سەرتاوتار و شیکاری

گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى لە تاوانى جینۆسایددا

 

لەدواى هاتنەکایەى زاراوە و پەیماننامەى جینۆسادەوە، زۆرێک لەو تاوانە مۆدێرنانەى ڕوودەدەن، قوربانییەکان تاوانانەکان بە تاوانى جینۆساید لەقەڵەمدەدەن و بانگەشەى بۆدەکەن، بە تایبەت ئەو تاوانانەى ژمارەیەکى ئێگجار زۆر خەڵکى تێدا دەبێتە قوربانى. یان زۆرجار تێکەڵکردن لە نێوان تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى لەگەڵ تاوانى جینۆسایددا ڕودەدات و سەرلێشێوانێک دروستدەکات، ئایا ئەوە کام تاوانەیە ڕوویداوە؟ بەڵام یاساى تاوانى نێودەوڵەتى تا ڕادەیەکى باش تایبەتمەندى تاوانەکانى خستووەتەڕوو. بۆ ئەوەى تاوانى جینۆساید لەگەڵ تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى جیابکرێتەوە ئەوا سنووردارکراوە کە تاوانى جینۆساید دەبێت تەنها بەرانبەر چوار گرووپى خاوەنپارێزبەندى ڕووبدات. کردنە ئامانجى ئەم گرووپانە بەهۆى ئەو جیاوازییە نەتەوەیی، نەژادى، ڕەچەڵەکى و دینیانەوە پێشمەرجى ڕوودانى تاوانى جینۆسایدە.

تاوانى جینۆساید بەرانبەر یەکێک لەو گرووپانە ڕوودەدات لەبەر ئەوە نا چییانکردووە، بەڵکو لەبەر ئەوەى ئەوانە کێن و شوناسییان چییە. بۆیە پەیماننامەکە بۆ پاراستنى ئەندامانى ئەو گرووپانەیە، پەیماننامەکە لە رێگەى پاراستنى ئەندامەکانى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندییەوە دەیەوێت خوودى گرووپەکان بپارێزیت، یان بە پێچەوانەوە، بەهۆى پاراستنى شووناس و بوونى ئەو گرووپانەوە دەیەوێت ئەندامەکانى بپارێزیت، هەروەها پەیماننامەکە دەیەوێت جیهان بپارێزێت ئەویش لە رێگەى پاراستنى فرەیی و هەمەچەشنى گرووپەکان، یان پاراستنى ئەو ڕایەڵە کۆمەڵایەتى و بایۆلۆژیانەى گرووپپێک خاوەنییەتى. ئامانجى پەیماننامەکە پاراستنى ئەو گرووپانەیە وەک یەکەیەکى چوونیەک، بۆیە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر تەفرووتووناکردن و تێکدانى ئەو گرووپانە قەدەغەیە و دەچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە و سزاى لەسەرە. تاوانى جینۆساید لەگەڵ تاوانى دژەمرۆڤایەتى و تاوانى جەنگدا لە زۆر ڕووەوە لە یەک دەچن و خەسڵەت و تایبەتمەندى هاوبەشیان هەیە. هەروەها تاوانى جینۆساید دەکرێت لە کاتى جەنگ و لە کاتى ئاشتیدا ڕووبدات، ئەمەش هێندەى تر تێکەڵکردنەى ئەستەمکردووە و زۆرجار بۆ دادوەر و دادگا گەورەکانیش ئاسان نییە بیسەلمێنن کام لەو تاوانانە ڕوویداوە، بەڵام یەکێک لە خاڵە جیاکەرەوەکانى تاوانى جینۆساید لەگەڵ دوو تاوانەکەى تردا ئەوەیە کە تاوانى جینۆساید دژى تەنها چوار جۆر لە گرووپ ڕوودەدات و پەلامارەکان بە ئاراستەى وێرانکردنى ئەو گرووپانەن.

پەیماننامەکە تەنها چوار گرووپ لە خەڵک دەپارێزێت و هە هەوڵێک بۆ سڕینەوەى ئەوان دەچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە. ئەو چوار گرووپەش بریتین لە؛ گرووپى نەتەوەیی، گرووپى ڕەچەڵەکى، گرووپى نەژادى و گرووپى دینى. سەرەڕاى جیاوازى لە جۆر و پێناسەى ئەو گرووپانەدا بەڵام یەکێک لە تایبەتمەندییە هاوبەشەکانى هەر چوار گرووپەکە ئەوەیە ڕایەڵە و پەیوەندییەکانى نێوان ئەندامەکانى گرووپەکە هەمیشەیین و لەو کاتەوە درووستدەبێت کەسەکە لە دایک دەبێت و لە ناو یەکێک لەو گرووپانەوە چاوهەڵدێنێت،[1] پەیماننامەکە ئەندامەکانى سەر بەو گرووپانە دەپارێزێت لەبەر ئەوەنا کە مرۆڤن و مافى ژیانیان هەیە چونکە لەم حاڵەدا دەڕواتە بابەتێکى ترەوە، بەڵکو لە پێناو پاراستنى خوودى ئەو گرووپانەیە کە ئەندامەکان پێکى دەهێنن. خالێکى ترى جەوهەرى پەیماننامەکە سەبارەت بە گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى ئەوەیە مەرج نییە ئەو گرووپانە کەمینە بن و ئەو لایەنەى تاوانەکە ئەنجامدەدات زۆرینە بێت، واتە لێرەدا ژمارەى ئەندامانى گرووپەکان گرنگ نین، بەڵکو دەکرێت کەمینەیەک تاوانى جینۆساید بەرانبەر یەکێک لەو گرووپانە ئەنجامبدات سەرەڕاى ئەوەى زۆرینەشن. یان دەکرێت ئەو گرووپەى تاوانى جینۆسایدى بەرانبەر ئەنجامدەدرێت ژمارەیان ئێگجار کەمبێت. خاڵێکى ترى گرنگى پەیماننامەکە سەبارەت بە گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى ئەوەیە دەکرێت لایەنێک تاوانى جینۆساید بەرانبەر گرووپێک ئەنجامبدات کە لە یەک کاتدا گرووپە بە ئامانجگیراوەکە هەڵگرى دوو یان سێ یان هەر چوار خەسڵەتەکانى ئەو گرووپانە بن، واتە لە یەک کاتدا هەردوو لایەنى پەلاماردەر و بە ئامانجگیراو لە ڕووى نەتەوەیی، نەژادى، ڕەچەڵەکى و دینییەوە جیاوازن لە یەکتر.

ئەو پێناسەیەى بۆ یەکێک لەو گرووپانە دەکرێت مەرج نییە لە هەموو باروودۆخ و سەردەم و بۆ هەموو کەیسێک وەکوویەک و نەگۆڕبێت. دەکرێت ئەو پێناسەیەى کە گروپێکى نەتەوەیی، ڕەچەڵەکى، نەژادى یان ئاینى بۆ خۆى دەیکات جیاواز بێت لەو پێناسەیەى کە ئەوانى تر بۆى دەکەن، لەم حاڵەتەدا ئەگەر هۆکاری پەلاماردانەکە و تاوانەکە بەهۆى ئەو جیاوازیانەوە بوو ئەوا هەر دەچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە، ڕوونتر، گرووپێک لە خەڵک وا خۆیان پێناسەدەکەن کە سەر بە نەتەوەیەکى جیاوازن، بەڵام لایەنى بەرانبەر ئەو جیاوازییەى پێ ڕاست و قبووڵ نییە و پێناسەیەکى ترى بۆ ئەو گرووپە هەیە. یان دەکرێت بە پێچەوانەوە، پێناسەکان لەلایەن ئەنجامدەرى تاوانى جینۆسایدەوە بۆ قوربانییەکان بکرێت، واتە گرووپى بە ئامانجگیرا و پێناسەى خۆى وەک ئەوە بکات کە گرووپى پەلاماردەر هەیەتى، بەڵام پەلاماردەرەکە ئەو پێناسەیەى پێ راست نییە و جیاوازتر دەیبنێ، وەک ئەوەى لە وڵاتى ڕواندا ڕوویدا، لە هەندێک گونددا خەڵکەکە هەمووى هووتوو بوون و خۆیان پێناسى خۆیان بەوە دەکرد کە سەر بە ڕەچەڵەکى هووتوون، بەڵام لە لایەن سەربازە هووتووەکانەوە نکۆڵییان لێکرا و بە ڕەچەڵەکى تووتسى لەقەڵەمدران و کوژران، هەندیێجاریش دەکرێت بە هەڵە پێناسەیەک بۆ کەسێک یان چەند کەسێکى سەر بە چەند گروپێکى جیاوازبکرێت و لایەنى ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید پێیوابێت سەر بەو گرووپەیە کە کردوویەتى بە ئامانج، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو کەسانە سەر بە گرووپێکى ترن و بە هەڵە وا زانراوە ئەندامانى ئەو گرووپەن کە کراون بە ئامانج، بۆ نموونە خەڵکى ناوچەیەک بە ئامانج دەکرێن لەبەرئەوەى سەر بە یەکێک لەو گرووپانەیە بەڵام چەند کەسێکى سەربە گرووپێکى ترى تێدایە و لە میانەى شاڵاوەکانى جینۆسایدا ئەوانیش دەبن بە قوربانى، لێرەدا قوربانیبوونى ئەو بێگانانە بە ماناى ئەوە نایەت تاوانى جینۆساید بەرانبەر گرووپەکانى ئەوان ئەنجامدرابێت.[2] لە هەمانکاتدا دەکرێت تاوانى جینۆساید لە یەک کاتدا بەرانبەر زیاتر لە یەک گرووپى خاوەنپارێزبەندى ئەنجامبدرێت، بەڵام بە مەرجى ئەوەى ویستى لە ناوبردنى تێکڕا یان بەشێکى ئەو چەند گرووپە بوونى هەبێت، بۆ نموونە لە بڕیارى دەستبەسەرکردنى عومەر حەسەن بەشیردا داواکارى گشتى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بەشیر تۆمەتباردەکات کە لە یەک کاتدا سێ گرووپى کردووە بە ئامانج و تاوانى جینۆسایدى بەرامبەر هەرسێکیان ئەنجامداوە.

لە کاتى گفتووگۆکانى نوسینەوەى پرۆژەڕەشنووسى پەیماننامەکەدا هەردوو گرووپى سیاسی و زمانى لە لیستى گرووپە پارێزراوەکان دەرکران و تەنها چوار گرووپ وەک گرووپى خاوەنپارێزبەندى لەناو ئەم یەیماننامەیەدا دانیپێدانرا، ئەوانیش گرووپى نەتەوەیی، ڕەچەڵەکى، نەژادى و دینین، بەڵام پەیماننامەکە بە هیچ شێوەیەک پێناسەى ئەو گرووپانەى نەکردووە و نەچووەتە سەر شرۆڤەکردن و شیکردنەوەى ئەوەى ئەو گروپانە کێن و جیاوازى و تایبەتمەندییەکانیان کامانەن، ئەمەش دواتر لە کاتى دادبینیکردنى تاوانەکانى جینۆساید لە هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگوسلاڤیا و دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا بووە جێگاى مشتومڕ، ناچار دادوەرەکان و یاساناسان خۆیان دووبارە پێناسەى ئەو گرووپانەیان کردەوە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەى کە ئەو گروپانە بە پێى پەیماننامەکە پێناسکرابێتن، بەڵکو پێناسانەى ئەو دادگایانە تەنها وەک پێشینەیەکى دادوەرى بۆ پێناسەى ئەو گرووپانە کەڵکى لێوەردەگیرێت.

دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، گرووپى یەکەم کە گرووپى نەتەوەییە، پێناسە کردووە بە:

 "خەڵکانێکن، ڕایەڵەیەکى یاسایی لەسەر بنەماى هاوڵاتیبوون، بەرژەوەندى هاوبەش و ئەرک و ماف پێکەوە دەیانبەستێتەوە."

 گرووپى دووەم گرووپى رەچەڵەکییە، وشەى ڕەچەڵەک بەرانبەر وشەى ئیثنیک (Ethnic)ە، ڕیشەى وشەکە لە (ethnikos) گریکییەوە هاتووە. لە کۆندا "ئیثنیک" بۆ ناسینەوەى سێ کۆمەڵە کەس بەکارهاتووە، یەکەم؛ کۆمەڵە خەڵکێک، گونجان و هارمۆنیان تێدابێت، دووەم؛ وەک ئاماژەیەک بۆ زمانى ئەو خەڵکە بیانییەى دێنە ناو کۆمەڵەیەکى ترەوە، سێهەم؛ بە ماناى بیروباوەڕێکى نامۆى کۆمەڵێک خەڵک دێت. لە زۆربەى کاتەکاندا جیاوازى ڕەچەڵەکى لە نێوان دوو گرووپى سەر بە یەک گرووپى دینى و نەژادى و نەتەوەیدا هەیە، هەندێجاریش دەکرێت یەکێک یان دوو لە تایبەتمەندى ئەو گرووپانە لەگەڵ جیاوازى ڕەچەڵەکیدا بوونى هەبێت، بەڵام لێرەدا دەبێت بیسەلمێنرێت هۆکارى بە ئامانجکردنەکە بریتییە لە جیاوازى ڕەچەڵەکى، ئەمەش ئەرکێکى قورس و تا ڕادەیەک ئەستەم دروستدەکات و ئاسان نەتوانرێت ئەو جیاوازیانە دیاریبکرێت.

دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا بەم شێوەیە پێناسى گرووپى ڕەچەڵەکى دەکات:

 "خەڵکانێکن، ڕایەڵەکانى زمان یان کولتوور پێکەوە دەیانبەستێتەوە، یان خەڵکانێکن، خۆیان بە جیاواز یان لایەنى جێبەجێکارى تاوانى جینۆساید بە جیاواز دەیانبینن."

 لەمپەرە گەورەکەى بەردەم دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا ئەوەبوو بیسەلمێنێت ئەو دوو گرووپە لە یەک جیاوازن و ئەو جیاوازییەش هۆکارى ئەنجامدانى تاوانەکەیە. لە وڵاتى ڕواندا هووتووەکان لە هەڵمەتێکى سەد ڕۆژەدا ژمارەیەکى ئیگجار زۆرى تووتسییەکان لەناودەبەن، هووتووەکان و تووتسیەکان سەر بە یەک دین و یەک نەتەوە و یەک نەژاد بوون، کەمترین جیاوازى کولتوورى و زمانییان هەبوو. لە یەکێک لە بڕیارەکانى دادگاکەدا، دادوەرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تووتسییەکان بە بەراورد بە تەواوى دانیشتوانى ڕواندا، زمان و کولتوورى تایبەت بە خۆیان نییە، ئەگەر بۆ دادگا دەرکەوت هیچ جیاوازییەکى  نەتەوەیی، ڕەچەڵەکى، نەژادى یان ئاینى بوونى نییە، ئەوا ئەو کوشتارە ناچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا بۆ ئەوەى لە سروشتى تاوانەکە و جیاوازیی ئەو دوو گرووپە تێبگەن، دادگاکە گەڕایەوە بۆ سیستمى حکوومرانى و ئیدارى ئەوکاتى ڕواندا. هاوڵاتییانى ڕواندا لەکاتى مامەڵەى دەرهێنانى پێناسى بارى شارستانى و ڕەگەزنامەدا دەبوو یەکێک لەو تیرە و بنەچە یان ڕەچەڵەکانە بۆ دیاریکردنى شوناسیان هەڵبژێرن. پێش ئەوەى ئەو تاوانە ڕووبدات لە مامەڵەکانى دەرهێنانى پێناسى بارى شارستانیدا ڕواندا دابەشکرابوو بەسەر سێ گرووپى ڕەچەڵەکیدا ئەوانیش؛ هووتوو، تووتسى و تووا بوون. بۆ دادگاکە دەرکەوت پێش ئەوەى جەنگى ناوخۆ ڕووبدات، ئەم گرووپانە لە نوسراوە فەڕمییەکانى وڵاتى ڕواندادا لە کاتى مامەڵەى هاوڵاتیاندا ئاماژەیان پێکراوە. پاشان دادوەرەکان گەڕانەوە بۆ ئەوەى ئایا سرووشتى ئەم گرووپانە هەمیشەییە یان کاتیی و گۆڕاوە، دەرکەوت سەرەڕاى ئەوەى ژنوژنخوازى لە نێوان هەردوو ڕەچەڵەکدا هەیە، بەڵام دوو گرووپەکە تەواو لەیەکتر جیاوازن و خاوەنى خەسڵەتى خۆیانن و هەمیشەیین. بەمەش دادگاکە بڕیاریدا ئەو دوو گرووپە لە ڕووی ڕەچەڵەکییەوە بە تەواوى جیاوازن و ئەو کوشتارەى هووتووەکان دژى تووتسییەکان ئەنجامیداوە دەچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە.

لە کاتى دادبینیکردنەکانى دادگاى تابەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، پرسیارێکى تر لەسەر مژارى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى هاتە کایەوە، ئەویش کووشتنى ئەندامەکانى گروپێک لە لایەن گرووپەکە خۆیەوە، ئایا دەکرێت گرووپێک لە لایەن خۆیەوە جینۆساید بکرێت؟ لە ساڵانى دواتردا ئەمە ناونرا خوود-جینۆساید (Autogenocide)، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ڕووی یاساییەوە ناچێتە چوار چێوەى تاوانى جینۆسایدەوە، دادگاکە لە چەند کەیسێکدا ڕووبەرووى ئەم بابەتە بووەوە. چەند سیاسەتوانێکى هووتووەکان کە پشتیوانى تووتسییەکانیان دەکرد لایەن کاربەدەستانى خۆیانەوە (هووتووەکان) کوژرابوون، واتە لایەنى جینۆسایدکەر بەشێک لە ئەندامەکانى گرووپەکەى خۆیانى کوشتووە لە پاى ئەوەى ئەو ئەندامانە بەرگری لە گرووپى بە ئامانجگیراو دەکەن، دادگاکە بڕیاریدا کە ئەم جۆرە کوشتنە ناچێتە چوارچێوەى جینۆسایدەوە، لە بڕیارەکەیدا دەڵێت:

 "ئەو تاوانانەى بەرانبەر سیاسەتوانە هووتووەکان ئەنجامدراوە بە جینۆساید ناژمێردرێت، لەبەر ئەوەى قوربانییەکانى ئەو تاوانە لە سەر بنەماى جیاوازى ڕەچەڵەکى نەکراونەتە ئامانج (سەرەڕاى ئەوەى پشتیوانى گرووپى رەچەڵەکى بە ئامانجگیراو بوون)، هەروەها ئەو کەسانەى کە کراونەتە ئامانج بە بە هەڵە نەکراوەتە ئامانج کە وا زانرابێت ئەمانە تووتسین."

لە راپۆرتى دەستەى گەڕان بە دواى ڕاستییەکان لە دارفووردا، دەستەکە ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانى گرووپە جیاوازەکانى دارفوور دەکات، دەستەکە دەڵێت هەردوو لایەنى پەلاماردەر و بەئامانجگیراو لە دارفووردا هیچ جیاوازیەکى دینى و زمانی و نەتەوەییان نییە، هەردوولا بە زمانى عەرەبى قسەدەکەن  و سەربە دینى ئیسلامن و بەهۆى ژنوژنخوازییەوە ناتوانرێت لە ڕووى ڕوخسار و دەموچاوەوە لە یەک جیابکرێتەوە، بەڵام هێشتا چەند جیاوازییەکى ئاشکرا لە نێوانیاندا هەیە، لەوانە؛ یەکێک لە گرووپەکان کۆچەرن و ئەوەى تریان نیشتەجێ، هەردوو گرووپ بەسەر چەند عەشیرەتێکدا دابەشبوون، عەشیرەتە ئەفریقییەکان سەرەڕاى ئەوەى بە عەربیش قسە دەکەن بەڵام شێوە دیالێکتى ئەفریقیش بەکار دەهێنن، بەڵام عەشیرەتە عەرەبەکان تەنها بە عەرەبى قسەدەکەن. دەستەکە دەڵێت ئەگەر کەسێک لە دەرەوەى دوو لایەنە بەشەرهاتووەکە تەماشا بکات، لە زۆر ڕووەوە ئەم دوو گرووپە لە یەک دەچن و جیاوازییان کەمە، بەڵام لە جیهانبینى خۆیانەوە جیاوازى گەورەییان هەیە و دەتوانن یەکتر بناسنەوە، هەروەها لە ڕووى سیاسییەوە دابەشبوون، عەشیرەتە ئەفریقییەکان پشتگیرى بەرهەڵستکاران دەکەن و عەشیرەتە عەرەبەکان پشتگیرى حکوومەت، بۆیە هەردوو گرووپەکە پێناسى خۆیان بە جیاوازتر لەوەى تر دەکەن، ئەمەش وەها دەکات ئەم جیاوازییە بە جیاوازى ڕەچەڵەکى ببینرێت و بچێتە چوارچێوەى گرووپە پارێزراوەکانى پەیماننامەى جینۆسایدەوە. گرووپى ڕەچەڵەکى وردترین پێناسەى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى ناو پەیماننامەى جینۆسایدە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، هەردوو دادگاکە پشتیان بە جیاوازییە ڕەچەڵەکییەکانى نێوان گرووپى پەلاماردەر و گرووپى بە ئامانجگیراو لە جینۆسایدى تووتسییەکان و کووردەکان بەستووە بۆ سەلماندنى تاوانى جینۆساید.

گرووپى سێهەمى خاوەنپارێزبەندى، گرووپى نەژادییە. وشەى نەژاد بەرانبەر وشەى (Race)ى زمانى ئینگلیزییە، وشەى نەژاد زۆر فراوانە و بە شێوەیەکى گشتى لە زۆر بابەت و شوێنى جیاوازدا بەکاردەهێنرێت و پێناسەیەکى جیاکراوە و نەگۆڕى نییە، بە پێى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، گرووپى نەژادى پێناسەکراوە بە:

"خەڵکانێکن، خەسڵەتى جەستەیى هاوشێوەیی بۆماوەییان هەیە و لە ناوچەیەکى دیاریکراوى جوگرافیدا نیشتەجێن، بە بێگوێدانە جیاوازی کولتوورى، زارى، نەتەوەیی و دینى."

بەشێکى تر پێناسەیەکى کورتتر و ئاسانترى بۆ دەکەن و گرووپى نەژادى تەنها لە رێگەى جیاوازییە جەستەیەکانەوە دەبینین. لە دادبینییەکانى دواى جەنگى جیهانى دووەم کە بۆ تۆمەتبارەکانى ئەو جەنگە سەرپێخرابوون، چەمکى نەژاد وەک ئاماژەیەک بۆ هاوڵاتى سەر بە نەتەوەیەک یان دەوڵەتێک ئەژمارکراوە، وەک؛ نەژادى جوولەکە، نەژادى قەرەج، نەژادى پۆڵەندی، نەژادى ئەڵمانى.

چوارەم و دوا گرووپى پارێزراو بە پێى پەیماننامەى جینۆساید، گرووپى دینییە، بە پێى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، گرووپى دینى پێناسەکراوە بە:

"خەڵکانێک، هەمان ئاین و ڕیبازى پەرستشیان هەیە، یان کۆمەڵێک کەس کە یەک ئاین، یان ڕیبازێکى هاوبەشی بڕواى دیننیان هەیە."

 دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا تایبەتمەندى دینى مووسڵمانە بۆسنیەکانى وەک خاڵێکى جیاکەرەوە وەرگرتووە و کوشتنى موسڵمانە بە ئامانجگیراوەکانى ناو جەنگى ناوخۆیی یوگووسلاڤیا بە جینۆساید ناساندووە.

سەرەڕاى ئەوەى پەیماننامەکە ناوى هەرچوار گرووپە خاوەنپارێزبەندییەکەى هێناوە. بەڵام یەکێک لەو ئارگومێنتانەى کە لەم ساڵانەى دوایدا کۆدەنگییەکى تا ڕادەیەک گشتى لەسەر درووست بوو، تێزەکەى بیریارى بوارى یاساى تاوانى نێودەوڵەتى (ولیام شاباس)ە، شاباس پێیوا پێویست ناکات پێناسەى تایبەت بۆ هەر یەکێک لەو گرووپانە بە شێوەى جیاجیا بکەین، بەڵکو هێندە بەسە کە بە شێوەیەکى گشتى تاییبەتمەندییەکانى ئەو چوار گرووپە پێکەوە لەبەرچاوبگرین و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ تایبەتمەندییەکانى ئەو گرووپە بکەین کە بەر پەلامارەکان کەوتوون و بە ئامانجگیراون، واتە بە شێوەى "گشت" هەڵسەنگاندن بکرێت نەوەک بە شێوەى پارچەپارچە و بە جیاجیا.

 

_____________________________________________________
[1] ئەم رێسایە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە لە ئەنجامى لاقەکردنى ئەو ژنانەى سەربە گروپێکى پارێزراوەوە لە لایەن کەسێکى سەربە لایەنى ئەنجامدەرى تاوانەکەوە لە دایکبوون، بۆ نموونە؛ چەند پیاوێک لە کاتى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدا لاقەى چەند ئافرەتێک دەکەن و دواتر منداڵیان دەبێت، ئەو منداڵانە دواتر لە ناو کۆمەڵگەى گرووپى قوربانیدا گەورەدەبێت و بە ئەندامانى گروپەکە دەژمێردرێت.

[2] هەندێکجار لە لایەن نووسەرى کوردەوە باسى ئەوە دەکرێت کە لە شاڵاوەکانى ئەنفالدا نەتەوەى تورکمان و دینى مەسیحیش لە پاڵ نەتەوەى کوردا جینۆسایدکراون، چونکە ژمارەیەک لە ئەندامان یان چەند گوندێکى سەر بەو دوو گرووپە جیاوازە بوون بە قوربانى، لێرەدا ئەبێت بگەرێینەوە بۆ ئامانجەکە، ئەگەر ئامانجى شاڵاوەکانى ئەنفال بۆ لە ناوبردنى تەنها نەتەوەى کورد بووە وەکوو گروپێک، یان لە پاڵ کوردیشدا ئەو دوو گرووپەى تریش بە ئامانجگیراون، گەر ئەوانیش ئامانجى شاڵاوەکانى ئەنفال بووبێتن، ئەوا دەکرێت بڵێین ئەوانیش جینۆسایدکراون، بەڵام ئەگەر تەنها کورد ئامانج بووبێت و ئەوان بۆیە بوون بە قوربانى لەبەر ئەوەى لایەنى ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید پێى وەهابووە کە کوردن، ئەوا لەو حاڵەتەدا بۆ ئەو دوو گرووپەى تر بە جینۆساید ناژمێردرێت.


بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى دووەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى سێیەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى پێنجەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى شەشەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى حەوتەم کرتەى ئێرە بکە.

 

نوێنەرى کۆمەڵێک وڵات بە ئامادەبوونى سکرتێرى نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕەفایل لیمکین واژووى پەیماننامەى جینۆساید دەکەن، نیۆرک ١٩٥٠

# هاشتاگ

دادگاى نێودەوڵەتى یاساى تاوانى نێودەوڵەتى جینۆساید