ ئەژمارەکانی تاوانە دڕندانەکانی ئەو ڕەچاو نەکراوە. لە ڕاستیدا ئەم کارە هەلێکی ناسەرکەوتوو بوو بۆ دروستکردنی سەروەریی یاسا لە عێراقدا".

نزیکەی ساڵ و نیوێک پاش لە سێدارەدانی سەدام، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگە ڕەعد ئەلساعدی لە ئاخاوتنێکدا لە زانکۆی کریتۆن ئاماژەی بەم خاڵە کرد و وتی کە پرۆسەی لەسێدارەدانی سەدام لە ژێر چاودێریی دەسەڵاتی دادوەریدا نەبووە، بەڵکوو حکومەتی عێراق ئەم پرۆسەیەی بەڕێوە بردووە. کاردانەوەی کوردەکان لەمبارەیەوە نەرێنی بوو، نەک لە بەر ئەوەی کە لەسێدارەدانی سەدام ڕەوا نەبوو، بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی کەیسە گرنگەکانی کورد بە ناتەواویی بمێنێتەوە و گەلێک لە نهێنییەکانی ئەم دۆسیانە دێزە بە دەرخوونە کران و برانە ژێر گڵ. هەروەک چۆن ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست کاتی خۆی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لەسێدارەدانی سەدام لەسەر کەیسی دوجەیل بۆ کوردەکان زۆر جێی نائومیدی بوو، چونکە کوشتاری دوجەیل لە چاو دۆسیەی ئەنفال تاوانێکی بچووک بوو.

لە ٥٣ یەمین دانیشتنی دادگە لە ٢/٤/٢٠٠٧ داواکاری گشتی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە ٥٢ لاپەڕە پێشکەش بە دادگە کرد، کە تێیدا بە وردیی پەنجەی خستە سەر تاوانی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ لە شاڵاوەکانی ئەنفال، کە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە ئەنجامدرابوون. ئەوەی کە لەم راپۆرتەدا ئاماژەی پێکرابوو ئەمانەی لای خوارەوە بوون:

١) لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار کەس کە بەشێكی زۆریان منداڵ و ئافرەت بوون.
٢) بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لە جۆری غازی خەردەل، سارین و دەمار (اعصاب) کە بووە هۆی کوشتنی هەزاران سیڤیل کە بەشێکی زۆریان ئافرەت و منداڵ بوون.
٣) وێرانکردنی بە تەواوەتی هەزاران گوند و دەیان شار و شارۆچکە.
٤) وێرانکردنی هەزاران قوتابخانە و مزگەوت.
٥) بە تاڵانبردنی ماڵ و سامانی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی بەرفراوان.
٦) گرتنی خۆڕسکی گوندنشینەکان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان نەبوو.
٧) گرتنی خۆڕسک و ڕاگرتنی هەزاران کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و هێشتنەوەیان لە دۆخی برسیکردن، تینووکردن و بێبەشکردن بە بێ بڕیاری دادوەر.
٨) ڕاگواستنی هەزاران گوندنشین بە شێوەیەکی زۆرەملی.
٩) تێکدانی ژێرخانی ئابووریی گوندەکانی کوردستان لە کاتی هێرش و پەلامارەکانی سوپای عێراق دژ بە گەلی کوردستان.  

دادگە لە دوا دانیشتنی خۆیدا بەمجۆرە بڕیاری دا: لە ڕێکەوتی ٢٤/٦/٢٠٠٧ دادگەی دووەمی باڵای تاوانەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی دادوەر محەممەد عورێبی مەجید خەلیفە  و هەموو ئەندامەکانی پێکهات و بەمجۆرە بڕیارەکانی خۆی لە بارەی دۆسیەی ئەنفال ڕاگەیاند:

- لەبەر ئەوەی بەڵگەی پێویست نەبوو تاهیر تۆفیق ئەلعانی ئازادکرد.
- بڕیاری زیندانی کردنی هەمیشەیی بۆ تاوانبار فەرحان موتلەگ ساڵەح بڕییەوە.
- بڕیاری زیندانی کردنی هەمیشەیی بۆ تاوانبار سابر عەبدولعەزیز ئەلدووری بڕییەوە.
- بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تاوانبار سوڵتان هاشم ئەحمەد دەرکرد.
- بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تاوانبار حوسێن ڕشید تکریتی دەرکرد.
- بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ تاوانبار عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.
- لە ڕێکەوتی ٨/١/٢٠٠٧ ڕێکارە یاساییەکان دژ بە ئیدانەکراو سەدام حوسین مەجید ڕاگیران لەبەر مردنی و جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدان دژ بە نابراو بە هۆی ئیدانەکردنی لە کێشەی دوجەیل پاڵپشت بە ئەحکامی بەندەکانی (٣٠٠) و (٣٠٤) لە یاسای بنەماکانی دادگەییکردنی سزایی ژمارە (٢٣) ساڵی ١٩٧١.

ئەنجام
تاوانی ئەنفال، یەکێکە لەو تاوانە ترسناکانەی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم ئەنجامدرا و وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی نووستوو و حکومەتی عێراق دەمێنیتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە، چاوی داپۆشت لە ئاست دڕندەیی ڕژێمی ئەوسای عێراق بەرامبەر بە گەلی کوردستان. حکومەتی نوێی عێراقیش کە پاش ساڵی ٢٠٠٣ پێکهات، لە ئاست کەیسی ئەنفال و پرۆسەی دادگەییکردن کەمتەرخەم بوو و، بە لە سێدارەدانی سەدام حوسین وەک تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەکە، بە کردەوە وایکرد کە پرۆسەی دادگەییکردنەکە بە نیوە و ناچڵی بەڕێوە بچێت و نەگاتە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی. هەروا تەنانەت پاش ئەوەی کە دادگە لە بڕیارەکانی خۆی ئەنفالی وەک تاوانی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆیی و تاوانی جەنگ لە قەڵەمدا، حکومەتی عێراق تاکوو ئێستا ئامادە نەبووە دان بەم تاوانەدا بنێت وەک جینۆساید و داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات، تەنیا ئەوەندەیە پەرلەمانی عێراق وەک جینۆساید دانی بەم تاوانەدا ناوە. هەروا سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە، کە ئەمەیش یەکێکە لە ئەرکەکانی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر کەسوکاری قوربانیان و لە قۆناغی دادپەروەریی ڕاگوزاریی. جگە لەمەیش، لە سێدارەدانی بەپەلەی سەدام لەسەر کەیسی دوجەیل لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقی نوێ لەسەر کوشتنی ١٤٨ هاووڵاتی شیعە و، مەحکووم نەبوونی لە کەیسی گرنگی وەک ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و هتد، دڵی هاووڵاتیانی کوردی ئێشاند و، ئەو ڕاستییەشی سەلماند کە لە عێراقی نوێشدا ستەمەکان لەسەر کورد بە جۆرێکی تر بەردەوامن.

 بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کلیک لێرە بکە

سەرچاوەکان:
١) ئاسۆ کەریم، دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق و لێبوردنی گشتی، کۆنگرەی بەجیهانناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد، هەولێر ٢٦-٢٨ کانوونی دووەمی ٢٠٠٨، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٨.
٢) تەها سلێمان، تاوانی ئەنفالی ١٩٨٨ زانیاری و دیکۆمینت، دەزگای لێکۆڵینەوە بۆ جینۆساید و ئەنفال، چاپی یەکەم، ٢٠١٥.
٣) تەها سلێمان، جينۆسايدكردنی كوردستان، چاپی یەکەم، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠١٦.
٤) رضوان العید، جریمة الابادة الجماعیة في ظل القانون الدولي الإنساني، جامعة ابوبکر بلقاید تلمسان/الجزائر، رسالة الماجستیر، ٢٠١٤-٢٠١٥.
٥) زهیر کاظم عبود، محکمة الأنفال قراءة قانونیة، الطبعة الاولی، مٶسسة ئاراس، اربیل، ٢٠٠٨.
٦) زياد أحمد محمد العبادي، دور المحاكم الجنائية الدولية الخاصة في تحديد جريمة الإبادة الجماعية والمعاقبة عليها، الرسالة الماجستیر، كلية الحقوق/ جامعة الشرق الأوسط، عمان، ٢٠١٦.
٧) د.ستار عزیزی، حمایت از اقلیت ها در حقوق بین الملل، چاپ اول، انتشارات نور علم، همدان، ١٣٨٥.
٨) شایان سیداحمدی، عملیات انفال کردستان عراق در ترازوی حقوق بین الملل، چاپ اول، انتشارات خرسندی، تهران، ١٣٩٥.
٩) عصماني لیلی، التعاون الدولي لقمع الجرائم الدولیة، اطروحة الدکتوراە، جامعة وهران/الجزائر، ٢٠١٢-٢٠١٣.
١٠) علیرضا روستایی، نسل کشی فرهنگی در نظام حقوق بین الملل معاصر، چاپ اول، انتشارات جنگل، تهران، ١٣٩٥.
١١) عەدالەت عومەر ساڵح، شاڵاوی ئەنفال و کاریگەرییەکانی لەسەر باری ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی ئافرەتانی بەجێماوی ئەنفال، کۆنگرەی بە جیهانناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد (٢٦-٢٨ کانوونی دووەمی ٢٠٠٨)، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٨.
١٢) فاطمه عبدی، بررسي نسل كشی در عرصه بين الملل، فصلنامه علمی- حقوقی قانون یار، دوره اول،  بهار ١٣٩٦.
١٣) قاسم صالحی اقدم، بررسی عملیات انفال از منظر حقوق بین الملل با تأکید بر رأی دادگاە عالی کیفری عراق، پایان نامە کارشناسی ارشد حوقو بین الملل، دانشکدە حقوق دانشگاە بهشتی، زمستان ١٣٩٣.
١٤) د.مارف عومەر گوڵ، جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر ڕۆشنایی یاسای ازەی نێودەوڵەتاندا، چاپی پێنجەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠١٠.
١٥) مایکل جی.کلی، نس کشی در کردستان عراق صدام حسین و یک محاکمە ناتمام، ترجمە سربس نظری، چاپ اول، مٶسسە انتشارات امیرکبیر، تهران، ١٣٩٠

سەدام حوسەین لەبەردەم دادوەرێکى دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق - ٢٠٠٤