وەک
ئەوەى پێشتر ڕوونکراوەتەوە، دواى گفتووگۆیەکى سێ ساڵە و چەندین پرۆژەڕەشنووس، پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید[1] پێنج کردەى وەک ئامڕازى جێبەجێکردنى جینۆساید لە خۆگرت، کە هەریەک لەوان لە
درێژەدا پێناس و میکانیزمى جیاواز و شێوازى تاوانى وردتر لە خۆدەگرێت، بە مانایەکى
تر، ئەم کردانە پایەى بەرجەستەى تاوانى جینۆسایدن و هەتا یەکێک لەم کردانە (یان
هەوڵدان بۆ ئەنجامدانیان) نەیەتەدى بەرانبەر بە یەکێک لەو گرووپە پارێزراوانە ئەوا
تاوانەکە بە جینۆساید ناژمێردرێت.
یەکێک لەو تاوانە گەورانە کە لە لیستى کردەکانى
پەیماننامەکەدا نییە، پاکتاوى ڕەچەڵەکی (Ethnic Cleansing)ە،[2] ئەم جۆرەى تاوان هەتا ئێستا؛ نە پەیماننامەیەکى لەسەرە، نە پێناسەیەکى جێگیر و
تایبەت بە خۆى هەیە. زۆرجار وەک گوزارەیەکى سیاسى بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە ناو
گۆڕەپانى یاسای نێودەوڵەتیشدا گفتووگۆى لەسەرکراوە و زیاتر بە ماناى ڕاگواستنى بە
کۆمەڵى ڕەچەڵەکێک دێت، دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە دادبینى نێوان بۆسنا و هەرسک
بەرانبەر سڕبیا و مۆنینیگرۆ تایبەت بە پەیماننامەى جینۆساید، پێناسى پاکتاوى
ڕەچەڵەکى کردووە بە:
"ڕاگواستنى
خەڵکانێکى چوونیەک لە ناوچەیەکى جوگرافى دیاریکراودا، لە رێگەى ترساندن و
بەکارهێنانى هێزەوە."
دادگاکە
ئەم تاوانە بە یەکێک لە کردەکانى جینۆساید ناسەلمێنێت، بۆ پاسادانى بڕیارەکەى
دەگەرێتەوە بۆ گفتووگۆکانى نووسینەوەى پڕۆژەڕەشنووەکان، لەو کاتەدا پێشنیارى ئەوە
کراوە ڕاگواستنى زۆرەملێى ئەندامەکانى گرووپێکى پارێزراو ببێت بە یەکێک لە میکانیزمەکانى
تاوانى جینۆساید، بەڵام دواتر لە لایەن کۆمیتەى دووەمەوە ڕەتدەکرێتەوە. لە درێژەدا
دەڵێت:
"ڕاگواستن میکانیزمێک
نییە بۆ سڕینەوەى تێکڕا یان بەشێکى گروپێک، بەڵام ئەگەر ئەو ڕاگواستنە ببێت بە
بەشێک لە خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گروپێک بە مەبەستى لەناوبردنى تێکڕا یان
بەشێکیان ئەوا بێگۆمان دەبێتە کردەیەکى جینۆساید، چونکە ئەم کردەیە بە پێى
پەیماننامەکە یەکێکە لە میکانیزمەکانى جینۆساید."
هەرچەندە
پاکتاوى ڕەچەڵەکى یەکێک نییە لە کردەکانى جینۆساید، بەڵام بە پێى بنەڕەتنامەى
دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى و هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا
و ڕواندا، گەر لایەنێک لە کاتى ئاشتیدا، بە پلان و بەربنەماى کردەیەکى سیستماتیک، پاکتاوى
ڕەچەڵەکى گرووپێک بکات، ئەوا دەبێتە تاوانى دژەمرۆڤایەتى، ئەگەر لە کاتى جەنگیشدا
بێت ئەوا دەچێتە ناو تاوانەکانى جەنگەوە. میکامیزمى
جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید پێنج کردەیە، لێرەدا بە درێژى لەسەر هەریەک لەو
کردانە دەدوێین.
١. کوشتنى ئەندامانى گرووپێک
گوزارەى
کوشتن لێرەدا بریتییە لە کۆتایی پێهێنانى ژیان، لە کردەى کوشتن وەک میکانیزمێکى
ئەنجامدانى جینۆساید دەرئەنجام گرنگە، واتە رێگاکانى کردەى کوشتنەکە گرنگ نین. بە
مانایەکى تر، مەرج نییە کوشتنەکە بە چەک و تەقەمەنى بێت، دەکرێت لە رێگەى چەقۆ و
ئامرازەکانى ترەوە بێت، یان لە رێگەى برسیکردن، تووینیکردن، بەستنەوە تا مردن یان هەر
هۆکارێکى تر کە ببێتە هۆى مردن. کوشتنەکە مەرج نییە پلان بۆ دارێژراو بێت، واتە
گەر سەلمێنرا پێشتر هیچ پلانێک بۆ کوشتنى ئەو کەسە دانەڕێژراوە (لێرەدا پلانرێژى
بۆ کوشتنى کەسەکە وەک تاک، نەوەک پلانرێژى بۆ کوشتنى ئەندامانى گرووپەکە جا
هەرکەسێک بێت)، ئەوا گرنگ نییە و تاوانى جینۆساید ڕوودەدات، بەڵام لێرەدا ئەوەى
گرنگە ئەوەیە، ئەو کوشتنە دەبێت بە ئەنقەست بێت و کەسى بکووژ بە مەبەست کردەى
کوشتنەکە ئەنجامبدات، واتە گەر کوشتنێکى هەڵە بێت ئەوا ناچێتە چوارچێوەى کردەى
کوشتن لە تاوانى جینۆسایدا.
لە
یاساکەدا وشەى ئەندامان (Members) بەکارهاتووە، کە وشەیەکى
کۆیە، لە زمانى ئینگلیزدا هەر شتێک بژمێردرێت و لە یەک زیاتر بێت دەبێت بە کۆ، بەشێک
لە شارەزایانى بوارى جینۆسایدناسى پێیان وایە کاتێک باسى پەیماننامەى بەرلێگرتن و
سزادانى تاوانى جینۆساید دەکرێت ئەوا پێویستە بە لانى کەمەوە دوو کەس بکۆژرێت بۆ
ئەوەى تاوانى جینۆساید ڕووبدات، دواتر هەر سێ دادگا نێودەوڵەتییەکە هەمان ڕستە
(شێوەى کۆ) وەک خۆى لە بنەڕەتنامەکانیاندا بەکارهێناوەتەوە، بەڵام یاساى هەندێک لەو وڵاتانەى کە تاوانى
جینۆسایدیان بە پێى سیستمى یاسایی وڵاتەکەیان قەدەغەکردووە و لە ناویاندا
ئەڵمانیا، دەستکارى وشەکەیانکردووە و
لە کۆوە گۆڕیویانە بە تاک (a Member)، واتە
تەنها بە یەک کردەى کوشتن تاوانى جینۆساید ڕوودەدات. هەرچەندە لە پەیماننامەکە و بنەڕەتنامەى
دادگاکاندا شێوەى ڕستەکە کۆیە، بەڵام دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە (پێکهێنەرەکانى
تاوان)دا[3] جارێکتر پێناسى دەکاتەوە و شێوەکەى لە کۆوە دەگۆرێت بۆ تاک، واتە تەنها بە کوشتنى
یەک کەسى سەر بە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى تاوانى جینۆساید ڕوودەدات، هەردوو
دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا و ڕواندا، لە دادبینیکردنەکانیاندا
شێوەى (کۆ) پشتگوێ دەخەن و کوشتنى تەنها یەک کەسى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بە تاوانى
جینۆساید دەناسێنن.
٢. زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونى بە ئەندامانى گروپێک
وشەى
زیانگەیاندن بەرانبەر (Harm)ى زمانى ئینگلیزییە، واتە
لایەنى جێبەجێکارى تاوانى جینۆساید، بە ئەنقەست کردەیەک ئەنجامبدات کە ببێتە هۆى
زیانگەیاندن بە ئەندامانى گروپێکى خاوەنپارێزبەندى، لە هیچ یەکێک لە پەیماننامەى بەرلێگتن و سزادانى تاوانى جینۆساید و بنەڕەتنامەى دادگا نێودەوڵەتییەکاندا،
پێناسەى زیانگەیاندنى تێدا نییە.
لێرەدا
دوو جۆر زیانى قەدەغەکردووە، زیانى جەستەیی و زیانى دەروونى، هەروەها دیسانەوە
وشەى ئەندامان لیرەشدا بە "کۆ" هاتووە، بەڵام دادگا نێودەوڵەتییەکان
وشەکەیان وەک تاک بەکارهێناوەتەوە، واتە تەنها زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونى
بەرانبەر یەک ئەندامى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بەسە بۆ ئەوەى تاوانى جینۆساید
ڕووبدات.
دادگاى
تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتی بۆ یوگووسلافیا، زیانى جەستەیی پێناسەکردووە بە:
"زیانگەیاندنەکە
ببێتە هۆى لە دەستدانى ئەندامانى جەستە یان لە دەستدانى تواناى کەسێک بۆ درێژەدان
بەژیان بە شێوەیەکى ئاسایی، گرنگ نییە لە دەستدانەکە شێوەیکى هەمیشەیی هەبێت، یان
زیانگەیاندنەکە کاریگەرى لەسەر ژیانى کەسەکە هەبێت بە جۆرێک کە قابیلى چارەسەرى
یەکجارەکى نەبێت"
ئەوەى
لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە کردەى زیانگەیاندنەکە پێویستە بەئەنقەست بێت و لە
دەرئەنجامى ئەو کردەیەدا زیانێکى جەستەیی ڕووبدات، بەڵام مەرج نییە ئاسەوارى
زیانگەیاندنەکە هەمیشەیی بێت. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا،
زیانگەیاندن وردتردەکاتەوە و دەڵێ:
"کردەى
زیانگەیاندنى جەستەیی دەکرێت بە سێ شێوە ڕووبدات، یەکەم؛ ببێتە هۆى بریندارکرن و
لە دەستدانى یەکێک لە ئەندامانى جەستە، دووەم؛ شێواندنى ڕوخسار و بەشى دەرەوەى
جەستە، سێهەم؛ تێکدانى تەندروستى کەسەکە."
هەمان
دادگا، واتە دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، بۆ یەکەمجار کردەى
لاقەکردن، دەستدرێژ و بەدڕەفتارى سێکسى وەک یەکێک لە میکانزمەکانى تاوانى جینۆساید
دەسەلمێنێت، دادگاکە پێیوایە ئەو
لاقەکردن و بەدڕەفتارییە سێکسیانەى کە دژى ئافرەتانى تووتسى ئەنجامدراون، دەچێتە
چوارچێوەى کردەى زیانگەیاندنى جەستەییەوە، دادگاکە دەڵێ:
"لاقەکردن
و بەدڕەفتارى سێکسى، میکانیزمێکى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆسایدە لە ڕیگەى کردەى
زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونییەوە.... ئەم تاوانانە تەنها بەرانبەر ئافرەتە
تووتسییەکان لە لایەن هووتووەکانەوە ئەنجامدراون، هەندێک ئافرەتى تووتسى زیاتر لە
جارێک لاقەکراون، بەشێکیان گێچەڵى سێکسی، بەدڕەفتارى سێکسى و سوکایەتیان پێکراوە,
ئەمەش بووەتە هۆى تێکدانى سایکۆلۆژى و فیزیکى ئەو ئافرەتانەى سەر بە گروپێکى خاوەنپارێزبەندى، هەروەها کاریگەرى خراپى لەسەر
خێزان و جڤاتیان داناوە، ئەمەش وەهاى کردووە ئەم کارانە بەشێک بێت لە هەوڵى لە
ناوبردنى تێکڕا یان بەشێک لە ڕەچەڵەکى تووتسى."
دادگاى
تاوانى نێودەوڵەتى، لە پێکهێنەرەکانى تاواندا بۆ کردەى زیانگەیاندن لە تاوانى
جینۆسایدا، جارێکتر پێناسى کردەى زیانگەیاندنى کردووە و تاوانە سێکسێکانیش بە
یەکێک لە رێگاکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دەسەلمێنێت:
"زیانگەیاندن
دەکرێت یەکێک لەم کردانە بگرێتەوە، بەڵام مەرج نییە تەنها ئەمانە بن، ئەوانیش؛
ئەشکەنجە، لاقەکردن، بەدڕەفتارى سێکسى یان هەرکردەیەکى شکۆشکێن و نامرۆڤانەى تر."
کردەى
زیانگەیاندنى دەروونى بەشێکى ترە لە میکانزمەکانى تاوانى جینۆساید، کە دەکرێت
لێرەدا لە برى زیانگەیاندن، ئازارچەشتن یان ئازاردانى دەروونى بەکاربهێنرێت، دیسانەوە
لە هیچ یەکێک لە بنەڕەتنامەى دادگا نێودەوڵەتییەکان و لە پەیماننامەکەدا پێناسەى ئازارى
دەروونى نەکراوە، بەڵام لە دادبینى دادگاکاندا پێناسەکراوە، دادگاى تایبەت بە
تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا، ئەو ڕەوشە ناخۆشەى کە گرووپى بە ئامانجگیراو
پێیدا تێدەپەڕێت، بە کردەى ئازارى دەروونى دەبینێت، دادگاکە دەڵێ:
"ئەو
تراوما و ئازارە دەروونیانەى، کە کەسێکى ڕزگاربووى کۆمەڵکوژییەکان چەشتووەیەتى،
یان ئەو ترسەى کە کەسێک دەیچێژێت لە ئەگەرى دەستگیرکردنى خۆى، یان یەکێک لە
خێزانەکەى، یان ئەو ئازارەى کە بەهۆى بێدەسەڵاتى خۆیەوە دەیچێژێت کاتێک دەبینێت
کەسە نزیکەکانى لێ جیادەکەنەوە و ئەم بێدەسەڵاتە، یان ئەوەى بە چاوى خۆى کردەى
کوشتنى هاوجڤاتییەکانى دەبینێت، بەشێکە لە کردەى ئازاردانى دەروونى."
جۆرێکى
ترى ئازارى دەروونى دەکرێت لەوەوە سەرچاوە بگرێت کە گرووپى بە ئامانجگیراو لە
رێگەى میحنەتییەکانى هەڵهاتن و کۆڕە و
ئاوارەبوونەوە دەیچێژن، دادگاکە ئەم جۆرە ئازارە دەروونیە بە بەشێک لە میکانزمەکانى
تاوانى جینۆساید دەبینێت:
"بە زۆر
ڕاونانى گرووپێک و ناچارکردنیان بە هەڵهاتن، گەڕان بە دواى پەناگەو شوێنى
حەوانەوە، نەبوونى پێداویستییە سەرەتاییەکانى ژیان، جیهێشتنى ماڵ و موڵک، ژیان لە
ژێر ترس و دڵەڕەواکێ، هەروەها پەژارەى ئەو ئافرەتانەى کە هاوسەر و نێرینەى
خێزانەکانیان لێجیاکراونەتەوە و دڵلابوونیان، بینینى سوتاندن و خاپوورکردنى خانوو
و ڕەز و باخیان، بەشێکە لە کردەى ئازارى دەروونى و یەکێکە لە میکانیزمەکانى
جێبەجێکردنى جینۆساید."
سەرەڕاى
ئەوەى ئەو کردانەى سەرەوە لە تاوانى پاکتاوى ڕەچەڵەکیدا هەیە، بەڵام ئەو تاوانە
بەشێک نییە لە میکانیزمەکانى ئەنجامدانى جینۆساید، بەڵام هەردوو دادگا تایبەتییە
نێودەوڵەتییەکە، لە هەموو دادبینییەکانیاندا ئاماژە بە ناچوونیەکى کەیسەکان دەکەن
و پێیان وایە هەر حاڵەت و دۆخێک تایبەتمەندى خۆى هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو کردانەی
سەرەوە لە پاڵ پایەکانى ترى تاوانى جینۆسایدا ڕوویدا، دەکرێت بە جینۆساید
ئەژماربکرێت، بەڵام ئەوکاتە لەژێر ناوى زیانگەیاندنى جەستەیی و دەروونى بە ئەندامانى
گروپێک، یان خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گرووپێک، واتە بە پێى کردەى دووەم و سێیەمى
میکانیزمى جیبەجێکردنى جینۆساید دەبێت، نەوەک لەژێر ناوى پاکتاوى ڕەچەڵەکى.
٣. خستنەبەر جەوروستەمى ژیانى گروپێک بە مەبەستى لەناوبردنى تێکڕا یان
بەشێکیان
ئەگەر
لە دوو کردەکەى پێشوودا ئەندامەکانى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى ئامانج بن، ئەوا لە
کردەى خستنەبەر جەوروستەم و سەپاندنى میحنەت بۆ سەر ژیانى گرووپێکى
خاوەنپارێزبەندى، تێکراى گرووپەکە بە ئامانج دەگیرێت، واتە لێرەدا جەوروستەم دژى
ئەندامێکى گروپێکى دیاریکراو ناچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە بەم میکانیزمە،
بەڵکو دەچێتە ناو کردەى دووەمەوە، کە لە سەرەوە ڕوونکراوەتەوە، لێرەدا تێکڕاى
گرووپەکە وەک گشت بە نیشانە دەکرێن و کردەکان ئاراستەى تێکڕاى گرووپەکە دەکرێت.
زۆرجار
لە ناو تێکستە یاسایەکان و کتێبەکانى جینۆسایدا لە برى گوزارشتى (خستنەبەر جەوروستەمى
ژیانى گروپێک بە مەبەستى لەناوبردنى تێکڕا یان بەشێکیان) تەنها گوزارەى (مردنى
لەسەرخۆ) دادەنێن. لێرەدا ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆساید لە رێگەى گرتنەبەرى کۆمەڵێک
پلان و ستراتیژەوە هەوڵى لە پەلوپۆخستنى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپێکى
خاوەنپارێزبەندى دەدەن، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، خستنەبەر
جەوروستەمى ژیانى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بەوە پێناسە دەکات کە لایەنى
جینۆسایدکەر بەشێک لە پێداویستییەکانى بەردەوامى ژیانکردن لە گرووپێک مەحرووم
دەکات، لە درێژەدا دەڵێ:
"مەرج نییە
ڕێگەکانى لە ناوبردنى گروپێک دەمودەست و کتوپڕ بێت، بەڵکو دەکرێ مردنێکى لەسەرخۆ
بێت، بۆ نموونە؛ ڕێگریکردن لە دەستڕاگەشتنى پێداویستییەکانى چارەسەر و پزیشکى،
پێنەدانى بەشى پێویست لە خواردن و خستنەبەردەم برسێتى و قاتوقڕى، پێنەدانى شوێنى
نیشتەجێبوونى پێویست، ڕیگریکردن لە دەستڕاگەشتن بە پێداویستیەکانى جلوبەرگ و
پاکژکرەوە."
لە
پاڵ ئەوەدا، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا، باسى ئەو جەوروستەمە
دەکات کە موسڵمانەکانى بۆسنە لە کاتى ئاوارەیبووندا و لە ناو کەمپەکاندا
چەشتوویانە، دادگاکە ئەو میحنەتیانە بە میکانیزمێک بۆ مردنى لەسەرخۆى مووسڵمانەکان
دەبینێت و خستوویەتیە ناو کردەکانى تاوانى جینۆسایدەوە. بەڵام دادگاى تاوانى
نێودەوڵەتی، بە سوود وەرگرتن لە پێناسەى هەردوو دادگاکە، پێناسەیکى نوێ بۆ سەپاندنى
جەوروستەم دەکات و دەڵێت:
"خستنەبەر
جەوروستەم دەکرێت یەکێک لەم کردانە بگرێتەوە، بەڵام مەرج نییە تەنها ئەمانە بن،
ئەوانیش؛ بێبەشکردنى بە ئەنقەست لە سەرچاوەکانى ژیان لە رێگەى پێنەدانى خواردن، ڕیگریکردن
لە دەستگەشتن بە پێداویستییە پزیشکییەکان، یان بە زۆر کۆچپێکردنیان."
٤. سەپاندنى ڕێکارێک بە مەبەستى بەربەستدانان لە زاوزێکردنى گروپێک
ئەگەر
ئەو سێ کردەیەى پێشوو میکانیزمى فیزیکى جیبەجێکردنى جینۆساید بێت، ئەوا کردەى بەربەستدانان
لەزاوزێکردن و وەچەخستنەوەى گرووپێک، کردەیەکى بایۆلۆژییە، هەرچەندە سەرەتا لە
پڕۆژەڕەشنووسى یەکەم و دووەمدا میکانیزمەکانیان بەسەر میکانیزمى فیزیکى و
بایۆلۆژیدا دابەشکردبوو (لە پرۆژەڕەشنووسى یەکەمدا لە پاڵ ئەو دووانە میکانیزمى
کولتووریش دانرابوو بەڵام دواتر لە پەیماننامەکە لابرا)، کەچى لە پەیماننامەکەدا
میکانیزمەکان لابران، بەڵام ئێستاش شارەزایانى بوارى جینۆساید سێ کردەى یەکەم بە
جینۆسایدى فیزیکى و ئەم کردەکەیە بە جینۆسایدى بایۆلۆژى و کردەى پێنجەم بە
جینۆسایدى کولتوورى ناودەبەن.
تەگەرەخستنەبەر
و سەپاندنى ڕێکارێک کە ببێتە هۆى بەربەستدانان لە زاوزێکردنى گرووپێک دابەش دەبێت
بەسەر دوو جۆر تەکنێکى تاوانى جێندەریدا، یەکەم؛ تەکنیکى جەستەیی، دووەم تەکنیکى
دەروونى، لە تەکنیکى جەستەییدا، قوربانییەکە لە رێگەى ئەندامەکانى جەستەیەوە ڕێگری
وەچەخستنەوەى لێدەکرێت، لەوانە؛ بڕینى ئەو ئەندامانەى جەستە کە بەرپرسن لە
زاوزێکردن، نەزۆرککردن، جیاکردنەوەى ژن و پیاوى گرووپەکە لە یەکترى، بە
زۆرسکپڕکردن (لەم حاڵەتەدا منداڵەکە لەو کۆمەڵگەیە گەورە نابێت کە دایکەکەى لێوە
هاتووە، کە گرووپى چەوسێنراو و جینۆسایدکراوە، بەڵکو لە کۆمەڵگەى باوکەکە گەورە
دەبێت، باشترین نموونە منداڵى هووتووەکانە کە لە ژنە تووتسییەکان و منداڵەکانى داعشن
لە ژنە یەزیدییەکان). لە تەکنیکى تاوانى دووەمدا، کە تەکنیکى دەروونییە،
قوربانییەکە بەهۆى ئازارى دەروونى و ناڕەحەتى ویژدانیەوە لە وەچەخستنەوە دەوەستێت،
بۆ نموونە؛ ئەو ئافرەتانەى لەلایەن هێزى جینۆسایدکەرەوە لاقەدەکرێن و بەدڕەفتارى
سێکسییان بەرانبەردەکرێت، کە ڕەنگە بە هۆى ئەو تاوانەى بەرانبەریان کراوە جارێکیتر
ئامادەى پێکهێنانى ژیانى هاوسەرى نەبن، یان تواناى ژیانکردنێکى ئاساییان نەمێنێ، ئەو
ئافرەتانەى بەهۆى نۆرم و عاداتى کۆمەڵایەتییەوە[4] یان بەهۆى ئەو بەدرەفتریانەوە بەربەستیان بۆ دروست دەبێت بۆ دەستپێکرنى ژیانێکى
نۆێ.
٥. بە زۆر
گواستنەوەى منداڵان لە گرووپێکەوە بۆ گرووپێکى تر
کردەى
پێنجەم و کۆتایی میکانیزمى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید، بە زۆر گواستنەى منداڵانى
سەر بە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندییە بۆ ناو گرووپێکى تر، ئەم کردەیە زۆرجار بە
جینۆسایدى کولتوورى ناودەبرێت، چونکە لە پرۆژەڕەشنووسى یەکەمدا لەژێر میکانیزمى
جینۆسایدى کولتووریدا دانرابوو، جەوهەرى ئەم کردەیە لێرەدا ئەوە نییە کە
جیاکردنەوەى منداڵ لە کەسوکارى لە پێناو مافى منداڵان یان مافەکانى مرۆڤدا
قەدەغەبکات، هەروەها پەیوەندى بەوەشەوە نییە کە ئەو منداڵە دواتر چى بەسەر دێت،
ئەگەر ئەو منداڵانە بکوژرێن ئەوە دەچێتە ناو چوارچێوەى کردەى یەکەمەوە، گەر زیانى
جەستەیی و دەروونى بدرێن ئەوە دەچێتە ناو چوارچێوەى کردەیی دووەمەوە، ئەى کەواتە
گرنگییەکەى چییە؟ ئەم کردەیە بۆیە قەدەغەکراوە چونکە لایەنێک دەیەوێت بە
جیاکردنەوەى ئەو منداڵانە، گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بە تێکڕا یان بەشێکیان لە
ناوبەرێت، ڕوونتر، ئەم کردەیە بۆیە وەک میکانیزمێکى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید
ناسێنراوە چوونکە ئەو مناڵ/منداڵانەى لە گرووپەکەى خۆیان کە بە زۆر دەگوازرێنەوە
بۆ ناو گرووپ و جفاتێکى تر، بەهۆى دووری و دەست ڕانەگشتن بە کولتوورى خۆیان و
تێکەڵاوبوون بە کولتوورى گرووپى خانەخوێ، بە ناچارى نەریتى گرووپى دووەم وەردەگرن
و دەبن بە بەشێک لەو جڤاتە نوێیە، بەمەش تێکڕا یان بەشێک لە گرووپى جینۆسایدکراو
لەناودەچێت. ئەوەى لێرەدا گرنگە ئەوە نییە کە ئەو منداڵ/منداڵانە چەند میل و
کاتژمێر دوور دەخرێنەوە بەڵکو ئەوە گرنگە گواستنەوەکە ببێتەهۆى دابڕینیان لە
کولتوورى گرووپى خۆیان، واتە لێردا پەیماننامەکە بۆ پاراستنى قوربانییەکان نییە،
بەڵکو بۆ پاراستنى جڤاتى قوربانییەکەیە. بۆ نموونە گەر منداڵێک یان کۆمەڵێک منداڵ
لە ناوچەیەکەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەکى ترى سەر بە هەمان گرووپ ئەوا ناچێتە ناو
تاوانى جینۆسایدەوە بە پێى ئەم کردەیە. لە
بنەڕەتدا وشەى منداڵان بە شێوەى کۆ هاتووە، بەڵام دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى وشەکەى
کردووەتەوە بە تاک، واتە تەنها بە گواستنەوەى یەک منداڵ دەکرێت تاوانى جینۆساید
ڕووبدات و خوار تەمەنى هەژدە ساڵیشى وەک منداڵ دیاریکردووە، بەڵام دەبێت پرۆسەى
گواستنەوەکە بە زۆربێت، واتە بەشێک نەبێت لە ڕێکارێکى ئاسایی.
______________________________________________________________
[1] لەم زنجیرە وتارەدا چەندینجار بەر وشەگەلى وەک؛ پەیماننامە، ڕێکەوتننامە، جاڕنامە و بنەڕەتنامە دەکەوین، کە هەریەک لەو چەمکانە تایبەتمەندى خۆی هەیە، پەیماننامە، هەروەک ئەوەى بە ناوەکەیدا دیارە، مەبەست لەوەیە کە لایەنەکان (زۆر جار دەوڵەتەکان) پەیمان بە یەکترى دەدەن کە ڕەچاوى بەند و ماددەکانى بکەن، وشەکە بەرانبەر وشەى (Convention)ى ئینگلیزییە، لە پەیماننامەدا، گرنگى بە بنەما ئەخلاقى و گەردوونییەکان و یاساى سروشتى دەدرێت، واتە هەر یاسایەک بنەماکانى ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤى تێدابێت و جیهانى بێت و فەلسەفەى یونیڤێرساڵ بیگرێتەوە ئەوا پەیماننامەیە، لە ناویاندا و لە هەمووى گرنتر پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید ساڵى ١٩٤٨، پەیماننامەکانى ژنێڤ ساڵى ١٩٤٩ و هەر نۆ پەیماننامەکانى مافەکانى مرۆڤ. ڕیکەوتننامە، وشەکە بەرانبەر وشەى (Treaty)ى ئینگلیزییە، هەروەک ئەوەى بە ناوەکەیدا دیارە، مەبەست لەوەیە کە لایەنەکان (زۆر جار دەوڵەتەکان) رێکدەکەون لەسەر کۆمەڵێک خاڵ، کە ڕەنگە گرنگى بە بنەما ئەخلاقى و گەردوونییەکان نەدرێت و بەرژەوەندى وڵاتان تێیدا چەقى بابەتەکە بێت، وەک ڕێکەوتنامەى سیڤەر، لۆزان, هتد. جاڕنامە، وشەکە بەرانبەر وشەى (Declaration)ى ئینگلیزییە، کۆمەڵێک بنەماى گشتی ئەخلاقى و مافەکانى مرۆڤە و یاسایەکى ئیلزامى نییە و گرنک نییە دەوڵەتەت و لایەنەکان واژۆى دەکەن یان نا، زیاتر لە شێوەى جاڕدانێک دەردەکرێت، گرنگترینیان جاڕنامەى گەردوونى مافەکانى مرۆڤ ساڵى ١٩٤٨. بنەڕەتنامە، وشەکە بەرانبەر وشەى (Statute)ى ئینگلیزییە، ئەم وشەیە لە ڕیشەى وشەیەکى فەڕەنسییەوە وەرگیراوەوە کە بە ماناى دامەزراندن یان دەستپێک دێت، ئەم جۆرە یاسایە تێکەڵەیەکە لە کۆمەڵێک نۆرم، یاسا و حوکمى یاسایی لەگەڵ بنەما رێکارییەکان، زیاتر وەک بناغە و بنەڕەتێک بۆ دامەزراندن و کارکردنى دادگا نێودەوڵەتى و بە نێودەوڵەتیکراوەکان دەنوسرێن، گرنگترینیان؛ بنەڕەتنامەى دادگاى دادى نێودەوڵەتى ساڵى ١٩٤٥، بنەڕەتنامەى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا ساڵى ١٩٩٣، بنەڕەتنامەى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا ساڵى ١٩٩٤، بنەڕەتنامەى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى ساڵى ١٩٩٨.
[2] لە زمانى کوردیدا زۆرجار ئەم چەمکە بە پاکتاوى ڕەگەزى، پاکتاوى نەژادى یان پاکتاوى نەتەوەیی ناویهێنراوە، بەڵام درووسترین چەمک پاکتاوى ڕەچەڵەکییە، چونکە ڕەچەڵەک دەکرێت بە مانای ڕەگەز و نەژاد بێت و دەکرێت بازنەیەکى بچووکتریش بێت لە ڕەگەز و نەژاد، هەروەها زۆرجاریش ئەم چەمکانە لە برى وشەى جینۆساید بەکاردەهێنێرێت، کە نەک دروست نییە، بەڵکو زۆریش پێچەوانەى مانا و ناوەڕۆکى جینۆسایدە.
[3] لە ساڵى ٢٠١٠، ئەنجوومەنى گشتى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى کە لە دەوڵەتە ئەندامەکانى پێک هاتوون، لە کۆنفرانسى کامپالا، پێکهێنەرەکانى تاوان (Elements of Crimes) پەسەند دەکەن، ئەم پێکهێنەرانە جارێکتر پێناسەى هەر یەک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە وردى دەکات و پێکهاتەکانى هەر تاوانێک ڕوونتردەکاتەوە.
[4] دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، تەنها بە شێوەیەکى گشتى باسى بەربەستى هاوسەرگیری و هاوسەرگیریکردنەوە دەکات، بەڵام شارەزایان، ئەم جۆرە تەکنیکەى تاوان وردتردەکەنەوە، بە شێوەیەک کە هەر کۆمەڵگەیەک نەریت و تەقالیدى خۆى هەیە و دەکرێت ئەو نەریتانە ببێت بە بەربەست لە هاوسەرگیرى و دووبارى هاوسەرگیریکردنەوەدا، بەمەش ئەو کەسە لە وەچەخستنەوە دەکەوێت، هەر هەمان دادگا، لە زۆرێک لە دادبینیکردنەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر کۆمەڵگە و کەیسێک پێویستە لە سیاق و کۆنتێکستى خۆیدا بخوێنرێتەوە، لەبەر ئەو ڕۆشناییە، دەکرێت بڵێین، ئەو ئافرەتانەى لە ئەنفال یەجێماون و هاوسەرەکانیان یان دەستگیرانەکانیان ئەنفالکران، بەشێکیان بەهۆى میحنەتى دەروونى و بەشێکیشیان بەهۆى لەمپەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە نەیانتوانى دووبارە هاوسەرگیری بکەنەوە، دەچێتە چوارچێوەى بەربەستدانان لە زاوزێکردنى نەتەوەى کوردەوە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى دووەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى چوارەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى پێنجەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى شەشەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى حەوتەم کرتەى ئێرە بکە.