سەرتاوتار و شیکاری

پابەندێتییەکانى دەوڵەت لە تاوانى جینۆسایددا

بەشی شەشەم

یەکێک لەو بابەتانەى کە زۆرترین مشتوومڕى لە کاتى نووسینەوەى پڕۆژەڕەشنووسەکاندا لەسەر کرا مژارى بەرپرسیاربوون بوو لە لایەن دەوڵەتەوە، ئاخۆ دەوڵەت چۆن بەرپرس دەبێت لە کاتى ڕوودانى جینۆسایددا؟ ئایا دەوڵەت وەک کیانێکى ئەبستراکت، فەرمانڕەوا و لێپرسراوە سیاسیى و سەربازییەکانى وەک تاک بەرپرس دەبن؟ ئەو بەرپرسیارییەتیانە چین کە دەبێت دەوڵەت شانى بە بەربدات و لە چی کاتێکدا دەوڵەت پێشێلى ئەرکەکانى کردووە؟ چۆن دەوڵەت بەرپرسیار دەبێت و چۆن سزا دەدرێت؟  هەتا چ ئاستێکى حکومڕانى و تا کام پلەى فەرمانڕەوایی هەڵسوڕێنەرانى دەوڵەت بەرپرس دەبن؟ بەشێک لەو پرسیارانە هەتا ئێستا وەڵامى نەدراوەتەوە و لە ژێر کنەوپشکنینى زیاتردان، بەشێکیشیان بە پێى ڕەوتى ڕووداوەکان و ڕەوشى تاوانەکە بڕیاری لێدەدرێت، بەڵام ئەوە بە ماناى ئەوە نایەت کە چوارچێوەیەکى گشتى بوونى نەبێت.

لە پرۆژەڕەشنووسى یەکەمدا تەنها هاوڵاتى سرووشتى پابەندى بەرپرسیارێتى دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەوڵەت و کەسى مەعنەوى وەک بەرپرسیار ناناسێنێت، ئەو ماددەیەى کە دەرگیرى مژارى بەرپرسیارێتییە لە پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمدا بەم شێوەیە نوسراوە:

"ئەو کەسانەى کە تاوانى جینۆساید ئەنجامدەدەن پێویستە سزا بدرێن، ئەوانیش بریتین لە؛ حکومڕانەکان، ئەوانەى پلەیەکى فەڕمى دەوڵەتیان بە دەستەوەیە، یان هەرکەسێکى ئاسایی."

 کاتێک پڕۆژەڕەشنووسى یەکەم دەچێتە ناو ئەو کۆمیتە تایبەتەى کە ئەنجوومەنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان دایمەزراندبوو بۆ گفتووگۆى پڕۆژەڕەشنووسى یەکەم و دواتر نووسینەوەى پڕۆژەڕەشنووسى دووەم، گفتووگۆکان لەسەر بەرپرسیاربوون ئاقارێکى تر وەردەگرن، بەریتانیا و بەلجیکا پێکەوە پڕۆژەڕەشنووسێکى هاوبەش دەنووسن و پێشکەشى کۆمیتەکەى دەکەن، لەو پرۆژەڕەشنووسەدا هەردوو وڵات داوادەکەن کە دەوڵەت بەرپرسیارێتى سزایی هەڵبگرێت، ئەوان پێشنیاری دەکەن:

"لە پاڵ بەرپرسیارێتی یاسایی بۆ کەسى سرووشتى پێویستە دەوڵەت و دامودەزگا فەرمەییەکانیش بەرپرسیار بن، هەر کردەیەک لە کردەکانى میکانیزمى جێبەجێکرنى تاوانى جینۆساید ئەگەر لە رێگەى ئەو کەسانەى کە پلەیەکى فەرمى دەوڵەتیان هەیە ئەنجامبدرێت، ئەوا دەوڵەتیش بەرپرس دەبێت."

لە گفتووگۆکانى نووسینەوەى پرۆژەڕەشنووسى دووەمدا بەشێک لە دەوڵەتەکانى تر و لە ناویاندا سوید و فەرەنسا ڕەخنەى ئەوە دەگرن کە ناتوانرێت دەوڵەت سزا بدرێت، چونکە سزاى تاوانکارى تەنها بەسەر کەسى سرووشتیدا جێبەجێدەکرێت و دەوڵەت پێویستە سزاى شارستانى و پێبژاردن بدرێت، وڵاتى هایتى پرسیاردەکات چۆن بتوانرێت سزاى شارستانى کەسێک بدرێت هەتا سزاى تاوانکارى نەدرێت و نەسەلمێنرێت تاوانێکى ئەنجامداوە، بەڵام ولایەتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا ڕەخنەى ئەو پێشنیارەش دەکات و پێیوایە ئامانجى پەیماننامەکە بۆ ڕێگریکردن و بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید و سزادانى کەسى سرووشتییە نەک کەسى مەعنەوى و ئەبستراک، پێیوایە پەیماننامەکە پاپەندێتى بۆ دەوڵەت درووستدەکات، بەڵام بەرپرسیارێتى سزایی دروست ناکات، بۆیە لە کۆتاییدا پێشنیارەکەى بەریتانیا و بەلجیکا بۆ سزادانى دەوڵەت بە دەنگدان یەکلادەبێتەوە و بیست و دوو دەوڵەت لە گەڵى دەبن و بیست و چوار دەوڵەت دژى دەبن و ڕەتدەکرێتەوە.

پەیماننامەکە وەک ئەوەى لە ناوەکەیەوە دیارە تەنها بۆ سزادانى ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆساید نییە، واتە بە تەنها مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا ناکات، بەڵکوو بۆ بەرلێگرتن و قەدەغەکردنى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدیشە پێش ئەوەى تاوانەکە ڕووبدات. بۆ ئەوەى تاوانى جینۆساید ڕوونەدات، پەیماننامەکە کۆمەڵێک ئەرک و پابەندێتى دەخاتە سەر دەوڵەتەکان و دواتریش کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، پەیماننامەکە بەم شێوەیە باسى ئەرکدارکردنى دەوڵەتەکان دەکات:

"دەوڵەتە ئەندامەکانى ئەم پەیماننامەیە جەخت دەکەنەوە کە جینۆساید، چ ئەگەر لە سەردەمى ئاشتى یان جەنگدا ڕووبدات، بە پێى یاساى نێودەوڵەتى تاوانە، پێویستە لە سەریان بەری لێبگرن بگرن و سزاى ئەنجامدەرانی بدەن."

لە دواى دەرچوونى پەیماننامەکە و چوونە بوارى کارپێکردنەوە، ئەنجوومەنى گشتى و ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان و دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە دەیان شوێنى تردا جارێکیتر جەخت لە پابەندێتێیەکانى دەوڵەت بۆ وەڵامدانەوەى تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لە ناویاندا تاوانى جینۆساید دەکەنەوە. لە ساڵى ١٩٥١ و دواى پێنج مانگ لە چوونە بوارى کارپێکردنى پەیماننامەکەوە دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە ڕێگەى "بۆچوونى ڕاوێژکارى"ەوە بۆچوونى خۆى لەسەر مافى خۆبوواردن دەربڕیوە و پێوایە لەبەر ئەوەى تاوانى جینۆساید تاوانێکە دژى کۆى گشتى مرۆڤایەتى و پێش ئەوەى پەیماننامەکەش دەربچێت ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان بە کۆى دەنگ جینۆسایدى قەدەغەکردووە، بۆیە تەنانەت ئەو دەوڵەتانەش کە ئەندامى پەیماننامەکە نین ئەوا پێویستە ڕەچاوى خاڵە جەوهەرییەکانى پەیماننامەکە بکەن و بەرپرس بن بەرانبەر بە بنەما گشتییەکانى ناواخنى پەیماننامەکە، هەروەها سەرجەم دەوڵەتان بە بێگوێدانە ئەندامبوونى لە پەیماننامەکە پێویستە هاریکارى یەکتر بن لە بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید و هیچ دەوڵەتێکى ئەندامى پەیماننامەکە مافى خۆبوواردنى لەسەر برگە و ماددەکانى پەیماننامەکە نییە ئەگەر دەوڵەتەکانى ترى ئەندامى پەیماننامەکە ناڕازى بن. ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لە ڕاپۆرتى دامەزراندى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا بە هەمان شێوە پشت بە بۆچوونە ڕاوێژکارییەکەى دادگاى دادى نێودەوڵەتى دەبەستێت و پێیوایە پەیماننامەى جینۆساید بەشێکە لە بنەماکانى یاساى نێودەوڵەتى نەریتى و بێ گوێدانە ئەندامبوونى دەوڵەتەکان لە پەیماننامەکەدا پێویستە سەرجەم دەوڵەتەکان ڕەچاوى بنەما گشتییەکانى پەیماننامەکە بکەن. هەمان ئەنجوومەن لە پرۆژەبڕیارى "ریگریکردن لە پێکدادانى چەکداری"دا جارێکیتر سەرجەم دەوڵەتەکان ئەرکداردەکات کە خەڵکى خۆیان لە تاوانەکانى جەنگ، تاوانەکانى دژەمرۆڤایەتى، تاوانى جینۆساید و تاوانى پاکتاوى ڕەچەڵەکى بپارێزن. ئەنجوومەنى مافەکانى مرۆڤى سەر بە نەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکیدا لەسەر تاوانەکانى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش) کە ئاراستەى ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانى کردووە جارێکیتر سەرجەم دەوڵەتەکان بەرانبەر بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید بەرپرسیار دەکات و داوایان لێدەکات تۆمەتبارەکانى تاوانى جینۆساید سزا بدەن. ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە پرۆژەبڕیارى دیاریکردنى بنەماکانى "مافى قەرەبووکردنەوەى قوربانیانى تاوانەکانى دژ بە مافەکانى مرۆڤ" و لە بنەماى ژمارە چواردەدا پێداگرى دەکات لەسەر ئەوەى هەموو دەوڵەتەکان ئەرکیانە لێکۆڵینەوە و پرۆسەکانى دادبینیکردن دەستپێبکەن بەرانبەر تۆمەتبارانى تاوانەکانى ناو یاساى نێودەوڵەتى. هەموو ئەوانە پێکەوە وایکردووە تاوانى جینۆساید تەنها لە چوارچێوەى پەیماننامەکەدا بەرتەسک نەکرێتەوە و ببێتە بنەمایەکى گشتى یاساى نێودەوڵەتى نەریتى.

بە پێى ئەو پێناسەیەى سەرەوە، ئەو پابەندێتیانەى کە پەیماننامەکە و یاساى نێودەوڵەتى نەریتى بۆ دەوڵەتەکان درووستى دەکات بریتین لە سێ جۆر لە پابەندێتى و ئەرک دەخاتە ئەستۆى دەوڵەتە ئەندامەکانى پەیماننامەکە کە: یەکەم، دەوڵەت سزاى ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆساید بدات. دووەم، دەوڵەت ڕێگری بکات لە ڕوودانى تاوانى جینۆساید. سێهەم، نابێت دەوڵەت خۆى تاوانى جینۆساید ئەنجامبدات.


یەکەم: پابەندێتى بە سزادانى تاوانباران

ئەو پابەندێتییەى کە پەیماننامەکە لە سزادانى تاوانبارانى تاوانى جینۆسایددا دەیخاتە سەر دەوڵەتەکان بۆ کۆمەڵێک ئەرکى تر دابەشدەبێت، بۆ ئەوەى تۆمەتبارانى تاوانى جینۆساید سزابدرێت ئەوا پێویستە یاسایەک هەبێت کە تاوانى جینۆساید قەدەغەبکات، بۆ ئەمەش پێویستە دەوڵەت هەر پێنج کردەکەى تاوانى جینۆساید و ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون وەک ئەوەى لە ناواخنى پەیماننامەکەدا هەیە بە پێى یاسایەکى ناوخۆ بە تاوان بناسێنى، هەروەها ڕێگە بدات قووربانییەکان بە پێى یاساى شارستانى مافى وەرگرتنەوەى قەرەبوویان هەبێت. پەیماننامەکە بە ڕوونى داوا لە دەوڵەتەکان دەکات لە  دەستوور و یاساى خۆیاندا تاوانى جینۆساید قەدەغەبکەن و سزاى لەسەر دابنێن:

"وڵاتە ئەندامەکانى ئەم پەیماننامەیە بە پێى دەستوور و سیستمى دادوەرى خۆیان کار بۆ دەرکردنى یاسایەک دەکەن، بە لەبەرچاوگرتنى ئەم پەیماننامەیە سزاى پێویستى ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆسایدى بدەن."

بۆ ئەوەى کەسێک وەک ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید سزابدرێت، لە پاڵ بوونى یاسایەکدا پێویستە دادگایەکیش هەبێت بۆ ئەوەى یاساکە جێبەجێبکات و سزاکە بسەپێنێت، ئەو دادگایە پێوستە بە پێى سرووشتى تاوانى جینۆساید و بە پێى پەیماننامەکە دادبینییەکانى بەڕیوەبەرێت، بەڵام مەرجى ئەم دادگاییکردنە ئەوەیە کە دادگاى دەوڵەتەکە دەسەڵاتى دادوەرى بەسەر ئەو ناوچانەدا هەبێت کە تاوانى جینۆسایدى تێدا ئەنجامدراوە و ناوچەکە بەشێک بێت لە خاکى دەوڵەتەکە و لەژێر دەسەڵاتى ئەودابێت. ئەو خاڵەى جێگاى سەرنجە ئەوەیە سزادانى تۆمەتبارەکان بەشێکى بچووکى بابەتەکەیە، بەڵکوو ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئەو تۆمەتبارانە بە یاسایەک سزابدرێن کە یاسای بەرلێگرتنى جینۆساید بێت و لە پاى تاوانێک سزابدرێن کە تاوانى جینۆساید بێت، لە کاتێکدا ئەگەر تۆمەتبارەکان بە یاسایەکى تر وەک یاساى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر یان یاساکانى ترى ناو یاسا سزاییەکان (وەک کووشتن و ئەشکەنجە) لە برى تاوانى جینۆساید سزا بدرێت ئەوا ئەم خاڵەى پەیماننامەکەى جێبەجێنەکردووە.

ئەگەر دەوڵەت بە هۆکارێکى یاسایی وەک ئەوەى یەکێک لە تۆمەتبارەکان هاوڵاتى وڵاتەکەى خۆى نەبوو و نەیتوانى دادگایی بکات، ئەوا پێویستە "بنەماى ڕادەستکردنەوە" لەبەرچاوبگرێت و تۆمەتبارەکە ڕادەستى ئەو وڵاتە بکات کە لە ڕووى یاساییەوە ئەرکى دادگایکردنى لە ئەستۆدایە. ئەم بنەمایە لە یەکەم بڕیارى ئەنجوومەنى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تەنانەت پێش ئەوەى پرۆژەڕەشنووسەکان بنووسرێنەوە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ گرنگى پێیدرا و دواتریش لە سەرجەم پرۆژەڕەشنووسەکاندا وەک بەشیکى سەرەکى مامەڵەى لەگەڵکرا، بڕیارەکە دەڵێت:

"پێویستە هەمانگییەکى نێودەوڵەتى لە نێوان دەوڵەتەکاندا لە پێناو کارئاسانى و بە پەلەیی بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید سەر ڕێبخرێت."

پڕۆژەڕەشنووسی یەکەم زۆر بە ڕەوانى ئەم بنەمایە لە خۆ دەگرێت و دەوڵەتەکان ناچاردەکات تۆمەتبارەکان ڕادەستى ئەو وڵاتە بکەن کە مافى دادگایکردنى هەیە، دواتر لە هەردوو پرۆژەڕەشنووسى دووەم و سێیەمدا وەک خۆى مایەوە و بووە بەشێک لە پەیماننامەکە:

"وڵاتە ئەندامەکانى ئەم پەیماننامەیە پەیمانیان بەیەکداوە تۆمەتبارەکان بە پێى یاسا ڕادەستى یەکتر بکەنەوە."

بنەماى ڕادەستکردنەوەى تۆمەتبارانى تاوانى جینۆساید بووە بەشێکى گرنگى بنەڕەتننامەکانى دادگاکانى تاوانى نێودەوڵەتی، هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا سەرجەم دەوڵەتە ئەندامەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان ناچاردەکەن کە هەمانگى دادگاکە بکەن لە ڕادەستکردنەوە و تەنانەت گرتنى تۆمەتبارە هەڵهاتووەکاندا.

"دەوڵەتەکان پێویستە هەمانگى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا/ ڕواندا بکەن بۆ لێکۆڵینەوە و سزدانى تۆمەتبارانى تاوانە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها پێویستە بە پەلە و بێ دواکەوتن بە پێى داواى دادگاکە سەرجەم دەوڵەتەکان یارمەتى دادگاکە بدەن لە دۆزینەوەى تۆمەتبارەکان، پێدانى بەڵگەى پێویست، گرتن و ڕادەستکردنى تۆمەتبارەکان."

دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە کێشەى نێوان وڵاتى بۆسنە دژى سڕبیا و مۆنتینیگرۆدا، لایەنى یەکەم کە بۆسنەیە داوایان لە دادگاکە کردبوو بە پێى پەیماننامەى جینۆساید دادوەرى بکات لە نێوان ئەوان و لایەنى دووەم کە سڕبیا و مۆنتینیگرۆ بوون، بە شێوەیەک کە لایەنى دووەم پێشێلى پەیماننامەکەیان لە چەند ڕوویەکەوە کردووە، یەکێک لەو بانگەشانەى کە لایەنى یەکەم دژى لایەنى دووەم کردیان ئەوەیە کە لایەنى دووەم بە ئەرکى خۆیان هەڵنەساون لە بە سزاگەیاندنى تاوانبارەکانى تاوانى جینۆساید دژى مۆسڵمانەکانى هەرێمى سریبرنکا، چونکە بە پێى پەیماننامەکە ئەگەر تاوانى جینۆساید ڕووبدات ئەوا ئەو دەوڵەتەى کە تاوانەکە لە ناو خاکەکەیدا ڕوویداوە پێویستە سزاى تاوانبارەکان بدات، بەڵام سڕبیا و مۆنتینیگرۆ وەک دوو جێنشینى دەوڵەتى هەڵوەشاوەى یوگوسلاڤیا ئەو پابەندبوونەیان بە جێ نەگەیاندبوو، دادگاکە پاش چواردە ساڵ لە دادبینیکردن و لە ساڵى ٢٠٠٧ لە بڕیارەکەیدا سەبارەت بە ئەرکى سزادان جارێکیتر جەختدەکاتەوە کە پێویستە دەوڵەتەکان سزاى تاوانبارانى تاوانى جینۆساید بدەن، بەڵام سەبارەت بە کەیسى جینۆسایدى موسڵمانەکانى هەرێمى سریبرنکا، دادگاکە بەڵگەى پێویستى لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەى بیسەلمێنێ کە ئەو جینۆسایدە یەکێک لە هاوڵاتییەکانى وڵاتى سڕبیا یان مۆنتینیگرۆ ئەنجامیانداوە، چونکە لەو کاتەدا هەرێمەکە چەند گرووپێکى چەکدارى سڕبى بەڕێوەى دەبەن. بە پشتبەستن بە بڕیارەکانى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا، دادگاى دادى نێودەوڵەتى وڵاتى سڕبیا تاوانباردەکات کە بە ئەرکى خۆى هەڵنەساوە بە ڕادەستکردنەوەى تۆمەتبارە هەڵهاتووەکان و هەمانگى پێویستى نەکردووە لە گەڵ یەکێک لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا کە پەیماننامەکە ئەرکدار و پابەندى کردووە.

لە دواى دامەزراندنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییەوە بنەمایەکى تر هاتەکایەوە، ئەویش "بنەماى تەواوکارى"یە، ئەم بنەمایە ئەرک دەخاتە ئەستۆى دەوڵە ئەندامەکانى دادگاکە کە خۆیان دادگایی تۆمەتبارەکانى تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لە ناویدا تاوانى جینۆساید بکەن، بەڵام ئەگەر دەوڵەتەکە نەیتوانى خۆى دادگایی هاوڵاتییەکانى لە پاى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بکات، یان بە ئەنقەست نەیویست ئەو دادگایە بکات، یان دادگایەکى ڕووکەشانەیان بکات لە پێناو دەربازبوونى تۆمەتبارەکان، ئەوا دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى ڕاستەوخۆ دەستێوەردانى یاسایی دەکات، لەم حاڵەتانەدا دەوڵەتەکە پێویستە هاوکارى دادگاکە بکات بۆ ئەوەى دادگایی تۆمەتبارەکان بکات، بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ئەم بابەتە دەڵێت:

"دادگاکە تواناى بینینى ئەم کەیسانەى نییە: یەکەم، ئەگەر کەیسێک لەژێر لێکۆڵینەوە یان لە میانەى دادگاییکردندا بێت لە لایەن دەوڵەتەکە خۆیەوە، مەگەر لە حاڵەتێکدا نەبێت کە دەوڵەتەکە تواناى ئەو ڵیکۆڵینەوە و دادگایەى نەبێت، یان نەیەوێت لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنەکە ئەنجامبدات. دووەم، ئەگەر کەیسێک لێکۆڵینەوە یان دادگایکردنى ئەنجامدرابێت و دەوڵەتەکە بڕیاریدابێت کە دەستبەردارى لێکۆڵینەوە و دادگایکردنەکە بێت، مەگەر لە حاڵەتێکدا نەبێت کە بریارەکەى دەرئەنجامى نەتوانین و نەویستنى دادگاییکردن بێت.
بۆ ئەوەى بزانرێت دەوڵەتێک مەبەستى نییە و نایەوێت دادگایی تۆمەتبارەکانى خۆى بکات، پێویستە ڕەچاوى ئەم خاڵانە بکرێت: یەکەم، دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەکان وەک قەڵغانێک بۆ دەربازبوونى بە بێسزاى تۆمەتبارەکان بەکاربهێنرێت. دووەم، دواخستێکى بێ پاساو لە پرۆسەکانى دادبینیکردندا. سێهەم، پرۆسەکانى دادبینیکردن بە شێوەیەکى بێلایەن و سەربەخۆ بەرێوەنەچووبێت یان بەرێوەنەچێت.
بۆ ئەوەى بزانرێت کە دەوڵەتێک ناتوانێت دادگایی تۆمەتبارەکانى خۆى بکات، پێویستە ڕەچاوى ئەوە بکرێت کە دەوڵەتەکە سیستمە دادوەرییەکەى داتەپیوە یان بە هۆى نەبوونى یاساى پێویست سەبارەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان ناتوانێت پرۆسەکانى دادبینى بەڕێوەبەرێت، یان ناتوانێت تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادگاکەى ئامادەبکات، یان ناتوانێت بەڵگەو گەواهیدەرى پێویست بەردەستبخات."

بە پێى بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى، دەوڵەتە ئەندامەکانى دادگاکە ئەرکى یەکەمى دادگایکردن و سزادانى تۆمەتبارانى تاوانى جینۆسایدیان لەسەر شانە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتە ئەندامەکە دادگایی تۆمەتبارەکان نەکات ئەوا دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى ڕاستەوخۆ دەسەڵاتى دادگاییکردنى تۆمەتبارەکانى لە ناو هۆڵەکانى خۆیدا هەیە. ئەگەر دەوڵەتە ئەندامەکانى دادگاکە پرۆسەکانى لێکۆڵینەوە و دادگایکردنى تۆمەتبارەکان ئەنجامبدات ئەوە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى ناتوانێت تۆمەتبارەکان بهێنێتە ناو هۆڵەکانى دادگاکەى خۆیەوە و دادگاییان بکات، بەڵام ئەمەش چەند پێشمەرجێکى هەیە، واتە؛ تەنانەت دەوڵەت دادگاییشیان بکات بەڵام بە پێى ئەو پێشمەرجانە نەبێت کە لە بنەڕەتنامەکەدا هاتووە ئەوا دادگاکە بە مافى خۆى دەزانێت تۆمەتبارەکان بهێنێتە ناو هۆڵەکانى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى و دادگاییان بکات. پێشمەرجەکان بریتین لە؛ یەکەم، پرۆسەکانى دادگایکردنى تۆمەتبارەکان بە شێوەى ڕووکەشانە و لە پێنا و دەربازبوونى بە بێسزاى تۆمەتبارەکان بێت، واتە دەوڵەتەکە وەک فێڵێک ئەو دادگا ڕووکەشییە درووست بکات تەنها لەبەر ئەوەى تۆمەتبارەکان بە بێتاوان بناسێنێت. دووەم، دەوڵەت بە ئەنقەست دادگاییکردن و پرۆسەکانى لێکۆڵینەوە بە بێ پاساو دوا بخات و دەستى-دەستى بە کەیسەکەوە بکات. سێیەم، سیستم و تواناى دادوەرى و ئیدارى و تەنانەت ئابوورى دەوڵەتەکە یارمەتیدەرى ئەو دادگاییکردنە نەبێت. لێرەدا ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە ئەگەر دەوڵەتەکە دادگایی تۆمەتبارەکانى تاوانى جینۆساید بکات بەڵام بە پێى یاسایەک نەبێت کە یاساى جینۆسایدە، بۆ نموونە تۆمەتبارەکان بە یاسایەکى تر، وەکوو یاساى تیرۆر یان یاسا سزاییەکانى تر، ئەوا دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى دەتوانێت تۆمەتبارەکان بانگهێشتى ناو هۆڵەکانى بکات و دادگاییان بکات بە پێى تاوانى جینۆساید.

ئەو دەوڵەتانەشى کە ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى نین، لە پێناو دەربازنەبوونى بە بێ سزاى تۆمەتبارەکانى تاوانى جینۆساید، پەیماننامەکە دەوڵەتە ئەندامەکان ئەرکداردەکات کە هاریکارى دەزگا نێودەوڵەتى و هەرێمییەکان بکات، لەم حاڵەتدا ئەو دەوڵەتەى کە ئەندامى پەیماننامەکەیە چ ئەگەر ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیش نەبێت، پەیماننامەکە پابەندى ئەوەى دەکات کە هەمانگى بۆ سزادانى تۆمەتبارەکانى تاوانى جینۆساید بکات.

یەکێک لەو ئاریشانەى لە مژارى رادەستکردنەوەى تۆمەتبارەکانى تاوانى جینۆسایددا دێتە کایەوە بابەتى مافى پەنابەری و تاوانى سیاسییە، پەیماننامەکە دیسانەوە بە ڕوونى باسى ئەوە دەکات هەرکەسێک تاوانى جینۆساید ئەنجامبدات نابێت سوودمەندبێت لە مافى پەنابەرى و تاوانى جینۆساید ناچێتە چوارچێوەى تاوانە سیاسییەکانەوە، پەیماننامەى مافى پەنابەرى ساڵى ١٩٥١یش بە هەمان شێوە ئەو کەسانەى تاوانى جینۆسایدیان ئەنجامداوە لە مافى دیپۆرتنەکردنەوە و سوودمەندبوون لە مافى داڵدەدن بێبەشدەکات و دەوڵەتى خانەخۆێ ئەرکداردەکات تۆمەتبارەکە ڕادەست بکاتەوە یان سزاى بدات.


دووەم: پابەندێتى بە ڕێگریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید

دووەم پابەندبوونى دەوڵەت بریتییە لە ئەرکى ڕێگریکردن لە تاوانى جینۆساید. ئەم پابەندبوونە جیاوازە لە پابەندبوونى یەکەم، "پابەندبوون بە سزادان"ى تاوانبارانى تاوانى جینۆساید، پابەندێتى یەکەم لە دواى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدەوە دەوڵەت ئەرکداردەکات. "پابەندبوون بە ڕێگریکردن" لەکاتى ئەنجامدان و پێش ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دەوڵەت ناچاردەکات کە ڕێگرى بکات لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. بەشێک لە "پابەندبوون بە سزادان"ى تاوانبارانى تاوانى جیۆساید دەچێتە چوارچێوەى "باپەندبوون بە ڕێگریکردن"ەوە، بۆ نموونە؛ سێ شێوازەکەى جینۆسایدى تەواونەکراو لە ئاکارەکانى بەرپرسیاربووندا کە بریتین لە پیلانگێرێ بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ئەم ئاکارانە سزاى لەسەرە، لە کاتێکدا هێشتا تاوانى جینۆساید ڕووینەداوە. بە سزادانى ئەو کەسانەى ئەو سێ ئاکارە ئەنجامدەدەن ئەوا دەوڵەت لە یەک کاتدا پابەندبوونى بە سزادان جێبەجێدەکات و بەشێکیشە لە ڕێکارەکانى ڕێگریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، بەڵام ئەگەر دەوڵەت تەنها سزاى ئەو کەسانە بدات و پەلامارەکان و کردەکان نەوەستێنێت ئەوە پابەندبوونى بە سزادان جێبەجێکردووە و باپەندبوونى بە ڕێگریکردن بەجێنەگەیاندووە.

دەوڵەت پێویستە هەموو توانایەکى بە گەربخات بۆ رێگریکرن لە جینۆساید، ئەم پابەندێتییەى دەوڵەت ئەرکێکى پۆزەتیڤە، ئەم پابەندێتییە دەوڵەت ئەرکداردەکات بە گرتنەبەرى ڕێکارێک و هەنگاونان بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. ئەگەر تاوانى جینۆساید لە ناوڕاستى پرۆسەکانى ئەنجامدانیدا بوو، واتە تاوانەکە دەستی پێکردبێت بەڵام هێشتا کۆتایی پێنەهاتبێت ئەوا پێوستە دەوڵەت بەپەلە دەستێوەردان بکات و ڕایبگرێت. ئەگەر پێش ئەنجامدانى بوو، وەک حاڵەتەکانى جینۆسایدى تەواونەکراو، ئەوا پێوستە دەوڵەت ڕێگریبکات لە هەر هەوڵێک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، بۆ نموونە هەرسێ ئاکارەکەى بەرپرسیاربوون کە دەڕۆنە چوارچێوەى جینۆسایدى تەواونەکراوەوە، لەم حاڵەتانەشدا دەوڵەت ئەرکدارە ئەو هەوڵانە بووەستێنێ پێش ئەوەى تاوانەکە ڕوبدات.

داگاى دادى نێودەوڵەتى لە کەیسى بۆسنا دژى سربیادا سەبارەت بە تواناکانى دەوڵەت لە پابەندێتى رێگریکردندا پێیوایە گرنگ نییە تواناکانى دەوڵەت هێندەبێت بتوانێت ڕێگری بکات لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. تواناکانى هەرچەندبن، پێویستە دەوڵەت هەوڵى رێگریکردن و بەرلێگرتنى تاوانەکە بدات، یان ڕێگرى بکات لە فراوانبوونى زیاترى تاوانەکە، واتە لە حاڵەتێکدا گەر دەوڵەت تواناکانى سنوورداربوو بۆ ڕێگریکردن ئەوا پێویستە هێندەى ئەو توانایانە هەوڵبدات، بەڵام ئەگەر دەرکەوت دەوڵەتەکە چەند ڕێکارێکى ڕۆتینى ناجددی گرتووەتەبەر و کەمتر لە تواناکانى خۆى هەوڵى رێگریکردنى داوە، ئەوا لەم بەرپرسیاریەتییە دەربازى نابێت. بۆ ئەوەى دەوڵەتێک لە پابەندێتى بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید بەرپرسیاربێت ئەوا پێویستە کۆمەڵێک پێوەر لە بەرچاو بگیرێت، ئەوانیش؛ یەکەم: ئەو شوێنەى تاوانەکەى تێدا ڕوودەدات پێویستە لەژێر دەسەڵاتى دەوڵەتەکە بێت. دووەم، دەوڵەت دەسەڵاتى سیاسى و سەربازى بەسەر ئەو ناچەیەدا هەبێت. سێیەم، ئەوانەى تاوانەکە ئەنجامدەدەن بەشێک بن لە دەوڵەت یان دەوڵەت تواناى وەستاندنى تاوانەکەى هەبێت. هەموو ئەو پێوەرانە و هەر پێوەرێکى تر بە پێى حاڵەتەکە بڕیرادەرى ئەوەن ئایا دەوڵەت بەرپرسیارە یان نا.

 سەبارەت بە جینۆسایدى موسڵمانە بۆسنییەکان، دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە دادبینى نێوان بۆسنا دژى سربیادا دەگاتە ئەو بڕوایەى کە سربیا ئەرکى خۆى جێبەجێ نەکردووە لە پابەندبوون بە ڕێگریکردن لە ڕوودانى تاوانى جینۆساید و سڕبیا هیچ هەوڵێکى نەخستووەتە گەڕ بۆ ئەوەى ڕێگری بکات لەو جینۆسایدە و کۆتایی بهێنێت بە ئۆپراسیۆنەکان دژى موسڵمانە بۆسەنییەکان لە ناو خاکەکەیدا، هەروەها پێیوایە ئەم پابەندبوونە درێژ دەبێتەوە بۆ پابەندبوونى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ کۆتایی پێهێنان و رێگریکردن لە روودانى تاوانى جینۆساید. داگاکە بەشێک لە دادبینییەکەى بۆ مژارى بەرپرسیاربوونى دەوڵەت لە پابەندنەبوون بە ڕێگریکردن لە ڕوودانى تاوانى جینۆساید تەرخانکردووە، پێیوایە تەنها پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى توانى جینۆساید دەوڵەت ئەرکدار ناکات بەو پابەندێتییە، بەڵکوو لە پاڵ ئەوەشدا چەندین پەیماننامەى تر وەک پەیماننامەى بەرەنگاربوونەوەى ئەشکەنجە و هەموو مامەڵەیەکى دڕندانە و شکۆشێن، دەوڵەت ئەرکدار دەکات بە ڕێگریکردن لە ڕوودانى تاوانى جینۆساید بێگوێدانە ئەوەى ئەو لایەن و هێزانە کێن کە هەوڵى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دەدەن.

لە ڕووى یاسای نێودەوڵەتیی و بنەما یاساییەکانى پەیماننامەکەوە، دەوڵەتەکان تەنها لەو کاتەدا پابەندن بە ڕێگریکردن و بەرلێگرتن لە ڕوودانى تاوانى جینۆساید کە تاوانەکە لە سەرەتاى ڕوودانیدا بێت یان ئاماژەکانى ڕوودانى تاوانەکە بە دیار کەوتبێت وەک پیلانگێری و ورووژاندنى خەڵک و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، بەڵام بۆ ئەوەى تاوانى جینۆساید ڕوونەدات و بەری لێبگێرێت پێویستە بنەماکانى مافى مرۆڤ و سیستمى حوکمڕانى دیموکراسى و سەروەرى یاسا لە وڵاتدا بچەسپێنرێت. کەمایەتییەکانى ناو دەوڵەتێک بتوانن بە ئازادانە و بێ ترس تەعبیر لە مافە کولتوورى و مەدەنى و سیاسییەکانیان بکەن، چەک و هێزى سەربازى تەنها لە دەست دەوڵەت بێت و گرووپە دینى و تایفى و نەژادییەکان دەستیان بە ئامرازەکانى شەرکردن نەگات. پرۆسەکانى بە مەدەنیکردنى سیستمى حوکمڕانى وڵات لە ڕووى جەوهەرییەوە ڕۆڵێکى بەرچاو دەگێرێت لە بەرلیگرتن و ڕێگریکردن لە روودانى تاوانى جینۆساید، بەڵام نەگرتنبەرى ئەم پرۆسانە پابەندبوونى یاسایی بۆ دەوڵەت درووست ناکات و لە ڕووی یاساییەوە بەشێک نییە لە پابەندێتى ڕێگریکردن. بەشێک لە دەوڵەتەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانى تاوانى جینۆساید لە ناوخۆى خۆیاندا چەندین ناوەند و دەزگای نیشتیمانیان دامەزراندووە، ئەرکى ئەو دەزگایانە ئەوەیە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەر ماتەوەزەیەک بکەن کە ئەگەرى ڕوودانى تاوانى جینۆسایدى لێدەکەوێتەوە، هەندێک لە شارەزایانى بۆارى یاساى نێودەوڵەتى پێیانوایە هەروەک چۆن بە پێى پەیماننامەکانى مافەکانى مرۆڤ دەوڵەت ئەرکدارە دەزگاى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دروستبکات بۆ پێشێلکارییەکانى مافەکانى مرۆڤ، بە هەمان شێوە پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەوڵەت ئەرکدار دەکات بۆ دامەزراندنى دەزگاگەلى هاوشێوە. ژمارەى ئەو وڵاتانە کەم نین کە دەزگاى لەم چەشنەیان تێدایە، سروشت و پەیکەرى دەزگاکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر دەگۆرێت، بەشێک لە وڵاتەکان دەزگاکەیان لەسەر ئاستى باڵاو بە ئەندامبوونى سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە و بەشێکی تریان لە تێکەڵەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و دەوڵەت درووستیانکردووە. ئەرکى ئەو دەزگایانە ئەوەیە هەڵسەنگاندن بۆ هەر هەڕەشە و مەترسییەک بکات کە ڕەنگە تاوانى جینۆسایدى لێبکەوێتەوە و پاشان پێشنیار و ڕێگاچارەى پێویست بۆ دەوڵەت پێشنیاردەکەن بۆ ئەوەى بەر لە روودانى تاوانى جینۆساید بگرێت.


سیێەم: پابەندێتى بە ئەنجامنەدانى تاوانى جینۆساید

لە پاڵ ئەو دوو پابەندێتیەى سەرەوەدا، پابەندبوون بە سزادانى تاوانبارانى ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆساید و پابەندبوون بە ڕێگریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، پابەندێتى سێیەم ئەوەیە دەوڵەت خۆى تاوانى جینۆساید ئەنجامنەدات. ئەم شێوە یابەندێتییە جیاوازە لە دوو پابەندێتییەکەى تر، لەو دوانەى پێشووتردا دەوڵەت باپەندێتییەکەى پۆزیتیڤە، پێویستە کارێک ئەنجامدات، چ بۆ ڕێگریکردن بێت یان بۆ سزدانى تاوانباران، بەڵام جۆرى سێیەمى پابەندێتى، بابەندێتییەکى نەگەتیڤە، پێویستە دەوڵەت کارێک ئەنجامنەدات و خۆى بپارێزیت لە کردنى کارێک کە تاوانى جینۆسایدى لێبکەوێتەوە. ئەم جۆرە پابەندێتییە لە هیچ شوێنێکى پەیماننامەکەدا باسى نەکراوە، بەڵام تێکڕاى پەیماننامەکە دەوڵەت ئەرکدار دەکات خۆى تاوانى جینۆساید ئەنجام نەدات. هەموو دەوڵەتێک ئامڕازەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدی هەیە و بە نزیکەیی هەموو وڵاتێک چەندین پێکهاتەى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندییان تێیدایە، بۆیە هەمیشە ئەگەرى ئەوە هەیە لە ڕێگەى دەزگانى دەوڵەتەوە تاوانى جینۆساید ئەنجامبدرێت. بەشێکى زۆرى تاوانى جینۆساید لە ڕێگەى دەزگاکانى دەوڵەتەوە ئەنجامدراوە، دیارترینان جینۆسایدى کوردەکان لە عێراق و توتسییەکان لە ڕواندا.

باپەندێتى ئەنجامنەدانى تاوانى جینۆساید لە لایەن دەوڵەتەوە ئاریشەیەکى قووڵە و زۆرترین گفتووگۆى دژ بە یەک و ئاراستە جیاوازى لەسەرە، بەشێک لە شارەزایان پێیانوایە ناکرێت باسى پابەندبوونى دەوڵەت بکرێت لە ئەنجام نەدانى تاوانى جینۆساید، چونکە لە بنەڕەتەوە دەوڵەت ناتوانێ تاوان ئەنجامبدات و پایەى مەعنەوى (ویستى ئەنجامدانى تاوان) لە کیانى ئەبستراکدا نییە، بەڵکو ئەوە کەسەکانى ناو دەوڵەتن تاوان ئەنجامدەدەن، ئەو ئاراستەیە پاسادانى قسەکانیان بەوە دەکەن کە پەیماننامەکە تەنها مامەڵە لەگەڵ کەسى بەرجەستەدا دەکات و کەسى ئەبستراکت و مەعنەوى وەک ئەنجامدەرى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید ناناسێنێ. لەم ڕووەوە، ناکرێت دەوڵەت وەک ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید بناسرێت. ئاراستەیەکى تر پێیوایە ڕاستە دەوڵەت وەک کیانێکى ئەبستراکت تواناى ئەنجامدانى تاوانى نییە و پایەى مەعنەوی بوونى نییە، بەڵام ئەو سیاسەت (Policy)ەى دەوڵەت دەیگرێتەبەر شوێنی ویست (Intention) دەگرێتەوە و بە بوونى ئەو سیاسەتە ماناى وایە دەوڵەتەکە بەشدارە لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید و پێویستە بەرپرسیارێتییەکە هەڵبگرێت. ئاراستەى سێهەمیش پێیوایە تەنها بە تێوەگلانى یەکێک لە دەزگاکانى دەوڵەت ئەوا دەوڵەت بەرپرس دەبێت لە ئەنجامدانى تاوانەکەدا بەبێ گوێدانە ویست و سیاسەت، لە ڕووى سایسییەوە بە پێى بەرژەوەندى و دنیابینى دەوڵەتەکان ئەم بەرپرسیاریەتییە دەگۆرێت و مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتى ئەنجامدەرى تاوانى جینۆسایددا کەوتووەتە سەر پەیوەندییە سیاسییەکانیان، بەڵام لە ڕووى یاساییەوە هەتا ئێستا لە هیچ یەکێک لە دادگاکاندا دەوڵەت وەک ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید نە ناسێنراوە.

 

 

________________________

بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى دووەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى سێیەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى چوارەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى پێنجەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى حەتەم کرتەى ئێرە بکە.


گۆڕستانى قوربانیانى هەڵەبجە