سەرتاوتار و شیکاری

"ویست" لە تاوانى جینۆسایددا

 
ئەنجامدانى کردەکانى تاوانى جینۆساید و بە ئامانجگرتنى یەکێک لە گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى پایەى بەرجەستەى تاوانى جینۆساید پێکدەهێنن، بۆ ئەوەى جیاوازى بکرێت لە نێوان تاوانى جینۆساید و تاوانەکانى ترى وەک تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتیدا، ئەوا پایەى هۆشمەندى، لێرەدا "ویست"ى تاوانى جینۆسایدە، بڕیاردەرى ئەوەیە کام لەو تاوانانە ڕوویانداوە، بە نزکەیی، هەر پێنج کردەکەى تاوانى جینۆساید لە تاوانى دژەمرۆڤایەتى و تاوانى جەنگدا هەیە. لە هەردوو تاوانەکەى تردا، تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى کردەکانى تاوان بوونیان هەیە وەک؛ کوشتن، زیانى جەستەیی و دەروونى، سەپاندنى جەوروستەم، تەکنیکەکانى تاوانى بەربەست دروستکردن لە زاوزێکردن و تاوانە جێندەرییەکان. لە تاوانى دژە مرۆڤایەتدا، تایبەتمەندییەکەى ئەوەیە لە کاتى ئاشتیدا و بە پلان و بەشێوەیەکى بەرفراوان پەلامارى ناوچەیەک دەدرێت و کردەیەک یان چەند کردەیەک لەو کردانە (وەک ؛ کوشتن، لەناوبردن، بە کۆیلەکردن، ڕاگواستن، ئەشکەنجە، لاقەکردن و بەدڕەفتارى سێکسى، چەوساندنەوە، ونکردنى زۆرەملێ) بەرانبەر خەڵکى مەدەنى ئەنجامدەدەرێت، هەروەها رەنگە لەو پەلامارەشدا گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى یان چەند گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بکرێنە ئامانج، هەتا ئێرە تاوانى دژەمرۆڤایەتى هەمان پێناسەى پایەى بەرجەستەى تاوانى جینۆسایدە، ئەگەر بە وریاییەوە لێى ڕانەمێنیت ئەوا بە تاوانى جینۆساید دێتە بەرچاو، بەڵام تەنها جیاوازییەکەى تاوانى دژەمرۆڤایەتى لەگەڵ تاوانى جینۆسایددا ئەوەیە "ویست"ى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لە تاوانى دژەمرۆڤایەتیدا بوونى نییە.

 لە تاوانى جەنگدا، بە هەمان شێوەى تاوانى دژەمرۆڤایەتى، تایبەتمەندییەکەى ئەوەیە هەر هەمان ئەو کردانە (وەک؛ کوشتن، بە کۆیلەکردن، ڕاگواستن، ئەشکەنجە، لاقەکردن و بەدڕەفتارى سێکسى، چەوساندنەوە، سەپاندنى جەوروستەم، تێکدانى شوێنەوار و تاڵانکارى) لە کاتى ململانێى سەربازیدا ڕوودەدەن، هەروەها زۆرجار گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى بەشێکن لە ئامانجى پەلامارەکان، کەواتە لێرەشدا، پایەى بەرجەستەى تاوانى جەنگ هەمان پایەى بەرجەستەى تاوانى جینۆسایدە. ئەگەر زۆر ورد نەبین ئەوا ڕەنگە هەموو کوشتار و شەڕو ململانێی و چەوسانەوەیەک بە تاوانى جینۆساید بێتە بەرچاومان، لە ڕاستیدا بەشێک لەو تاوانانە خۆى لە خۆیدا هەڵگرى مەبەستى جینۆسایدن، بۆیە ئاسان نییە بۆ جیاکردنەوە. لێرەدا دواین بڕیار بۆ هەڵسەنگاندنى پایەى هۆمەشمەندى جێدەمێنێت، لەم رێگەیەوە دەزانرێت کامەیان چى تاوانێکە، هەرسێ تاوانى جینۆساید و تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆفایەتى بە پایەى هۆشمەندى لە یەکتر جیادەکرێنەوە.
لە پەیماننامەى بەلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید و دواتر لە هەموو بنەڕەتنامەکانى ترى دادگاکانى تاوانى نێودەوڵەتیدا، تەنها یەک پێناسەى یاسایی بۆ تاوانى جینۆساید هەیە، پێناسەکە بەم شێوەیەیە؛

"جینۆساید، ئەنجامدانى ئەم کردانەى خوارەوەیە، بە مەبەستى (ویستى) سڕینەوەى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپێکى نەتەوەیی، نەژادى، ڕەچەڵەکى، یان ئاینى....."

لە پێناسەى تاوانى جینۆسایددا "ویستى" سڕینەوەى تێکڕا یان بەشێکى گرووپێکى خاوەن پارێزبەندى خاڵێکى جیاکراوەیەو لە پێناسەى تاوانى جەنگ و دژەمرۆڤایەتیدا ئەم ویستە بوونى نییە، کەواتە ئەو ویستى سڕینەوەیە بەشێکى جیا نەکراوەیە لە پێناس و تایبەتمەندى تاوانى جینۆساید. لیمکین هەر لە سەرەتاوە و لە وتارەکەیدا گرنگى بەو ویستە دەدات، لە پەرەگرافى دووەمى وتارەکەیدا دەچێتە سەرباسى ویستى تاوانى جینۆساید، دواتر و لە هەرسێ پڕۆژەرەشنووەکەى ناو پرۆسەکانى نووسینەوەى پەیماننامەکە لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو ویستە وەک خۆى دەمێنێتەوە و دەبێتە پایەیەکى نەگۆڕ و جێگیر لە پەیماننامەکەدا، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، نە پەیماننامەکە و نە هیچ یەکێک لە بنەڕەتنامەکانى دادگاکانى تاوانى نێودەوڵەتى کە دواتر هەمان پێناسەى ناو پەیماننامەکەیان وەک خۆى وەرگرتووە و داناوەتەوە ئەم ویستەیان وردنەکردووەتەوە، بۆیە دەبینین بە پێى هەر کەیس و حاڵەتێک، هەروەها بە پێى هەر دادگا و سەردەمێک، دادوەران و شارەزایانى بوارى جینۆساید بە جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ ویستى تاوانى جینۆسایددا کردووە.

لە تاوانى جینۆسایددا دوو جۆر پایەى هۆمەشندى هەیە، یاخوود دوو جۆر ویست هەیە، یەکەمیان ئەو ویستەیە کە کەسەکە بە ئەنقەست یەکێک لە کردەکان ئەنجامدەدات، واتە وەک هەر تاوانێکى ئاسایی تر، ئەنجامدەرەکە پێویستە بە ئەنقەست و بەوپەرى هۆشیارییەوە تاوانێک ئەنجامبدات و هیچ ناچارییەکى تێدا نەبێت و بە ڕەزامەندى خۆى بێت، بۆ نموونە لە تاوانى کوشتندا، کەسێک، کەسێکى تر دەکۆژێت، یان بڕیارى کوشتنى کەسێک یان چەند کەسێک دەردەکات، ئەو کەسەى کە کردەى/بڕیارى کوشتنەکە ئەنجامدەدات/دەردەکات پێویستە ویستى ئەنجامدانى ئەو کردەیەیەى هەبێت، لێرەدا کردەى کوشتنەکە و ویستى ئەنجامدانى کوشتنەکە پێکەوە هەردوو پایەى بەرجەستە و هۆشمەندى تاوانى کوشتن پێک دەهێنن، کەواتە کەسە دەبێت بە تاوانبار بە تاوانى کوشتن، بەڵام لە تاوانى جینۆسایدا لە پاڵ ئەو ویستەدا دەبێت ویستێکى تر هەبێت، کە تەنها و تەنها تایبەتە بە تاوانى جینۆساید، ئەویش ئەوەیە، کەسەکە بیەوێت بەو کوشتنە تێکڕا یان بەشێکى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بسڕیتەوە، ئەم ویستەى دووەم دەبێت بە ویستى سڕینەوە لە تاوانى جینۆسایددا (Intent to Destroy).

بۆ سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید، شارەزایانى بوارى جینۆساید چەند تیۆر باس دەکەن، تیۆرى یەکەم؛ لە سەرەتادا لە کردەکە وردبێتەوە بۆ ئەوەى بزانێت ئایا دەچێتە ناو یەکێک لەو پێنج کردەیەى میکانیزمى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆسایدەوە، دواتر تەماشا دەکەن تا بزانن ئایا قوربانییەکانى ئەو کردەیە یەکێکن لە ئەندامى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى، پاشان کنەوپشکنین دەکرێت بۆ ئەوەى بزانن ئایا کەسە ویستوویەتى بەو کردەیە تێکڕا یان بەشێک لە گرووپەکە لە ناوبەرێت؟ ئایا کردەکە بووەتە هۆى لەناوبردنى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپەکە؟ واتە لێرەدا بۆ سەلماندنى ویستى جینۆساید گرنگى بە پێدراوە کەسێتییەکانى تۆمەتبارەکە دەدرێت، بە تەواوى سروشتى تاوانەکە و شێوە و فراوانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید نابێتە بەشێک لە بەڵگەکان بۆ سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید، ئەم تیۆرە، کۆنترین تیۆرى سەلماندنى ویستى جینۆسایدە، چونکە لەم حاڵەتەدا مەحاڵە بتوانرێت ئەو ویستە بسەلمێنرێت مەگەر کەسە خۆى دانی پێدابنێت. ئەم جۆرە بیرۆکەیە، کێشەیەکى گەورەتر دروست دەکات و دەرگا لەسەر جەدەلێکى تر دەکاتەوە، بۆ نموونە با گریمانەى ئەوە بکەین کەسێکى ئاسایی نەژادی سپى پێست دەیەوێت نەژادى ڕەشپێستەکات لە ناوبەرێت، خۆى بە تەنها چەند کەسێکی ڕەشپێست دەکوژێت. ئایا ئەمە دەبێت بە تاوانى جینۆساید؟ بیگومان نەخێر، بەڵکو دەچێنە ناو چوارچێوەى تاوانە کیناوییەکانەوە،[1] هەرچەندە بە پێى ئەو پێناسەی سەرەوە تاوانى جینۆسایدە.

تیۆرى دووەمى سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید گرنگى بە شێوەى ئەنجامدان و کۆى گشتى ڕەوتى ڕووداوەکان دەدات، لە ڕێگەى شیکردنەوەى ڕوداوەکانەوە دەیەوێت لەو ویستە تێبگات کە ئەنجامدەرەکە ویستوویەتى پێى بگات. پاش سەلماندنى پایەى بەرجەستە، بۆ سەلماندنى پایەى هۆشمەندى تاوانى جینۆساید ئەم تیۆرە گرنگى بە بەرفراوانى و سیستماتیکى هێرش و پەلامارەکان دەدات، گرنگى بە دەرئەنجامەکانى پەلامارەکان، ئایا چى کاریگەرییەکى لەسەر لایەنى بەئامانجگیراو جێهێڵاوە، لێرەدا سەرنجەکە لەسەر کەسى تۆمەتبار لادەچێت و دەچێتە سەر کردە و دەرئەنجامى کردەکانى تۆمەتبارەکە، لەوێوە لە ویستەکە تێدەگەن. دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى ئەم تیۆرەى وەکو بنەما وەرگرتووە و بەکاریدەهێنێت، دادگاکە لە پێکهێنەرەکانى تاوانى جینۆسایدا بەم شێوەیە پێناسەى ئەم ویستە دەکات:

"کردەکە بە شێوەیەک بێت کە نموونەیەکى ئاشکراى هێرشکردن بێت بۆ سەر گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى یان کردەکە خۆى لە خۆیدا کاریگەرى لەسەر سڕینەوە و تێکدانى گرووپەکە هەبێت."

دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا، بۆ سەلماندنى ویستى جینۆساید لە چەند کەیسێکدا هەمان تیۆرى وەرگرتووە، بۆ نموونە لە کوشتنى ژمارەیەک پیاوى موسڵمانى بۆسنەدا، دادگاکە بۆ سەلماندنى ویستى تاوانى جیۆساید دەگەرێتەوە بۆ دەرئەنجام و کاریگەرى کردەکە لەسەر گرووپەکە، واتە لە رێگەى کردەى تاوانکارییەکەوە دەیەوێت ویستەکە بسەلمێنێت نەوەک لە ڕێگەى هەڵسەنگاندنى تۆمەتبارەکەوە، بۆ پاسادانى بڕیارەکەى باسى کاریگەرى ئەو کۆمەڵکوژییە دەکات لەسەر هێزى سەربازى و بەرگرى گرووپەکە کە دەبێتە هۆى لاوازکردنى تواناى بەرگرى گرووپەکە و بەشێکە لە هەوڵى لە ناوبردیان.

هەندیکجار بۆ سەلماندنى ئەو ویستە دەگەرێنەوە بۆ ئەو کاولکارییەى تۆمەتبارەکان گرتوویانەتەبەر، لە رێگەى قورسى و فرەڕەهەندى تاوانەکە و سڵنەکردنەوە لە خاپوورکردنى توراسە کولتوورى و نەتەوەیی و دیینییەکان، یان دەست نەپاراستن لە هەر جۆرە تاوانێکى تر کە بەشێک نییە لە کردەکانى میکانیزمى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید، لە رێگەى ئەو تاوانانەى ترەوە ویستى تاوانى جینۆساید دەسەلمێنن. بۆ نموونە تێکدان و ڕوخاندنى شوێنەوار و توراسى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى بەشێک نییە لە کردەکانى میکانیزمى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید، بەڵام دەکرێت لە رێگەى ئەم کردەیەوە ئەو ویستە بسەلمێنرێت کە تۆمەتبارەکە مەبەستییەتى ئەو گرووپە بە تێکڕا یان بەشێکى بسڕێتەوە و دەستى نەپاراستووە لە تەفروتووناکردنى شوێنەوار و سیمبوولەکانى ئەو گرووپە. لە کۆتا پڕۆژەڕەسنووسى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایددا، جینۆسایدى کولتوورى بە تەواوى لابرا، واتە بە تەنها خاپوورکردنى توراسى کولتوورى ناچێتە ناو کردەى جینۆسایدەوە، بەڵام دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا، وێرانکارى کولتووریى وەک پاسادانێک بۆ سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید دەناسێنێ و پێیوایە دەکرێت ئەو ویستە لە رێگەى ئەنجامدانى تێکدانى کولتووریەوە زیاتر بسەلمێنرێت. هەروەها ڕاگواستنى بە کۆمەڵ کردەیەکى سەربەخۆ نییە لە کردەکانى تاوانى جینۆساید و بە تەنها بە ڕاگواستنى خەڵک تاوانى جینۆساید ڕوونادات، بەڵام دەکرێت ڕاگواستن هۆکارێک بێت لە رێگەیەوە ویستى تاوانى جینۆساید بسەلمێنرێت.

یەکێکى تر لە ڕیگاکانى سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید ئەوەیە گرنگى بە کۆى گشتى ڕەوشى ڕوداوەکان دەدرێت، واتە لە ڕێگەى هەڵسەنگاندنى بارودۆخ و هەلومەرجى ڕوداوەکانەوە دەردەکەوێت ویستى جینۆساید بوونى هەیە یان نا، لەم جۆرە تیۆرەدا، سەرنجەکە بە تەنها لەسەر قورسى و ڕێژەى کاولکارییەکە نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە لە کۆى گشتى ڕووداوەکانەوە دەردەکەوێت ئەو هێرشە بەشێکە لە کردەى جینۆساید، بۆ نموونە لە سەرجەم هێرشەکاندا تەنها گرووپێک کراوەتە ئامانج و ئەندامى گرووپەکانى تر بە ئامانج نەگیراون، لێرەدا دەردەکەوێ لایەنى پەلاماردەر مەبەستییەتى ئەو گرووپە تێکڕا یان بەشێکیان لەناوبەرێت.

بوونى پلانڕیژى پێشوەختە و زەمینەسازى یەکێکى ترە لە بەڵگەکانى سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید، لێرەدا ئەوەى گرنگە ئەوەیە، نابێت لە نەبوونى پلانرێژى یان نەسلماندنى پلانرێژى بە ماناى نەبوونى ویستى تاوانى جینۆساید بێت، لە هیچ یەکێک لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا پلانرێژى بەشێک نییە لە پێکهێنەرەکانى تاوانى جینۆساید، دەکرێت تاوانى جینۆساید ڕوویدابێت بە بێ ئەوەى پیلانڕێژى پێشوەختەى بۆ کرابێت، بەڵام بە بوونى پیلانرێژى پێشوەختە دەکرێت وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید بەکاربهێنرێت، هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا و ڕواندا بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردووە، دەڵێن:

"پلانرێژى پێشوەختە کۆڵەکەى پێکهێنەرى تاوانى جینۆساید نییە و وەکو یەکێک لە پێکهێنەرەکانى تاوانى جینۆساید تەماشا ناکرێت، بەڵام ئەگەر بەڵگەى پێویست هەبوو بۆ سەلماندنى پلانرێژى ئەوە دەکرێت وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنى کردەکان یان "ویستى" تاوانى جینۆساید وەربگیرێت."

ویستى تاوانى جینۆساید مەرج نییە پێشوەختە و پێش دەستپێکردنى پەلامارەکان بوونى هەبێت، بەڵکو دەکرێت لە یەکێک لە قۆناغەکانى پەلامارەکاندا ئەم ویستە بۆ لە ناوبردنى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى درووست ببێت،[2] لە دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە تۆمەتبارکرابوو بەوەى لە کاتى پەلامارەکاندا ژمارەیەکى زۆر لە تووتسییەکانى کوشتووە، لە کاتى تێهەڵچوونەوەى کەیسەکەیدا بانگەشەى ئەوە دەکات ئەم پێشتر پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ تووتسییەکاندا هەبووە، پێشوەختە و پێش ئەوەى دەست بە هێرشەکان بکرێت ویستى کوشتنى تووتسیەکانى نەبووە، تۆمەتبارەکە ویستوویەتى لە ڕێگەى ئەم قسەیەوە لەبەردەم دادگاى تێهەڵچوونەوەدا بڵێت ئەم پێشوەختە پلانى سڕینەوە و لە ناوبردنى تووتسییەکانى نەبووە، بەڵام دادگاکە داواکەى ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت:

"ئەم داوایە ڕەوا نییە، ویستى تاوانى جینۆساید مەرج نییە پێش کردنى کردەکە بوونى هەبێت، بەڵکو ئەوەى کرنگە ئەوەیە لە کاتى کردەکە ئەو ویستە بوونى هەبێت، ئەم لە ساتى کوشتنى تووتسییەکاندا ویستى لە ناوبردنى یەکجارەکى یان بەشێک لەو گرووپەى هەبووە."

یەکێکیتر لە بابەتەکانى ناو سەلماندنى پایەى هۆشمەندى تاوان، بابەتى "پاڵنەرى ئەنجامدانى تاوان"ە، واتە ئەو پاڵنەرانە کامانەن کە وەهاى کردووە تاوانەکە ئەنجامبدرێت، بەڵام لە تاوانى جینۆسایدا هەبوون و نەبوونى پاڵنەر، کاریگەرى لەسەر سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید نییە، واتە ئەگەر هیچ پاڵنەرێکیش نەبوو بۆ ئەو کردانەى کە ئەنجامدراون، یان هیچ پاڵنەرێک نەبوو بۆ ئەنجامدانى کۆى تاوانى جینۆساید، ئەوە ماناى ئەوە نییە کە تاوانەکە جینۆساید نییە، بەشێک لە تۆمەتبارەکانى هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا و ڕواندا، لە کاتى دادبینیەکاندا بانگەشەى ئەوەیان دەکرد کە ئەمان هیچ پاڵنەرێک دنەى نەداون تا تاوانى وەها ئەنجامبدەن، دادگاکان لە بڕیارەکانیاندا ئەوەیان خستووەتەڕوو کە بوونى بەڵگەى پاڵنەر لە جینۆسایددا دەکرێت یارمەتى سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید بدات، بەڵام بە نەبوونى، ماناى ئەوە نییە کە ویستى تاوانى جینۆساید بوونى نییە:

"پاڵنەر، یەکێک نییە لە کۆڵەکەکانى پێکهێنەرى تاوانى جینۆساید، بەڵام ئەگەر سەلمێندرا پاڵنەرک هەیە بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ئەوە دەکرێت وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید ببینرێت. مەرج نییە تۆمەتبارەکان پاڵنەرى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدیان هەبێت، یان پاڵنەرێکى کەسێتى تایبەت بە خۆى هەبێت بۆیە بەشدارى تاوانەکەى کردووە. ئەگەر دەرکەوت کەسێک بۆیە بەشدارى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى کردووە چونکە مەبەستێکى تایبەتى و پاڵنەرێکى تایبەت بەخۆى لە دەرەوەى ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید هەبووە، ئەوا ماناى ئەوە نییە تۆمەتبار نییە بە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید."

هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا و ڕواندا، لیسیتێک پێوەریان داناوە کە دەکرێت لە رێگەیەوە ویستى تاوانى جینۆساید بسەلمێنرێت، ئەوانیش:

"هەڵسەنگاندنى کۆى گشتى ڕەوشى ڕوداوەکان و لە بەرچاوگرتنى تاوانەکان بەرانبەر تەنها یەک گرووپى خاوەنپارێزبەندى ئەنجامدرابێت، ڕژدى و سەختى ڕادەى قورسى و دژوارى تاوانەکە، لەبەرچاوگرتنى ئەوەى ئەو تاوانە لە چ ناوچە و هەرێمێکى دیاریکراودا ڕوویدەدەن، چەندبارەبوونەوەى تاوانەکان بەرانبەر هەمان گرووپ یان لە هەمان ناوچە، لەبەرچاوگرتنى وێرانرکردنى ژێرخان و سمبوولەکانى لایەنى بە ئامانجگیراو، بوونى زەمینەسازى پێشوەختە."

یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانى "ویست"ى تاوانى جینۆساید ئەوەیە، لانى کەم یەکێک لە کردەکانى میکانیزمى تاوانى جینۆساید بەرانبەر یەکێک لە گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى بە ویستى "لە ناوبردنى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپەکە" بێت، واتە ئەو کردەیە دەبێت کاریگەرییەکەى هێندە بێت کە تێکڕا یان بەشێک لە گرووپەکە بسڕێتەوە، گوزارەى "تێکرا یان بەشێک" لە کاتى نووسینەوەى پڕۆژەڕەشنووسى سێیەمدا زیادکرا، ئەمەش بۆ ئەوەى تاوانى جینۆساید جیابکرێتەوە لە تاوانە کیناوییەکان، چونکە لەو قۆناغەدا مانا و تێگەشتنى جینۆساید بە تەواوى قاڵبى خۆى وەرگرتبوو، لە کاتى گفتوگۆکانى نووسینەوەى بنەڕەتننامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیدا جارێکیتر هەمان مژار هاتەوە بەرباس، سەرلێشوانێک و بەدحاڵیبوونێک لە ناو هەمان پێناسەدا هەیە، لە دوو کردەى یەکەم و کردەى پێنجەمدا باسى کوشتن و زیانگەیاندن و گواستنەوەى ئەندامێک (منداڵێک)ى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى دەکات و لێرەشدا باسى لە ناوبردنى تێکڕا یان بەشێکى گرووپەکە دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەر بەڕاستى کوشتنى یەک کەس یان زیانگەیاندنى یەک کەسى سەر بە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى دەبێت بە تاوانى جینۆساید دژى ئەو گرووپە، ئەگەر وابێت کەواتە هیچ نەتەوە و دین و نەژاد و رەچەڵەکێک نییە تاوانى جینۆسایدى بەرانبەر نەکرابێت!

جینۆساید تاوانێک نییە پەیوەست بێت بە ژمارەوە، بەڵام ژمارە ڕۆڵێکى گەورە لە سەلماندنى تاوانى جینۆسایدا دەگێرێت، موسڵمانە بۆسنییەکان لە هەرێمى سریبرنیسا ژمارەیان چل هەزار بوو، کەمتر لە هەشت هەزاریان بووە قوربانى، سەرجەم ژمارەى موسڵمانەکانى ئەو هەرێمە دەیکردە لە سەدا دووى ژمارەى موسڵمانە بۆسنییەکان، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا، ئەو تاوانەى بە جینۆساید ناساند. تووتسییەکان نزیکەى نیو ملیۆنیان لێ بووە قوربانى، دواى ئەوەى هەڵمەتەکانى جینۆساید تەواو بوو، تەنها سەد و پەنجا هەزاریان لێ مایەوە، واتە نزیکەى لەسەدا هەشتایان لێکوژران، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا ئەو کوشتارەى بە جینۆساید ناساند. هەروەها جینۆساید پەیوەست نییە بە کات و ماوەى پەلامارەکانەوە، جینۆسایدى موسڵمانە بۆسنییەکان لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا ئەنجامدرا، تووتسییەکان لە ماوەى نزیکەى سێ مانگدا، کوردەکان لە ئەنفالدا نزیکەى ساڵێک.

گوزارەى "تێکڕا یان بەشێک" مەبەست ئەوەیە کە کردەکان کاریگەرییەکى قورس لەسەر گرووپەکە جێبهێلێت بە شێوەیەک کە بەشێک لە گرووپەکە بسڕێتەوە یان تێکى بدات، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا لە برى "سڕینەوەى تێکڕا یان بەبەشێک" لە دادبینیکردنەکانیدا گوزارەى "تێکدانى بەشێکى جەوهەرى" بەکارهێناوە، مەرجە کردەکە بەشێکى جەوهەرى و بنچینەیی گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى تێکبدات بۆ ئەوەى بە تاوانى جینۆساید بناسرێت، لێرەدا کۆى ڕووداوەکان لەبەرچاو دەگیرێت، ئەو کوشتار و تاوانکارییە تا چەند کاریگەرى لەسەر ئەو گرووپەکە دروستکردووە، نەک کردەى کەسێک یان دووان، هەمان دادگا لە یەکێکى تر لە دادبینییەکانیدا باسى ئەوە دەکات مەرج نییە لە ناوبردنى یەکجارەکى ڕووبدات،  هەروەها نەبوونى ویستى لە ناوبردنى یەکجارەکى بە ماناى ئەوە نایەت کە ویستى لە ناوبردنى بەشێک لە گرووپەکە بوونى نەبێت. دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە بڕیارى دەستبەسەرکردنى عوومەر بەشیردا گوزارەیەکى تر بەکار دەهێنێت، دادگاکە بۆ ئەوەى ئەم پێکهاتەیەى جینۆساید بسەلمێنێت گوزارەى "هەڕەشەیەکى جددى و ڕاستەقینە بۆ سەر تێکڕا یان بەشێک لە گرووپەکە" بەکاردەهێنێت، لەم بڕیارەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیدا وادەردەکەوێ مەرج نییە بەشێک لە گرووپەکە لە ناوبچێت، بەڵکو هەر هێندەى ترس و هەڕەشەیەک بوونى هەبێت بۆ لە ناوچوونى بەشێک لە گرووپەکە ئەوا سەلمێنەرى ئەوەیە "ویستى لە ناوبردنى تێکڕا یان بەشێک" بوونى هەیە، بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت ئەم بڕیارەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بڕیارێکى دادگاى لێکۆڵینەوەیە و تەنها بۆ دەستبەسەرکردنى بەشیر دەرکراوە، واتە هیچ دادبینییەک لە کەیسەکەدا نەکراوە.

یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانى هەڵسەنگاندنى تاوانى جینۆساید، زۆرى ژمارەى قوربانییەکانە، بەڵام ژمارە تاکە پێوەر نییە بەڵکو کارایەکى یاریدەدەرە بۆ هەڵسانگاندنەکان، هەروەها زۆرى و کەمى ژمارەکە بە تەنها پێوەر نییە، بەڵکو دەبێت لەگەڵ کۆى گشتى ژمارەى گرووپەکە و ئەو ڕۆڵەى کە قوربانییەکان گێڕاویانە لە ناو گرووپەکە بەراورد بکرێت، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا لەسەر ژمارە و رێژەى قوربانییەکان دەڵێت:

"بۆ ئەوەى تاوانى جینۆساید بسەلمێنرێت، پێویستە ئەنجامدەران بیانەوێت بە لانى کەمەوە بەشێکى جەوهەرى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى لەناوبەرن، بۆ زانینى ئەوەى بەشێکى جەوهەرى گرووپەکە لەناوچووە یان نا، پێویستە ڕەچاوى ژمارى قوربانییەکان و پەیوەندى ئەو ژمارەیە بە ڕێژەى تێکراى گرووپەکەوە هەڵسەنگاندنى بکرێت، ئەم هەڵسەنگاندنە دوابڕیار نییە و تەنها وەک خاڵێک بۆ ڕەچاوکردن کاریپێدەکرێت."

کوشتن و لەناوبردنى ژمارەیەکى زۆرکەمیش تاوانى جینۆساید دروستدەکات، ئەگەر ئەو ژمارە کەمە کاریگەرییەکى جەوهەرى لەسەر وێرانکردنى کۆى گشتى گرووپەکە جێبهێلێت، بۆ نموونە لەناوبردنى هێزی بەرگریکارى گرووپەکە، یان کوشتنى سەرکردەکانى گرووپەکە. لە تاوانى جینۆسایدا مەرج نییە سەرجەم ئەو شوێنانەى کە ئەندامى گرووپەکەى تێدا نیشتەجێن پەلاماربدرێت، دەکرێت لە سنوورێکى جوگرافى دیاریکراودا یەکێک لە کردەکانى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید ڕووبدات و لە سنوورێکى تر سەرەڕاى ئەوەى هەر هەمان گرووپ تێیدا نیشتەجێن ڕوونەدات، دەکرێت ئەو بەشەى گرووپە کە پەلاماردراوە ژمارەیان لە چاو کۆى گشتى گرووپەکە لە ناوچەکە زۆر کەم بێت، لەم حاڵەتەد مەرج نییە کاریگەری هێرش و پەلامارەکان ببێتە هۆى لەناوبردنى بەشێکى جەهەرى تێکراى گرووپەکە، بەڵکو هێندە بەسە بەشێکى جەوهەرى گرووپەکە لەو سنوورە جوگرافییە دیاریکراوەدا کە پەلاماردراوە لەناوبچێت. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگوسلاڤیا، پاسادانى بڕیارەکانى بەم ئارگوومێنتە دەکات:

"نموونەکانى جینۆساید لە مێژوودا ئەوەمان لێدەخوازێت کە ڕەچاوى تواناى چالاکى جێبەجێکارانى تاوانەکە بکەین، بۆ نموونە؛ نازییەکان رەنگە تەنها ویستبێتیان جوولەکەکانى ناو ئەورووپا لەناوبەرن نەک لە هەموو جیهاندا، هووتووەکان تەنها تووتسییەکانى ناو ڕواندایان بە ئامانجگرت نەک تووتسییەکانى وڵاتانى چواردەریش. تواناى سڕینەوە لە لاى ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆساید هەمیشە سنووردارە بەو پێدراوانەى لە بەردەستیدان."

سەبارەت بە ڕوونکردنەوەى وشەى "لەناوبردن"، ئایا ئەوە چ جۆرە لە ناوبردنێک دەگرێتەوە و کام شێوەی لەناوبردن دەچێتە ناو چوارچێوەى پێناسەى تاوانى جینۆسایدەوە، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ رواندا، لە "ناوبردن"ى تەنهاو تەنها بە لەناوبردن و سڕینەوەى فیزیکى و بایۆلۆژى گرووپێک وەسفکردووە، واتە ئەو تاوانەى بەرانبەر گرووپێک ئەنجامدەرێت مەرجە ببێتە هۆى تێکدانى گرووپەکە لە ڕووى جەستەییەوە، هەر شێوە وێرانکردنێکى ترى وەک لەناوبردنى شوناسى نەتەوەیی، ئاینى، فەرهەنگى و کولتوورى بە بەشێک لە وێرانکردنى گرووپەکە نەناساندووە و پێیوایە ئەوە بەشێک نییە لە مەبەستى تێکدان و ناچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە. مەرجى سەرەکى کردەکان ئەوەیە دژى ئەندامەکانى گرووپەکە بێت، کاریگەرى کردەکان ببێتە هۆى سڕینەوە و لەناوچوونى تێکڕا یان بەشێکى ئەندامانى گرووپەکە، هەر هێرشێک بۆ سەر شوناس و سیمبوولى گرووپەکە ئەگەر  سەرنەکێشێت بۆ لەناوچوونى فیزیکى و بایۆلۆژى تێکڕا یان بەشێکى ئەندامانى گرووپەکە ئەوا ناچێتە ناو چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە. 



_________________________
[1] تاوانە کیناوییەکان (Hate Crimes) ئەو جۆرە تاوانەن کە پاڵنەرەکانی ئەنجامدانیان ڕق و کینەیەکى پەنگخواردووە بەرانبەر ئەو جڤات و کۆمەڵەیەى قوربانیەکان تێیدا ئەندامن و بەشێکن لێى، لە جیاکارى و هەڵاوێردنەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کوشتنى چەند کەسێکى سەر بە گرووپە کۆمەڵایەتى، سیاسی، ئاینى، نەژادى و ڕەچەڵەکییەکان و ئەوانى تریش، وەک ئازاردان و کوشتنى هاوڕەگەزخوازەکان، ڕەشپێستەکان، لادێیەکان، دەرۆزەکەرەکان، موسڵمانەکان بە دەستى مەسیحییەکان، یان مەسیحییەکان بە دەستى موسڵمانەکان، بەڵام تایبەتمەندى ئەم جۆرە تاوانە ئەوەیە کە سیستماتیک نییە و لایەن و گرووپى گەورە و خاوەن هەیمەنە ئەنجامى نادەن، بەڵکوو زیاتر کردەیەکى کەسییە و دەچێتە چوارچێوەى تاوانە ئاساییەکانەوە.

[2]  پەلامارەکانى داعش بۆ سەر یەزیدییەکان یەکێکە لە نموونەکانى ئەم حاڵەتە، ئەگەر ئەوە نەسێلمێنرا داعش بۆیە پەلامارى شەنگالى داوە لەبەر ئەوەى یەزیدین، واتە بەلاى داعشەوە گرنگ نەبووە چى نەتەوە و دینێکى تێدایە، بەڵکو داعش وەک هەر ناوچەیەکى تر لە یەکێک لە قۆناغەکاندا ویستوویەتى داگیریبکات و سنوورى خەلافەتەکەى فراوانتر بکات، ئەم قسەیە هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە کە لە ساتى داگیرکردنى شەنگالدا، داعش ویستوویەتى یەزیدییەکان وەک گرووپێکى ئاینى تێکرا یان بەشێکیان بسڕێتەوە.


بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى دووەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى سێیەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى چوارەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى شەشەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى حەوتەم کرتەى ئێرە بکە.

تۆمەتبارێکى داعش لە دادگاى فرانکفۆرت لەسەر جینۆسایدى یەزیدییەکان دادگایی دەکرێت

# هاشتاگ

دادگاى نێودەوڵەتى یاساى تاوانى نێودەوڵەتى جینۆساید