سەرتاوتار و شیکاری

پەیماننامەى جینۆساید لە گفتووگۆکانى نەتەوەیەکگرتووەکاندا


لە دواى شکستهێنانى لە کۆنفرانسى مەدریدى ساڵى ١٩٣٣ لە قایلکردنى ئەنجوومەنى گەلان، لیمکین بەردەوام دەبێت بۆ بە مەنزەڵگەیاندنى خەونەکەى، پاش دامەزراندنى نەتەوەیەکگرتووەکان دەستدەکات بە لۆبیکردن و داکۆکیردن لە تێزەکەى، جۆن هامپەر کە ئەوکات بەرپرسى یەکەى مافى مرۆڤى نەتەوەیەکگرتووەکان بوو دەڵێ:

"بە درێژایى مێژوو ڕوینەداوە کەسێک بە تەنها ئەو هەموو کۆششە بکات وەک ئەوەى لیمکین کردى، بۆ هەرکوێ بڕۆشتنایە ئەو لەوێ بوو، رۆژانە سەردانى کۆمیتە و بەشەکانى رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئۆفیسى نوێنەرایەتى دەوڵەتەکانى دەکرد، بە هەفتە لە بەردەم دەرگاى نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەوەستا و هەر فەرمانبەر و دیپلۆماتێک بەوێدا برۆشتایە، تاوانى جینۆساید و گرنگى دەرکردنى پەیماننامەیەک بۆ بەرلێگرتن و سزادانى ئەو تاوانەى بۆ ڕووندەکردنەوە."

لیمکین پوختەیەک لەسەر گرنگى یاسایەک بۆ بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەنوسێت و لەگەڵ کتێبەکەیدا بۆ یەکەمجار پێشکەشى سەرۆکى پێشووى پەنەما کە ئەوکات نوێنەرى وڵاتەکەی بوو لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، بۆ رۆژى دواتر نوێنەرایەتى پەنەما لە نەتەوەیەکگرتووەکان لیمکینى ئاگادارکردەوە کە ئەمان واژووى ئەو پێشنیارە دەکەن و ئامادەن لەبەردەم ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکاندا پێشنیاری بکەن، دواتر پێشکەشى نوێنەرایەتى کوبا لە نەتەوەیەیەکگرتووەکان دەکات و ئەوانیش واژۆى دەکەن، دوو دەوڵەتى بچووکى خاوەن هەیمەنە لە کیشوەرى ئەمریکاى لاتین، ئەو کیشوەرە ئەوکات بیست ئەندام لە کۆى پەنجاو یەک ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان پێکدەهێنن، پاشان لە نوێنەرایەتى دەوڵەتى هندستان لە نەتەوەیەکگرتووەکان نزیکدەبێتەوە و دەنگى ئەوانیش بەدەستدەهێنێت. 

هەرسێ دەوڵەتى پەنەما، کوباو هندستان کۆ-سپۆنسەرى بیرۆکەکە دەکەن و دەخرێتە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەى کۆمیتەى یاسایی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەوکات وڵاتى پەنەما سەرۆکایەتى دەکرد و بە کۆمیتەى شەشەم ناسرابوو، پاشان کۆمیتەکە داوا لە سکرتێرى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات کە یاسایەک بۆ بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەربکرێت، سکرتێرى نەتەوەیەکگرتووەکان بە هەمانگى لەگەڵ بەشى مافى مرۆڤى نەتەوەیەکگرتووەکان (Human Rights Division) و بە میواندارى سێ شارەزا کە یەکێکیان رەفایل لیمیکن خۆیەتى، پرۆژەڕەشنووسى پەماننامانەکە دەنوسن و شارەزایانیش سەرنج و ڕاوبۆچوونى خۆیان لەپێناو ڕوونکردنەوەى زیاترى ماددە و بڕگەکان دەخەنەڕوو، ئەم ڕەشنووسە بە ڕەشنووسى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان دەناسرێت، پاشان دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەروارى ١١ى دیسەمبەرى ١٩٤٦ ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارى (GA/Res/96-I) دەردەکات کە بۆ یەکەمجارە وشە و تاوانى جینۆساید لە رێکخراوێکى نێودەوڵەتیدا ناویبهێنرێت و بە بەشێک لە یاساى نێودەوڵەتى بناسرێت، هەر لەو بڕیارەدا ئەم پڕۆژەڕەشنووسە هاوپێچ دەکرێت، بڕیارەکە لە دووبەش پێکدێت.

یەکەم: تاوانى جینۆساید ڕووندەکاتەوە و باسى گرنگى دەرچوارندنى یاسایەک بۆ بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەکات:

"جینۆساید بریتییە لە نکۆڵیکردن لە مافى ژیانى سەرجەم گرووپە جیاوازەکانى مرۆڤایەتى، هەروەک چۆن کوشتن (Homicide) بریتییە لە نکۆڵیکردنى مافى ژیانى تاکەکانى مرۆڤایەتى،[1] ئەم نکۆڵیکردن لە مافى ژیانە بوەتە هۆى  شۆکێک لە ویژدانى مرڤایەتى و خەسارەتێکى گەورە، کە پێچەوانەى بنەما مۆراڵییەکان و ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکانە.
نموونەگەلى زۆر هەن کە تاوانى جینۆساید دژى گرووپە دینى و نەژادى و سیاسییەکان و گرووپەکانى تریش روویانداوە، کە بووەتەهۆى لەناوبردنى بەشێک یان تەواوى ئەو گرووپانە. هەربۆیە دەبێت بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید مژارى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بێت."

 دووەم: بانگهێشتى دەوڵەتەکان دەکات بۆ دەرکردنى یاسایەک لەسەر ئەم مژارە و ئەنجوومەنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان ڕادەسپێرێت بۆ چاوپێداخشانەوەى پڕۆژەڕەشنووسى پەیماننامەکە و دەستکردن بە دانووسان لە پێناو گەشتن بە کۆدەنگی.

لەسەرەتادا پڕۆژەڕەشنووسەکەى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە هەمانگى لەگەڵ شارەزایان و کۆمیتەى مافى مرۆڤى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان نوسرابوو، ئاراستەى ئەنجوومەنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت، پاشان ئەنجوومەنەکە کۆمیتەیەکى تایبەت (Ad Hoc Committee) بۆ دادەمەزرێنێت و کارەکە بەو کۆمیتەیە دەسپێرێت، ئەو کۆمیتەیەش لە ماوەى چەند مانگێکدا لەبەر ڕۆشنایی پڕۆژەرەشنووسەکەى سکرتێرى گشتی و سەرنجى وڵاتان لەسەر ڕەشنووسى پەیماننامەکە، دەست دەکات بە پرۆسەکانى نوسینەوەى پڕۆژەرەشنووسێکى نوێتر، هەر لەو کاتەى ئەم کۆمیتەیە سەرقاڵى گفتوگۆکانە، چوار دەوڵەتى تر پڕۆژەڕەسنووس لەسەر هەمان مژار ئامادە دەکەن و پێشکەشى کۆمیتەکەى دەکەن، کە ئەوانیش یەکێتى سۆڤیەت، وڵایەتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا، چین و فەرەنسا، لە کۆتایدا ئەم کۆمیتەیە رەشنووسێکى تر ئامادە دەکات کە بە رەشنووسى کۆمیتە تایبەتەکە ناسراوە. دواتر ئەم کۆمیتەیە پرۆژەڕەشنووسەکەى خۆى دەنێرێتەوە بۆ سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەویش جارێکیتر دەینێرێتەوە بۆ کۆمیتەى شەشەمى نەتەوەیەکگرتووەکان بە مەبەستى دوا چاوپێداخشاندنەوە، پاشان کۆمیتەى شەشەم بە ئامادەبوونى نوێنەرى وڵاتان دواچاوپێداخشانەوەى بۆ دەکات و جارێکتر ئەمیش پرۆژەڕەشنووسێکى تر ئامادە دەکات کە بە ڕەشنووسى کۆمیتەى شەشەم ناسراوە، پاشان ئاراستەى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانى دەکات و ئەویش دەیخاتە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەى سێهەمى ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە و لە بەروارى ٩ى دیسەمبەرى ١٩٤٨ ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ لەسەر دوا پڕۆژەڕەشنووسى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەدەن و پەیماننامەکە بە پێى بڕیارى (A/RES/3/260) ڕەزامەندى لەسەر دەدرێت.

لە ساڵانى نێوان ١٩٤٦ هەتا ١٩٤٨ کە پەیماننامەکەى تێدا دەرکرا، ٣٣٧ گفتوگۆى فەرمى لەسەر پرۆژەى پەیماننامەکە لە ناو نەتەوەیەکگرتووەکاندا کراوە و تێیدا ئۆرگان، ئەنجوومەن، بەش و کۆمیتەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتى دەوڵەتەکان سەرج و پێشنیارى خۆیان تێدا خستووەتەڕوو.
لە ماوەى پرۆسەکانى گفتووگۆ و دانوسان بۆ ئامادەکردنى پەیماننامەکە، لە پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمەوە هەتا دەرکردنى پەیماننامەکە خەسڵەتەکانى تاوانى جینۆساید زۆر گۆرانکارى بنچینەیی تێدا روویدا، لەوانە پێناسەى تاوانى جینۆساید، گرووپە پارێزراوەکان، ئامڕازەکانى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید و بەرپرسیارێتى دەوڵەتەکان بۆ بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید.

 پەیماننامەکە بە سێ قۆناغى پرۆژەڕەشنووسدا تێپەرى، یەکەم: پرۆژەڕەشنووسى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، دووەم: پرۆژەڕەشنووسى کۆمیتەى تایبەت، سێهەم: پرۆژەڕەشنووسى کۆمیتەى شەشەم. بۆ ئەوەى سەرلێتێکچوون دروست نەبێت لێرە بە دواوە بە پرۆژەڕەشنووسى یەکەم، دووەم یان سێهەم ناوى دەبەین.
گرنگترین تایبەتمەندى پڕۆژەڕەشنووسى یەکەم ئەوەبوو کە سەرجەم تێزەکەى لیمکینى لە خۆگرتبوو، چونکە لەم قۆناغەدا لیمکین یەکێکە لە ئەندامانى ئامادەکردنى ڕەشنووسەکە. لە ڕەشنووسى یەکەمدا گروپە پارێزراوەکان ژمارەیان پێنج گروپە ئەوانیش گروپەکانى (نەژاد، نەتەوەیی، دینى، ڕامیارى و زارى)ن، بەڵام هەر لەکاتى گفتوگۆکاندا لیمکین تێبینى لەسەر گروپە ڕامیارییەکان هەیەو پێیوایە جیاوازییە ڕامیارییەکان جیاوازییەکى کاتییە و پەیوەست نییە بەو پێدراوانەى کە مرۆڤ لەکاتى لە دایکبووندا بەدەستى دەهێنێت، نوێنەرایەتى چەند دەوڵەتێکیش تێبینى ئەوەیان هەبوو کە بیڕووڕاى سیاسى پەیوەندى بە ویست و مافى تاکەوە هەیەو بەشێک نییە لە مافە دەستەجەمعییەکان، بۆیە لە کۆبوونەوەى ژمارە ١٢٨ى پڕۆژەڕەشنووسى سێهەم، بە شێوەى دەنگدان، گرووپى ڕامیارى لەناو پەیماننامەکە دەرکرا، ئەمەریکا داوایکرد گروپى ئابوورى بۆسەر لیستى گرووپە پارێزراوەکان زیادبکرێت، بەڵام هەرزوو ئەمەش رەخنەى لێگیراو رەتکرایەوە. دواتر لە پڕۆژەڕەشنووسى دووەمدا گروپى زارى وەکو گروپێکى پارێزراو لادەبرێت. نوێنەرایەتى وڵاتى سوید لەکاتى گفتوگۆکانى پرۆژەڕەشنووسى سێهەمدا داوادەکات گروپى نەژادى (Ethnical) بۆ سەرلیستى گروپە پارێزراوەکانى پەیماننامەکە زیادبکرێت، بیرۆکەکە پێشوازى لێدەکرێت و زیاد دەکرێت، نوێنەرى وڵاتى هایتى لە کاتى پشتگیرى ئەم بیرۆکەیەدا دەڵێت "ڕەچەڵەکە جیاوازەکانى ناو نەژادێک یان نەتەوەیەک لە دەستی یەکتر پارێزراوتر دەبن"، کە ئەمەش لە ساڵى  ١٩٩٤ و دواى نزیکەى نیو سەدە، ئەم پێشنیارە خزمەتێکى گەورەى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا دەکات، چونکە جینۆسایدى تووتسیەکانى ساڵى ١٩٩٤ بە دەستى هووتووەکان، کە نزیکەى یەک ملیۆن قوربانى لەماوەى کەمتر لە سەد رۆژدا لێکەوتەوە، هەردوو گرووپ یەک دین و یەک نەتەوەو یەک نەژادبوون، بەڵام ڕەچەڵەکیان جیاواز بوو. لە کۆتا دەقى پەیماننامەکەدا تەنها چوار گروپ وەکو گروپى خاوەنپارێزبەندى دانیپێدانرا و ناسێنرا، ئەوانیش گروپە نەتەوەیی، دینى، ڕەچەڵەکی و نەژادییەکان بوون.

یەکێکیتر لەو بابەتانەى کە لە کاتى مشتومڕ و گفتوگۆکانى نوسینەوەى پڕۆژەڕەشنووسەکاندا زۆرترین ناکۆکى لەسەر بوو، میکانیزم و شێوەکانى ئەنجامدانى جینۆساید بوو، لە پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمدا کە پشتى بە تێزەکەى لیمکین بەستبوو، میکانیزمەکانى ئەنجامدانى جینۆسایدى بەسەر سێ شێوەدا دابەشکردووە، ئەوانیش؛ جینۆسایدى فیزیکى، جینۆسایدى بایۆلۆژى و جینۆسایدى کولتووریی.
بە پێى پڕۆژەڕەشنووسى یەکەم، حینۆسایدى فیزیکى بریتییە لە:

"١. لەناوبردنى یەکجارەکى یەکێک لە گرووپە پارێزراوەکان یان کوشتنى چەند کەسێکى سەر بەو گروپە، ٢. درووستکردن و سەپاندنى جەوروستەم بۆ یەکێک لە گروپە پارێزراوەکان، ئەویش لە رێگەى فەراهەمنەکردنى بە ئەنقەستى پێداویستییەکانى ژیان، لە چەشنى؛ خانووبەرە، جلوبەرگ، خواردن، پێداویستى تەندروستى، یان هەر پێداویستیەکى تر کە ببێتە هۆى لەناوبردنى تاکەکانى سەر بە گروپێکى پارێزراو، ٣. بڕینەوەى ئەندامانى جەستە و بەکارهێنانى تاکەکانى ئەو گروپە لە تاقیکردنەوە زانستییەکاندا، ٤. ڕیگریکردن لە ئامڕازە سەرەتایەکانى ژیان لە رێگەى دەستبەسەراگرتنى ماڵوموڵک، فەرهوودکردنى شمەک، وێرانکردنى خانووبەرە و ئامڕازەکانى مەعیشەتى ژیان."

بارى سەرنجى داڕێژەرانى پڕۆژەڕەشنووسەکە ئەوەیە کە جگە لە کوشتنى ڕاستەوخۆ ئەگەرى ئەوە هەیە بۆ کوشتن و لەناوبردنى گروپێک میکانیزمی تریش بگیرێتەبەر، ئەمەیان ناوناوە "کوشتنى لەسەرخۆ"، نموونە بەوە دەهێننەوە کە لە کامپەکانى کارکردنى زۆرەملێدا تاکەکانى سەر بە گروپێکى دیاریکراو ڕاستەوخۆ نەدەکوژران بەڵکو خرابوونە ژێر جەوروستەمێکى زۆرەوە کە رێژەى مردن لەو کەمپانەدا بەهۆى نەبوونى پێداویسیتییەکانى ژیانەوە سی لە سەد زیاتر بوو لە رێژەى مردن لە ژیانێکى ئاساییدا، هەروەها ماڵوموڵکى ئەو کەسانەى کە سەر بە گروپێکى دیاریکراوبوون کرابوونە ئامانج و دەستى بەسەردا دەگیرا یان فەهوود دەکرا و دەڕوخێنرا.
لە پرۆژەرەشنووسى دووەمدا ئەو بڕگەیە دەستکاریکرا، ئەمە لە برى چەسپێنرا:

"١. کوشتنى ئەندامانى گروپێک، ٢. پەکخستى چونییەکى و یەکگرتوویى گروپێک، ٣. سەپاندنى جەوروستەمى ژیان و تەگەرەخستنەڕیى ژیان بە شێوەیەک کە سەربکێشێت بۆ مردن"

پاش گفتووگۆى زۆر و ئاڵوگۆرى سەرنجى شارەزایان و نوێنەرى دەوڵەتەکان، ئەو بڕگەیەى سەرەوە وەکو کۆتا دەقى جینۆسایدى فیزیکى لە پرۆژەڕەشنووسى دووەمدا چەسپا، بەڵام لە پرۆژە ڕەشنووسى سێهەمدا دیسانەوە گۆرانکارى تێداکرا و بڕگەى دووەمى لابرا.
بە پێى پرۆژەڕەشنووسى یەکەم، جینۆسایدى بایۆلۆژى بریتییە لە:

"١. خەساندن و بەزۆر لەباربردن، ٢. لە یەکتر دابڕینى نێرو مێ، ٣. تەگەرەخستنەبەر هاوسەرگێرى لە نێوان ئەندامانى گروپێکى پارێزراودا"

جینۆسایدى بایۆلۆژى لە پڕۆژەڕەشنووسى دووەمدا بە تەواوى لابراو لە برى ئەوە تەنها بە یەک خاڵ گوزارشتى لێکرا، دواتر و لە پڕۆژەڕەشنووسى سێهەمدا هەروەک خۆى مایەوە و لە پەیماننامەکەدا جیگیرکرا، ئەویش:

"سەپاندنى ڕێوشوێنێک کە ببێتەهۆى ڕیگریکردن لە وەچەخستەوە"

میکانیزم و فۆرمى سێهەمى ئەنجامدانى جینۆساید، جینۆسایدى کولتووریە، ئەم شێوە لە جینۆساید پڕکێشمەکێشترین تەوەرى گفتوگۆکانى هەرسێ پرۆژەڕەشنووسەکە بوو، لە پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمدا بەشێک بەناوى جینۆسایدى کولتووریەوە جێگیرکرا، لەو بەشەدا بە پێنج خاڵ ئەم میکانیزمەى جینۆساید باسکراوە، لیمکین لەسەر ئەم بەشەى پڕۆژەڕەشنووسى یەکەم سەرنجەکەى ئەوەیە کە ئەگەر جینۆسایدى کلتۆرى گرووپە پارێزراوەکان قەدەغەنەکرێت ئەوا مانایەک بۆ پاراستنى ئەو گروپانە نامێنێتەوە، چونکە ئەوان لەسەر خوانى تایبەمەندییە کلتورییەکانیان کۆبوونەتەوە و بە وێرانکردنى ئەو تایبەتمەندى و جیاوازییە کولتووریانە، ئەو گرووپانە لەبەریەک هەڵدەوەشێنەوە.
ڕێگاکانى جینۆسایدى کولتوورى لە پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمدا بەم شێوەیە بوو:

"١. گواستنەوەى منداڵ لە گروپێکى پارێزراوەوە بۆ گروپێکى تر، ٢. دوورخستنەوەى ئەو ئەندامانەى کە نمایندەى گروپێکى پارێزراو دەکەن، ٣. قەدەغەکردنى بەکارهێنانى زمانى نەتەوەیی، ٤. تەفروتوناکردنى ئەو کتێبانەى کە بە زمانى نەتەوەیی ئەو گروپانە نوسراون، یان تێکدانى توراسە دینییەکانیان، یان قەدەغەکردنى نوسین و بڵاوکردنەوەى ئەو کتێبە نوێیانەى بە زمانى نەتەوەیی ئەو گرووپانە دەنوسرێن، ٥. کاولکردنى شوێن و شوێنەوارە مێژوویی و ئاینییەکان، یان بەکارهێنان بۆ مەبەستێکى تر، یان تەفروتووناکردنى بەڵگە مێژوویی و هوونەرى و دینییەکان"

دانانى بڕگەى قەدەغەکردنى گواستنەوەى منداڵ لە گروپێکى پارێزراوەوە بۆ گروپێکى تر لە جینۆسایدى کولتووریدا، مەبەست لەوەیە کە ئەو منداڵە لە گرووپەکەى خۆى دادەبڕیت و کولتوورى ئەو گرووپە وەردەگرێت کە ئەو منداڵەى بۆ گواستراوەتەوە، بەمەش گرووپە پارێزراوەکە لە کەمترین کاتدا تەرتووپەرت دەبن و لەناودەچن. سەبارەت بە دوورخستنەوەى ئەو ئەندامانەى کە نمایندەى گروپێکى پاررێزراو دەکەن، مەبەست لە دوورخستنەوەى ئەو کەسانەیە کە مەقامێکیان لە پەیکەرى گرووپەکەدا هەیە وەک؛ ڕۆشنبیر، هونەرمەند، نوسەر، مامۆستا، پیاوانى ئاینى، پزیشک، پارێزەر و ئەندازیاران. بە دوورخستنەوەى ئەو کەسانە لە گرووپەکە، ئەوا گروپەکە وەک کیانێکى بێبەرهەم و بێڕوح دەمێنیێتەوە و کاریگەرى لەسەر مانەوەیان درووستدەکات و بەرەو داڕوخانیان دەبات.

لە پرۆژەڕەشنووسى دووهەمدا، ئەو بابەتەى کە زۆرترین گفتووگۆى لەسەرکرا جینۆسایدى کولتوورى بوو، بڕگە و ماددەکان گۆڕانکارى تێدادەکرێت و بەم شێوەیە دادەڕێژرێتەوە:

  "١. قەدەغەکردنى بەکارهێنانى زمانى گرووپێکى پارێزراو لە گفتووگۆ ڕۆژانەیەکان، قوتابخانە، نوسینى کتێب یان هەر بڵاوکراوەیەکى تر، ٢. قەدەغەى بەکارهێنان یان تێکدانى کتێبخانە، مۆزەخانە، قوتابخانە، مۆنۆمێنتى مێژوویی، پەرستگا یان هەر شوێنێکى ترى کلتورى"

لە میانەى گفتووگۆکانى پڕۆژەڕەشنووسى دووەمدا بەشێک لە وڵاتان پێشنیارى ئەوەیانکرد کە ئەو مادەیەى باسى گواستنەوەى منداڵان دەکات لە گروپێکەوە بۆ گروپێکى تر لە بەشى جینۆسایدى کلتوریدا دەربکرێت و بخرێتە سەر بەشى جینۆسایدى فیزیکى، نوێنەرى هەندێ وڵاتیش داواى ئەوەیانکرد بە تەواوى جینۆسایدى کولتوورى نەمێنێت، بەڵام لە کۆتایدا بڕیاریان لەسەر مانەوەى ئەو دوو خاڵەى سەرەوە دا و دوابڕیاریان بۆ کۆمیتەى شەشەم جێهێلا، کۆمیتەى شەشەمیش کە ئەرکى چاوپێداخشانەوەى ئەم پرۆژەڕەسنووسەى لە ئەستۆ بوو و دواتر ئەویش پڕۆژەڕەشنووسى سێهەمى لەبەر ڕۆشنایی دووەم نوسیەوە، پاش گفتووگۆیەکى زۆر بە تەواوى جینۆسایدى کولتووریان لە پەیماننامەکە دەرکرد، چونکە بەشێک لە نوێنەرى وڵاتان پێیان وەهابوو کە دەکرێت قەدەغەکردنى تێکدانى کولتوورى لە پەیماننامەکانى ترى مافەکانى مرۆڤدا جێبکرێتەوە، هەندێکى تر جینۆسایدى کولتوورى بە بەراوەرد بە جینۆسایدى فیزیکى بە بێبایەخ ناوبرد، بەشێکیشیان لە ڕووى جێبەجێکردنى یاساییەوە ئاماژەیان بە ئەستەمى سەلماندن و رێکارەکانى دادبینیکردن لە تاوانى جینۆسایدى کلتوریدا کرد، بەڵام بەشێک لەو وڵاتان لە گەڵ مانەوەیدا بوون، تا ئەو کاتەى نوێنەرى وڵاتى دانیمارک کۆتایی بەو جەدەلە دەهێنێت و دەڵێت:

"شتێکى نا لۆجیکى و بێمانایە کە کوشتنى بە کۆمەڵ و داخستنى دەرگاى کتێبخانەیەک وەک یەک تاوان و لەناو یەک پەیماننامەدا قەدەغەبکەین."

بۆیە جینۆسایدى کولتوورى بە تەواوى لە پەیماننامەکەدا لابرا، بەڵام دواى نزیکەى نیو سەدە و پاش دامەزراندنى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا، تێکدان و سڕینەوەى کولتوورى وەک کارایەکى یاریدەدەر و بەڵگەیەک لە دادگاکەدا بۆ سەلماندنى تاوانى جینۆساید ئەژمارکرا، دادگاکە دەڵێت:

"بە تەنها تێکدانى کولتوورى و کۆمەڵایەتى لە پێناو تەفروتووناکردنى گروپێک ناچێتە ژێر کردە قەدەغەکراوەکانى تاوانى جینۆسایدەوە، بەڵام کاتێک لەگەڵ تێکدانى کولتووریدا، لەناوبردنى فیزیکى و بایۆلۆژى ئەندامانى گرووپەکە هەبێت، ئەوا دەکرێت سڕینەوەى کلتوورى وەکوو بەهانە و بەڵگەیەکى جددى لێى بڕوانرێت کە لایەنى جێبەجێکارى تاوانى جینۆساید مەبەستییەتى ئەو گرووپە لەناوبەرێت."

دواى گفتووگۆ و مشتومڕى پرۆسەکانى نووسینەوەى پەیماننامەکە، لە کۆتایدا، گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى، کردە و ئامڕازەکانى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید لە پەیماننامەکەدا بەم شێوەیە چەسپێنرا:

"جینۆساید، ئەنجامدانى ئەم کردانەى خوارەوەیە، بە مەبەستى (ویستى) سڕینەوەى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپێکى نەتەوەیی، نەژادى، ڕەچەڵەکى، یان ئاینى. کردەکانیش تەنهاو تەنها ئەمانەن:
١. کوشتنى ئەندامانى گرووپێک، ٢. زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونى بە ئەندامانى گروپێک، ٣. خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گروپێک بە مەبەستى لەناوبردنى تێکڕا یان بەشێکیان، ٤. سەپاندنى ڕێکارێک بە مەبەستى بەربەستدانان لە زاوزێکردنى گروپێک، ٥. بە زۆر گواستنەوەى منداڵان لە گرووپێکەوە بۆ گرووپێکى تر."

بە پێى ئەو پێناسەیەى سەرەوە، تاوانى جینۆساید چەند پێکهاتەیەکى هەیە، کە مەرجە سەرجەم ئەو پێکهاتانە پێکەوە بەدیبێن تاکو تاوانى جینۆساید ڕووبدات، واتە بە نەبوونى یەکێک لەو پێکهاتانە، ئەوا تاوانى جینۆساید ڕووینەداوە، وەک هەر تاوانێکى ترى ئاسایی پێکهاتەکانى تاوانى جینۆساید دابەش دەبن بەسەر دوو پایەدا، یایەى بەرجەستە، لەگەڵ پایەى هۆشمەندى:

یەکەم: پایەى بەرجەستە بریتییە لە یەکەم هەنگاوى کردنى کردەى تاوانکارى تاوانى جینۆساید، ئەوانیش سێ پێکهاتەن؛ أ. بەلایەنى کەمەوە یەکێک لەو پێنج کردەیە ڕووبدات، ب. بەرانبەر یەکێک لە گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى بێت کە تەنها و تەنها گرووپى (نەتەوەیی، نەژادى، ڕەڵەکى و ئاینی)ن، ج. تێکڕا یان بەشێکى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى لەناوبچێت.
دووەم: پایەى هۆشمەندى بریتییە لە ویستى کردنى تاوان، واتە ئەنجامدەران بەوپەڕى هۆشمەندیەوە کردەى تاوانکارییەکە ئەنجامدەدەن، ئەمەش پێى دەوترێت ویستى لە ناوبردنى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى.

 

________________________________
[1] لەبەر ئەوەى ئەمە یەکەمجارە وشەى جینۆساید لە ناو بڕیارى نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەکاردەهێنرێت و خەڵکى ئاشناى ئەو چەمکە نەبوو، بۆیە دەیانەوێ لە رێگەى وشەى (Homicide) واتە (کوشتنى تاک) بەراوردى وشەى (Genocide) واتە (کوشتنى کۆمەڵ) بکەن.

 


بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى سێهەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى چوارەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى پێنجەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى شەشەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى حەوتەم کرتەى ئێرە بکە.

کۆبوونەوەی خوولى سێهەمى ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگراتووەکان ساڵى ١٩٤٨، ئەو خوولەى پەیماننامەکەى تێدا پەسەندکرا

# هاشتاگ

جینۆساید