سەرتاوتار و شیکاری

ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون لە تاوانى جینۆسایددا

بەشى حەوتەم

لە تاوانى جینۆسایددا تەنها بە مەنزەڵگەیاندنى تاوانەکە وەک تاوان ناژمێردرێت، بەڵکوو لە پاڵ تاوانى تەواوکراودا، سێ شێوەى تر وەک تاوانى ناتەواوى جینۆساید سزاى لەسەرە. لە هەمانکاتدا بەشدارى ناڕاستەوخۆ لە پاڵ بەشدارى ڕاستەوخۆدا سزاى لەسەرە، گرنگى ئەم بەرپرسیاربوونە وەک ئەوەى لە ناونیشانى پەیماننامەکەدا هاتووە بۆ بەرلێگرتنى تاوانى جینۆسایدە پێش ئەوەى ڕووبدات، لە کاتى ڕوودانیشیدا بۆ بە سزاگەیاندنى ئەنجامدەرەکانییەتى، چ ئەوانەى ڕاستەوخۆ تێوەگلاون یان ئەوانەى ناراستەوخۆ وەک هاریکار لە بە ئەنجامگەیاندنى تاوانەکە بەرپرسیارن. پەیماننامەکە و دواتریش هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگوسلافیا و ڕواندا، پێنج شێوازیان وەک ئاکارى بەرپرسیابوون لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا دیاریکردووە، هەر کەسێک بە هەر یەکێک لەو شێوازانە تاوانى جینۆساید ئەنجامبدات یان تێیدا بەشداربێت ئەوا بەرپرسیاردەبێت و پێویستە سزا بدرێت، ئەوانیش:

"١. ئەنجامدانى جینۆساید، ٢. پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى جینۆساید[1] ، ٣. ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانى جینۆساید، ٤. هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى جینۆساید، ٥. هاریکارى لە تاوانى جینۆساید."

ئەو پێنج ئاکارى بەرپرسیاربوونە[2] دواى گفتوگۆیەکى چڕ لە کاتى پرۆژەڕەشنووسەکانى نوسینەوەى پەیماننامەکە گەڵاڵەکرا، لەسەرەتادا ئاکارەکان جۆرێکیتر بوون، ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون لە پرۆژەڕەشنووسى یەکەمدا بریتیبوون لە:

"١. هەر هەوڵێک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٢. توێژینەوە و گەڕان بە مەبەستى بەرەوپێشبردنى تەکنیکەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٣. دامەزراندن و بەگەڕخستن و بەدەستخستنى هەرشتێک کە مەبەست تێیدا تاوانى جینۆساید بێت، ٤. بڵاوکردنەوە و دەرکردنى بڕیار یان دابەشکردنى ئەرکێک بە مەبەستى ئەنجامدانى جینۆساید، ٥. بەشداریی خۆویستانە لە تاوانى جینۆسایددا، ٦. ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانى جینۆساید، چ ئەگەر ورووژاندنەکە سەرکەوتووش نەبوو، ٧. پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید."

هەر لە سەرەتاوە ورووژاندن و پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بووە مژارى ناو گفتووگۆکانى نووسینەوەى پەیماننامەکە، چونکە لەوکاتەدا مرۆڤایەتى هێشتا شۆکى تاوانى هۆڵۆکۆست بەرینەدابوو. پاش ئەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان دامەزرا و سیستمێکى نوێى جیهانى هاتە ئاراوە، بەشێکى زۆرى هەوڵ و تەقەلاکان بەو ئاراستەیە بوون هەرچۆنێک بێت لەناو سیستمە جیهانییە نوێیەکەدا نەهێڵدرێت تاوانێکى هاوشێوە دووبارە ببێتەوە، لە ڕوونکردنەوە و سەرنجى بەشداربووەکانى ناو نووسینەوەى پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمدا ئەمە بە تەواوى ڕەنگیداوەتەوە، دەیانویست هەموو ڕیگاکانى ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بەرلێبگرن و نەهێڵن ڕووبدات، یەکێک لە سەرنجەکان دەڵێت:

"جینۆساید تاوانێکى سامناکە، ئەگەر ڕووبدات ئەستەمە جارێکیتر لایەنى قوربانى وەک جارانى لێبێتەوە، سروشتى تاوانەکە وەهایە کە پێویستى بە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵک و ئامادەکارى پێشوەختە هەیە بۆ جێبەجێکردنى."

کۆمیتەى نووسینەوەى پڕۆژەڕەشنووسى یەکەم سەبارەت بە ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون چەند ڕوونکردنەوەیەکیان نووسیوە. پەیوەست بەو خاڵەى باسى توێژینەوە دەکات مەبەستى بەرەوپێشبردنى تەکنیکەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددە، کۆمیتەکە دەڵێت مەبەست لەو توێژینەوانەیە کە ڕەنگە کیمیاگەر و پزیشکەکان داوایان لێبکرێت ئامادەى بکەن سەبارەت بەو ماددە ژەهراویانەى کە دەبێتە هۆى کوشتنى بە کۆمەڵ. سەبارەت بەو خاڵەى باسى بڵاوکردنەوە و دەرکردنى بڕیار یان دابەشکردنى ئەرکێک دەکات بە مەبەستى ئەنجامدانى جینۆساید، کۆمیتەکە دەڵێت مەبەست لەوەیە کە دەزگاکانى ئیدارى و بەڕیوەبردن ڕادەسپێردرێن بۆ ئامادەسازى بۆ ئەنجامدانى جینۆساید یان دیاریکردنى شوێن و ناو و ناونیشانى ئەو کەسانەى کە پێویستە بکرێنە ئامانج. سەبارەت بە ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، کۆمیتەکە ڕوونکردنەوەى ئەوەى داوە کە ئەم خاڵە بە تەنها کەسە یەکەمەکان ناگرێتەوە بەڵکو هەرکەسێکى تر لەڕێگەى نووسین و قسە و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانەوە هانى خەڵکى بدات بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، سەبارەت بە پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، کۆمیتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید تەنانەت تاوانەکەشى پێ ئەنجامنەدرا، ئەوا پێویستە هەر سزاى لەسەربێت.

لە پرۆژەڕەشنووسى دووەمدا "ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون" کورتتر کرایەوە بۆ پێنج شێواز، کە دواتر کومیتەى سێیەم هەمان ئەو پێنج شێوازەى بە دەستکارییەکى کەمەوە دانایەوە و دواتر لە پەیماننامەکە جێگیرکرا، کۆمیتە تایبەتەکەى ئەنجوومەنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەرکى نووسینى پرۆژەڕەشنووسى دووەمى لەسەربوو چەند تێبینییەکى بۆ ڕوونکردنەوەى هەندێ خاڵ خستووەتە ڕوو، لەوانە، سەبارەت بە زەمینەسازى و پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، کۆمیتەکە نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە درووستکردنى کەمپى کوشتن و تەنوورەکانى سوتاندنى مرۆڤ بەشێکە لە پیلانرێژى و ئەگەر تەنانەت بە کارنەهێنرێت بۆ کوشتنى هیچ کەسێکیش ئەوا دەبێت وەک ئامادەسازى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید سزاى لەسەربێت، بەڵام دواتر و لە کاتى دادبینیکردنەکانى هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا، پیلانگێڕى مانایەکى تر وەردەگرێت و ئەو شێوازەى کۆمیتە تایبەتەکەى ئەنجوومەنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان نموونەى لەسەر هێناوەتەوە ناچێتە چوارچێوەى پیلانگێڕیەوە. پەیماننامەکە زۆر بە ڕوونى هەموو کەسێک بێ گوێدانە ئاستى بەرپرسیارێتى و پلەى حکوومڕانى تاوانبار دەکات ئەگەر بە شێوەیەک لە شێوەکانى ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون بەشدارى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بکات، ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون پێنج ئاکارن و یەک بە یەک ڕووکردنەوەى زیاترى لەسەر دەدەین.


یەکەم: ئاکارى بەرپرسیاربوون بە شێوزاى ئەنجامدان
شێوازى یەکەم لە بەرپرسیاربوون لە تاوانى جینۆسایددا ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددە، لێرەدا کەسەکان ڕاستەوخۆ، ئەوانەى بەشدارى ڕاستەوخۆى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دەکەن بەرپرسیارن و پەیماننامەکە داوا دەکات سزابدرێن، هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا و ڕواندا هەمان شێوازیان بەو سادەیی و کورتییە وەک خۆى داناوەتەوە "ئەنجامدانى جینۆساید"، بەڵام دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى، شێوازەکەى زیاتر فروانکردووە و پێناسەیەکى گشتگیرترى بۆ داناوە:

"ئەنجامدانى تاوان، چ بە تەنها یان لەگەڵ کەسانى تردا، یاخوود لە رێگەى کەسانێکى ترەوە، بێگویدانە ئەوەى ئەگەر کەسەکانى تر بەرپرسیار بن یان نا."

یەکێک لەو رەخنە جددیانەى ئاراستەى پەیماننامەکە و هەردوو دادگا تایبەتەکە و دواتریش دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى کراوە سەبارەت بە بەشدارى ڕاستەوخۆ لە تاواندا ئەوەیە کە هیچ یەکێک لەو دادگایانە ئەوەیان ڕووننەکردووەتەوە کە ئاخۆ مەبەست چییە لە بەشدارى ڕاستەوخۆ لە تاوان، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون لە تاوانە گەورەکان و بە تایبەت تاوانى جینۆساید ئەوەیە، زۆرجار ئەوانەى ئەنجامدەر و بڕیاردەرى سەرەکى تاوانەکەن، بەشدارى فعلى نین لە ئەنجامدانى کردەکانى تاوانەکەدا، لێرەدا دەکرێت کۆمەڵێک کەس پێکەوە ئەنجامدەرى ڕاستەوخۆى تاوانى جینۆساید بن، بەمە دەوترێت هاوبەشبوون یان بەشداربوون لە تاوانى جینۆسایدا (Joint Criminal Enterprise) کە جیاوازە لە هاریکاربوون لە تاوانى جینۆسایددا (Complicity). لە هاریکاربووندا کەسێک یان چەند کەسێک یارمەتى ئەنجامدەرە هاوبەشەکانى تاوانەکە دەدات بە شێوەى ناڕاستەوخۆ، بەڵام لە هاوبەشبوونى ڕاستەوخۆدا، بۆ نموونە چەند کەسێک پێکەوە پیلان دادەنێن و ویستێکى هاوبەش کۆیاندەکاتەوە و پێکەوە کردەکانى تاوانى جینۆساید ئەنجامدەدەن، یان چەند کەسێک ویستێکى هاوبەشى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید کۆیان دەکاتەوە، بەڵام هەریەکەو بەشێکى تاوانەکە ئەنجامدەدەن، لە هەردوو حاڵەتەکەدا کەسەکان پێکەوە هاوبەشى ئەنجامدانى ڕاستەوخۆى تاوانى جینۆسایدن، یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانى تاوانى جینۆساید ئەوەیە زۆرترین کەسى تێدا دەبێتە قوربانى و زۆرترین تاوانبار بەشداری تێدا دەکەن، لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ژمارەى تۆمەتبارەکان لەبەردەم دادگادا هەزاران تێپەرێنێت، لێرەدا دەچێتە ناو بابەتێکى ترەوە ئەویش بەرپرسیارێتى فەرماندارى و باڵادەستى (Command Responsibility and Superiority)ە.

ئەنجامدەرى ڕاستەوخۆى تاوانى جینۆساید بە کەسێک دەوترێت کە بەشداربێت لە ئەنجامدانى پایەى بەرجەستەى تاوانەکەدا، واتە بەلانی کەمەوە یەکێک لە پێنج کردەکەى تاوانى جینۆسایدى بە شێوەى ڕاستەوخۆ ئەنجامدابێت، یاخوود بەرپرس بێت لە ڕاگرتنى تاوانەکەدا بەڵام ڕاینەگرێت،[3] دادگاکانى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا و ڕواندا دەڵێت:

"ئەنجامدەرى ڕاستەوخۆى تاوانى جینۆساید، ئەو کەسە یان ئەو کەسانەن کە جێبەجێکارى ڕاستەوخۆى تاوانەکەن و پلەیەکى بەرپرسیاری و ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدیان هەیە، یان ئەوانەى بەشدارییەکى کارامەیان هەیە لە سەرکردایەتیکردن و بەڕێوەبردنى تاوانەکەدا. لە ئەنجامدانى ڕاستەوخۆدا، مەرج نییە تۆمەتبارەکە ڕاستەوخۆ بەشداربێت لە کوشتندا، بەڵکوو دەکرێت لە هەر کردەیەکى ترى پایەى بەرجەستەدا (یەکێک لە پێنج کردەکە) بەشدار بێت. مەرج نییە ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید لە کاتى ڕوودانى تاوانەکەدا لە گۆڕەپانى تاوانەکەدا بوونى هەبێت."

دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى پەیوەست بە بابەتى "هاوبەشیکردن" لە تاوندا فراوانتر بیری لێکردووەتەوە، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو کەسانەى کە ئاخۆ هاوبەشى تاوانن یان نا، دادگاکە پێوەرى "تواناى ئاراستەکردنى ڕووداوەکان"ى وەک خاڵێکى یەکلاکەرەوە وەرگرتووە، واتە لە سیاقى ڕووداوەکاندا ئایا کەسەکان (بەلانى کەمەوە دوو کەس) پێکەوە ئیدارەى ڕووداوەکانیان کردووە؟ ئایا دەسەڵاتى ئەوەیان هەبووە ڕووداوەکان ئاراستە بکەن؟ هەروەها دادگاکە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانى تاوانەکە پێیوایە بە تەنها کردەى کەسێکیان ئەوی تریشیان تاوانبار دەکات، ڕوونتر، ئەگەر چەند کەسێک ڕێکبکەون بۆ ئەنجامدانى تاوانێکى تر، بەڵام تاوانەکە هەڵگرى ئەگەرى ڕوودانى جینۆساید بێت، یەکێک لەوان تاوانى جینۆساید لەسەر هەمان ڕێکەوتن ئەنجامبدات، ئەوا هەموویان بەرپرس دەبن بە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا لەسەر ئەم شێوازى ئاکارى بەرپرسیارییەتی و هاوبەشیکردنە لە تاواندا نموونەیەک باس دەکات:

"لایەنێک پلان دادەنێن بۆ ئەوەى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بە زۆر و لە رێگەى هەڕەشەى چەکەوە لە شوێنى خۆیان ڕابگوازن، بەڵام بە مەستى سڕینەوەى ڕەچەڵەکى (Ethnic Cleansing) نەوەک ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، لە کاتى ڕووداوەکەدا چەند کەسێک لەو گرووپەى کە بە زۆر ڕادەگوازرێت لە لایەن یەکێک لەو کەسانەوە دەکوژرێت، کەواتە ئەم کوشتنە دەرئەنجامێکى چاوەڕوانکراوە لەو پلانڕێژییە، هەرچەند ئەوان مەبەستى کوشتنیان نەبووە، (لێرەدا تاوانى جینۆساید ڕوودەدات و کەسەکان وەک یەک تاوانبار دەبن بە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید)."

سەبارەت بە بەرپرسیاربوونى ڕاستەوخۆ لە تاوانى جینۆساید لە رێگەى نەکردنى کارێکەوە، واتە کەسەکە تاوانبارە نەک لەبەرئەوەى کە چى کردووە بەڵکوو لەبەرئەوەى کە هیچ کارێکى نەکردووە و درێغیکردووە لە وەستاندنى تاوانەکە، بەڵام لێرەدا مەرجە کەسە بە ئەنقەست و بە ویستى ڕوودانى تاوانەکە ئەو هەڵوێستەى نواندبێت، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا لە کەیسى (مپامبارا) دەڵێت:

"ئەو، بەرپرسیارییەتییەکى بەرزى بەڕێوەبردنى یەکێک لە کامپەکانى لە ئەستۆدا بوو، دەسەڵاتى بەسەر سەربازەکان و پاسەوانەکاندا هەبوو، بە بەرچاوییەوە تاوانەکان ڕویانداوە، دەیتوانى ڕێگرى ئەنجامدانى تاوانەکە بکات، بەڵام تاوانەکەى ڕانەگرت، ئەمەش لە چاوى ئەنجامدەرەکانەوە وەها خوێنراوەتەوە کە ئەو ویستوویەتى ئەو تاوانانە ڕووبدات."

رێگایەکى تر لە ئەنجامدانى ڕاستەوخۆى تاوانى نێودەوڵەتی کە تەنها دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى ڕەچاویکردوە و دادگا نێودەوڵەتییەکانى تر پشتگوێیان خستووە، جێبەجێکردنى تاوانە لە ریگەى "کەسانى تر"ەوە. لەم جۆرە بەجێگەیاندنەدا، کەسى ئەنجامدەر لە ڕیگەی نێوەندگیرێکەوە تاوانەکە جێبەجێدەکات، بە "ئەنجامدەرى پشتى ئەنجامدەرەکە" ناوى دەهێنرێت، لەم جۆرە بەرپرسیاربوونەدا، گرنگ نییە "کەسەکانى تر" تاوانباربکرێت یان نا، دادگاکە لە ڕەوش (Situation)ى کۆنگۆدا و لە کەیس (Case)ى تۆمەتبار (کەتانگا)دا،[4] پێیوایە کەسى پلە باڵا (بە مەرجى هەبوونى دەسەڵات لە پەیکەرى ڕێکخراوەییدا) ئەنجامدەرى ڕاستەوخۆى تاوانەکەیە و ئەوانەى خوارەوە کە جێبەجێکارى تاوانەکەن لە برى پلە باڵاکە تاوانەکەیان ئەنجامداوە، یان دەکرێت کۆمەڵێک کەس بە هاوبەشى تاوانەکە لە رێگەى کەسانى خوار خۆیانەوە ئەنجامبدەن، دادگاکە لە ڕەوشى (کۆتیڤوار) و لە کەیسى تۆمەتبار (چارلس گۆدى)دا دەڵێت:

"چارلس گۆدى لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی تردا دەسەڵاتیان بەسەر ئەو هێزە سەربازیانەدا هەبووە کە پشتگیرى تۆمەتبار (گباگبۆ)یان دەکرد، هەروەها پێکەوە بەشداربوون لە پیلانڕێژییەکان، لە رێگەى ئەو دەسەڵاتەى کە لە پەیکەرى ڕێکخراوەکەدا هەیانبووە، تاوانەکانیان ئەنجامداوە."

بۆ هاوبەشبوون لە تاوانى جیۆناسایددا گرنگ نییە پێشتر هیچ رێکەوتنێک لە نێوان ئەنجامدەران و هاوبەشەکاندا بوونى هەبێت، ئەگەر ڕێکەوتنێک هەبوو ئەوا بەشێک دەبێت لە هۆکارەکانى سەلماندن بەڵام بە بێ ڕێکەوتنێکى نووسراو و پێشتر بڕیارلێدراویش دەکرێت چەند کەسێک تەنها لە ساتى ئەنجامدانى تاوانەکەدا پێکەوە بەرپرس بن و وەک ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید بە هاوبەشى سزابدرێن.


دووەم: ئاکارى بەرپرسیاربوون بە شێوازى پیلانگێرى
هەر لە یەکەم پڕۆژەڕەشنووسەوە کە سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان بە هاوکارى کۆمیتەى مافەکانى مرۆڤ و شارەزایان و لە ناویاندا ڕەفایل لیمکین ئامادەیانکرد، پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید یەکێک بوو لەو ئاکارانەى کە بەرپرسیارییەتى درووستدەکات و سزاى لەسەرە، لێرەدا پیلانگێرى بەشێک نییە لە قۆناغەکانى تاوانى جینۆساید، واتە دەکرێت تاوانى جینۆساید ڕووبدات بەڵام پیلانگێڕى و زەمینەسازى و پلانڕێژیش بوونى نەبێت، بە نەبوونى قۆناغى پیلانگێرى ماناى ئەوە نییە تاوانى جینۆساید ڕووینەداوە، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بوونى هەبوو، ئەوە بەتەنها بەو ئامادەکارییە، ئەگەر تاوانەکەش ڕوونەدات، هەر بە جینۆساید دەژمێردرێت و سزاى لەسەرە. پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید تاوانێکى سەربەخۆیە لە ئەنجامدانى جینۆساید، دەکرێت کەسێک بە پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید سزا بدرێت بێ ئەوەى تاوانى جینۆسایدى ئەنجامدابێت، پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید وەک ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بە جینۆساید دەژمێردرێت و یەکێکە لە شێوازەکانى جینۆسایدى تەواونەکراو. بۆ ئەوەى تاوانى پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید وەک ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بژمێردرێت ئەوا پێویستە پیلانگێڕییەکە جیهانى بیرکردنەوە تێپەرێنێت و بە لانى کەمەوە هەنگاوێک نرابێت لە جیهانى بەرجەستەدا، واتە تەنها بیرکردنەوە لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بە پیلانگێڕى ناناسرێت، چونکە ئەستەمە بتوانرێت بسەلمێنرێت کە کەسێک یان چەند کەسێک بیرۆکەى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدیان هەیە مەگەر لە کاتێکدا نەبێت خۆیان دانى پێدا بنێن.

پیلانگێڕى یەکەم قۆناغى ئەنجامدانى تاوانە، یەکەم هەنگاوە لە جیهانى بەرجەستەدا بۆ ئەنجامدانى تاوان و دوا هەنگاوى جیهانى بیرکردنەوەیە. بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دەکرێت چەند قۆناغێک بوونى هەبێت، بەڵام بە نەبوونى یەکێک یان دووان لەو قۆناغانە ماناى ئەوە نییە ئەو تاوانەى ڕوویداوە تاوانى جینۆساید نییە، ئەوانیش:

"١. پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٢. پلانرێژى، ئامادەکارى، ئاراستەکردن و ورووژاندن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٣. هەوڵدان بۆ ئەنجادنى تاوانى جینۆساید، ٤. ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٥. تاوانەکانى پاش ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید (وەک شاردنەوەى بەڵگە)."

سەرەڕاى ئەوەى پیلانگێڕى یەکێکە لە شێوازەکانى ئاکارى بەرپرسیاربوون لە ناو پەپماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایددا، جگە لە دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق و دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا (دادگاى تێکەڵ بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ کەمبۆدیا)، کە لە بنەڕەتنامەکانیاندا سزایان خستووەتە سەر پیلانگێڕى، بەڵام دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى پیلانگێرى لە ناو بنەڕەتنامەکەیدا دەرکردووە و بە شێوازێکى ئاکارى بەرپرسیاربوون نەیناساندووە. لە ناو ئەو چوار دادگا نێودەوڵەتییەشدا تەنها دوو دادگاى یەکەم لە دادبینییەکانیاندا کاریان لەسەر شێوازى پیلانگێڕى کردووە و دوو دادگاکەى تر لە دادبینیکردنەکانیاندا پشتگوێیان خستووە یان نەیانتوانیوە بیسەلمێنن کە تۆمەتبارەکان پیلانیان بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید گێراوە.

دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا لە دادبینیکردنەکانیدا پێناسەى "پیلانگێڕى" کردووە بە:

"پیلانگێڕى لە تاوانى جینۆسایددا بریتییە لە ڕێکەوتنى نێوان دوو کەس یان زیاتر بۆ ئەنجامدانى تاوانى جیۆساید."

ڕێکەوتن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید پایەى بەرجەستەى پیلانگێڕییەکەیە، بەڵام مەرج نییە ئەو ڕێکەوتنە، ڕێکەوتنێکى فەڕمى بێت، یان پێویستى بە شێوەیەکى تایبەتى لە سەلماندن هەبێت، بەڵکو هێندە بەسە ئەگەر لە هەڵسەنگاندنى ڕووداو و بەڵگەکانەوە دەرکەوت رێکەوتنێکى نهێنى یان ئاشکرا، یان هەمانگییەک لە نێوان چەند کەسێکدا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بوونى هەیە، یان چەند کەسێکى تر پاش ڕێکەوتنەکە چووبێتنە ناو پیلانگێرییەکە و بە ڕێکەوتنەکە ڕازی بووبێتن، هەر بە سەلماندنى ڕێکەوتنەکە بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید و بوونى ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، تاوانى پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دەسەلمێنرێت. مەرج نییە ئەو ڕێکەوتن و هەمانگییە چووبێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لەم شێوازەى ئاکارى بەرپرسیاربوونەدا پێویستە پایەى هۆشمەندى و پایەى بەرجەستەى پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید پێکەوە بوونیان هەبێت، پایەى بەرجەستە پیلانگێڕى بریتییە لە ڕێکەوتنى تۆمەتبارەکان بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، لە کاتێکدا پایەى بەرجەستەى جینۆساید بریتییە لە ئەنجامدانى یەکێک لە کردەکانى تاوانى جینۆساید، بەڵام پایەى هۆشمەندییەى بریتییە لە پایەى هۆشمەندى تاوانى جینۆساید کە ویستى سڕینەوەى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندییە. لە حاڵەتێکدا ئەگەر پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید و خوودى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لە یەک کاتدا لەسەر یەک یان چەند تۆمەتبارێک ساغبووەوە و سەلمێنرا، ئەوا تەنها سزا دەدرێت لەسەر ئەنجامدانەکە نەوەک پیلانگێڕى یان پیلانگێڕى و ئەنجامدانەکە پێکەوە.

زۆرجار ئەستەمە بتوانرێت پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بسەلمێنرێت، بەڵام هەندێ پێوەر هەیە کە هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا بەکاریانهێناوە، دادگاکان پێیانوایە لە هەڵسەنگاندنى کۆى گشتى تاوانەکە و ڕەوتى ڕووداوەکانەوە دادگا دەگاتە دەرئەنجامى سەلماندنى پیلانگێڕییەکە یاخوود ئەگەر تاوانى جینۆساید ڕوویدابێت و نەتوانرێت بسەلمێنرێت تۆمەتبارەکان ئەنجامدەرى ڕاستەوخۆى تاوانەکەن ئەوا دەکرێت بوونى تاوانەکە وەک بەڵگەى بوونى ڕێکەوتن لە پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى تاوانى حینۆسایددا ببینرێت. جیاوازى نێوان پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید و هاوبەشبوون لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا ئەوەیە لە پیلانگێڕیدا مەرج نییە تاوانەکە ئەنجامدرابێت، بەڵام لە هاوبەشبوون لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا مەرجە تاوانەکە ڕوویدابێت و هاوبەشەکان پێکەوە ئەنجامیان دابێت. تا ئێستا تەنها هەشت کەس بە پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید سزادراون، حەوت تۆمەتبار لە دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا و یەک تۆمەتبار لە دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا.


سێیەم: ئاکارى بەرپرسیاربوون بە شێوزاى ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ
ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید یەکێکى ترە لەو ئاکارانەى هەرکەسێک ئەنجامى بدات بەرپرسیار دەبێت، ئەم شێوازى ئاکارە، لەگەڵ پیلانگێڕیدا پێکەوە هەردووکیان تەنها و تەنها تایبەتن بە تاوانى جینۆساید، لە هیچ یەکێک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانى تر (تاوانى جەنگ، تاوانى دژەمرۆڤایەتى، تاوانى شەڕەنگێزى) ئەم دوو شێوازە بەدیناکرێت، ئەم شێوازەش هەروەک پیلانگێڕى، لە پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمەوە یەکێکە لە شێوازەکانى ئاکارى بەرپرسیارێتى و لە دوو پرۆژەڕەشنووکەى دواتر و پەیماننامەکەدا هەر وەک خۆى مایەوە، بەڵام تەنها جیاوازییەک ئەوەیە کە لە پڕۆژەڕەشنووسى یەکەمدا لە پاڵ "ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ"دا خاڵێکى تر بۆ بەرپرسیاربوون لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى پڕوپاگەندەوە زیادکرابوو، دواتر لە پڕۆژەڕەشنووسى دووەمدا لابرا:

"ئەم ئاکارانە سزاى لەسەرە: هەموو شێوەکانى پڕوپاگەندەى ڕقاوی و سیتماتیک بۆ دنەدانى خەڵکى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، یان وەها دەرخستن کە ئەو پروپاگەندەیە ڕەوایەتى هەیە و پێویستییە."

هەروەک ئەوەى لە پەیماننامەکەدا هەیە، لە بنەڕەتننامەکانى هەردوو داداگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیا و ڕواندا، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، ورووژاندن وەک یەکێک لە شێوازەکانى ئاکارى بەرپرسیارێتى ناسێنراوە، بەڵام ئەوەى جێگاى تێرامانە دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا تەنها سێ شێواز لە کۆى پێنج شێوازەکەى ئاکارى بەرپرسیارییەتى وەرگرتووە و شێوازى ئاکارى بەرپرسیاربوون لە ڕێگەى ورووژاندنەوە بە هەند وەرنەگرتووە و بەشێک نییە لە بنەڕەتننامەکەى.
دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا لە دادبینییەکانیدا پێناسەى "ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ"ى کردووە بە:

"بە ئاشکرا دنەدان و ورروژاندنى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لە ڕێگەى قسەو گوتارەوە لە شوێنى گشتى و بۆ خەڵکى بە گشتى، یان لە ڕێگەى نووسین و نوسراوەوە کە ئاراستەى خەڵک بکرێت، یان لە رێگەى پۆستەر و نامیلکەوە، یان لە رێگەى ڤیدۆ و دەنگەوە کە بڵاوبکرێتەوە."

لەم شێوازە ئاکارەدا وەک ئاکارى پێشوو (پیلانگێڕى) مەرج نییە تاوانى جینۆساید ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەى بەرپرسیارێتى درووستبکات، بەڵکوو تەنها بە ورووژاندنى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، چى ئەگەر تاوانى جینۆسایدیش ڕوونەدات بەرپرسیارێتى دروست دەکات و سزاى لەسەرە، مەرجیش نییە بۆ ئەوەى جینۆساید ڕووبدات پێویست بێت پێشتر ورروژاندنى خەڵکیش بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بوونى هەبێت، دەکرێت تاوانى جینۆساید ئەنجامدرێت و ورووژاندیش بوونى نەبێت، واتە ورووژاندنى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید یەکێک نییە لە قۆناغەکانى جینۆساید، بەڵام ئەگەر بوونى هەبوو ئەوا بە تەنها خۆى تاوانە یان یارمەتى دادوەران دەدات لە سەلماندنى خوودى تاوانى جینۆسایددا. ئەم جۆرە لە ئاکارى بەرپرسیاربوونە خۆى لە خۆیدا چەند پایەیەکى هەیە، واتە کۆمەڵێک مەرج هەیە کە پێویستە بێتەدى بۆ ئەوەى ئەم شێوازە بەرپرسیارییەتى دروست بکات، ئەو مەرجانە وەک مەرجى پایەى بەرجەستەى "ورووژاندن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید" دەناسرێن، ئەوانیش:

"١. تۆمەتبارەکە خەڵکى خەڵکى بورووژێنێت بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٢. ورووژاندنەکە بە شێوەیەکى ئاشکرا بێت، ٣. ورووژاندنەکە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ بێت، ٤. تۆمەتبارەکە ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى هەبێت."

لە کاتى نوسینەوەى پڕۆژەڕەشنووسى دووەمدا، چەند وڵاتێک پێشنیاریانکرد لە پاڵ ورووژاندنى ئاشکرادا، ورووژاندنى نهێنێى و تایبەتى بۆ زیادبکرێت، واتە جگە لەوەى کە خەڵکى بە ئاشکرا و بە ئامڕازێکى گشتى بورووژێنرێت، دەکرێت لە رێگەى ئامرازەکانى وەک تەلەفۆن و نامەى تایبەتەوە چەند کەسێکیش بورووژێنرێت، بەڵام دەنگى پێویستى بە دەست نەهێنا، بۆیە لە پەیماننامەکەدا تەنها ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ وەک دوا دەق بڕیارى لەسەردرا.

ورووژاندن (Incitement) جیاوازە لە هاندان (Instigation)، لە ورووژاندندا مەرج نییە راستەوخۆ هانى خەڵکى بدرێت، هاندان قۆناغێک لە دواى ورووژاندنەوەیە، تەنها بە ورووژاندن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بەشێک لە پایەى بەرجەستەى ئاکارەکە دێتەدى، ڕەنگە لە هانداندا کەمێک سەختر بێـت، هاندان ڕەنگە قورس بێت بتوانرێت بۆ ئەنجامدانى کارێک ڕەوایەتى پێبدرێت، بەڵام ورووژاندن خۆى لەسەر رەوایەتیدان دامەزراوە و پاساوەکان بۆ ورووژاندن ئاسانتر و لۆجیکتر دەردەکەوێ، بۆیە ورووژاندن لە برى هاندان وەرگیراوە، لە ورووژاندندا مەرج نییە تاوانى لەسەر ئەنجامبدرێت، وە مەرجیش نییە کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر ئەنجامدانى تاوانەکە هەبێت، بەڵکوو هەر هێندەى ورووژاندنێک بە شێوەى راستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید هەبێت ئەوا بەسە بۆ ئەوەى ئاکارى بەرپرسیاربوون درووستبکات. هاندان بە شێوەیەکى ترە، هاندان بۆ تاوانە ئاساییەکانە، بۆ ئەوەى کەسێک بە هاندەرى ئەنجامدانى تاوانێک سزا بدرێت پێویستە هاندانەکە تاوانێکى لەسەر ئەنجامدرابێت و تاوانەکە پەیوەندى بەو هاندانەوە هەبێت، لە وررووژانى خەڵکى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید مەرج نییە تاوانى جینۆساید ڕووبدات، بەڵکوو خوودى وروژاندنەکە تاوانەکەیە و پەیوەست نییە بە دەرئەنجامەکانى ورووژاندنەکەوە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا لە وەڵامى تاوانبار (حەسەن نگیز) لە دادبینى دادگاى پێداچوونەوەدا لە کەیسى هەرسێ تۆمەتبارەکەدا کە ناسراوە بە (کەیسى ڕاگەیاندن)، تاوانبار حەسەن نگیز لە داگادا دەڵێت نووسین و تارەکانى من کاریگەریی لەسەر تاوانەکە نەبووە و بە بێ ئەو وتار و ورووژاندنانەش تاوانى جینۆساید دژى تووتسییەکان هەر ڕوویدەدا، دادگا دەڵێت:

"دادگا داواکەى حەسەن نگیز ڕەتدەکاتەوە کە وتوویەتى بەبێ ئەو وتارانە تاوانى حینۆساید هەر ڕوویدەدا، چونکە ورووژاندنى ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید مەرج نییە تاوانەکەى لەسەر ئەنجام بدرێت، سەبارەت بەوەى دەڵێت وتارەکان چەند ساڵێک پێش ڕوودانى تاوانەکە نووسراوە، دادگا ئەم داوایەش ڕەتدەکاتەوە، چونکە ورووژاندن پەیوەست نییە بە ئەنجامدانى تاوانەکەوە."

هەندێ لە وتارەکان پێش دامەزراندنى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا بڵاوکرابوونەوە، تۆمەتبارەکان بانگەشەى ئەوەیان کرد کە ناچێتە چوارچێوەى مەوداى کاتى دەسەڵاتى دادوەرى دادگاکەوە (Temporal Jurisdiction)، بەڵام دادگا ئارگومێنتى ئەوە دەهێنێتەوە کە ئەو ورووژاندنانە بۆ ئەنجامدانى تاوانێک بووە کە لە ساڵانى دواتردا ڕوویانداوە و ئەو تاوانەى کە لەسەر ورووژاندنەکە ڕوویداوە دەچێتە چوارچێوەى مەوداى کاتى دەسەڵاتى دادوەرى دادگاکەوە، ورووژاندن سیفەت و تایبەتمەندى بەردەوامى هەیە و دەکرێت لە ساڵانى دواتردا تاوانەکەى لەسەر ڕووبدات یان دەکرێت تاوان لەسەرى ڕوونەدات.

دادگاکە گرنگییەکى بەرچاوى بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتى میدیا لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و بە تایبەت تاوانى جینۆساید دەدات و چەندین نووسەر و میدیاکارى دادگایی کردووە، لە یەکێک لە دادبینییەکاندا دەڵێت:

"ئەم کەیسە بنەماگەلى گرنگ لەسەر کارى میدیایی لە خۆدەگرێت، لە دادگاى سەربازى نۆرمبێرگەوە (١٩٤٦) هەتا ئێستا هیچ دادوەرییەک لە یاساى تاوانى نێودەوڵەتى بۆ کارى میدیایی ئەنجامنەدراوە، میدیا دەسەڵاتێکى گەورەى هەیە لە درووستکردن و تێکدانى بەها و بنەما مرۆڤییەکان و بەرپرسیارییەتییەکى گەورەى لەسەرشانە، هەرکەسێک دەسەڵاتى بەسەر میدیادا هەبێت پێویستە بەرپرسیارییەتى دەرەئەنجامەکانیش هەڵبگرێت. دادگا ئاگادارە ئازادى ڕادەربڕین (Freedom of Expression) جیاوازە لە گوتارە ڕقاوییەکان (Hate Speech)، گووتارى ڕقاوى پێشێلى بەندەکانى ناو پەیماننامەى مافە مەدەنى و سیاسییەکان و پەیماننامەى ڕیشەکێشکردنى هەموو هەوڵاوێردێکى نەژادییە و یاساى نێودەوڵەتى نەریتى هەموو جۆرەکانى هەڵاوێردکردن و گووتارە ڕقاوییەکانى قەدەغەکردووە."

پایەى بەرجەستەى ئاکارى ورووژاندنى ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید پێک دێت لە دوو بەش؛ یەکەم: ورووژاندنەکە بە شێوەى ڕاستەوخۆ بێت، دووەم: ورووژاندنەکە بە شێوەى ئاشکرا بێت. "ڕاستەوخۆ" مەبەست لەوەیە ورووژاندنەکە هیچ لێکدانەوەیەکى تر هەڵنەگرێت جگە لە لێکدانەوەى "ورووژاندن" بۆ ئەنجامدانى یەکێک یان زیاتر لە کردەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. بۆ ئەوەى ورووژاندنێک "ڕاستەوخۆ" بێت پێویستە بە ڕوونی و ڕەوانى خەڵکى ورووژاندبێت بۆ ئەنجامدانى تاوانەکە، بەڵام مەرج نییە کۆمەڵێک پێوەر بوونى هەبێت، بەڵکو هێندە بەسە بە پێى باروودۆخ و زمان و کولتوورى ئەو شوێنە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت کە ئاخۆ ورووژاندنەکە کاریگەرى چۆنە و چۆن گەشتووتە بینەر و بیسەر و چۆن خوێنراوەتەوە. هەندێجار بەکارهێنانى زمانى ئاڵۆز و فرەمانا وەک ورووژاندنى ڕاستەوخۆ مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت ئەگەر خەڵکى ورووژاندبێت، لێرەدا بارى سەرنج لەسەر ورووژاندنى خەڵکە نەوەک لەسەر شێوە و جۆرى وشە و گووفتارەکان، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕوواندا دەڵێت:

"بۆ ئەوەى ورووژاندنێک ڕاستەوخۆبێت پێویستە بە ڕوونى خەڵکى ورووژاندبێت یەکێک لە کردەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید ئەنجامبدات، ورووژاندنەکە پێویستە بەشێوەى ناراستەوخۆ یان ناڕوون نەبێت. ئەگەر هیچ تاوانێکیش لەسەر ئەم ورووژاندنە ئەنجامنەدرا ئەوا هەر سزاى لەسەرە وەک جینۆسایدى تەواونەکراو. هەر لەو کاتەى ورووژاندنەکە بڵاو دەبێتەوە و دەگات بە خەڵکى ئەوا بەرپرسیارێتى درووستدەکات و سزاى لەسەرە. بەڵام دەکرێت بەکارهێنانى زمانى ئاڵۆز و فرەمانا وەک ورووژاندنى ڕاستەوخۆ مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، چونکە مەرج نییە لە ورووژاندا زۆر بە ڕاستەوخۆ داواى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بکرێت، پێویستە بە پێى کولتوور و زمانەوانى ناوچەکە هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت، یان بە پێى گوێگرەکان و ئەوانەى وتارەکەیان ئاراستەکراوە، یان بە پێى ڕەوش و باروودۆخى سیاسى. دادگا بە ڕەچاوکردنى کولتوورى ڕواندا و شێوەزارى ناوچەکان هەندێ وشەى فرەمانا و ئاڵۆز وەک وروژاندنى ڕاستەوخۆ تەماشا دەکات، ئەو وشانە لە سیاق و چوارچێوەى بەکارهێناندا دەخوێندرێتەوە، گرنگترین فاکتەر بۆ زانینى ئەوەى ورووژاندنەکە ڕاستەوخۆیە یان نا ئەوا پێویستە ڕەچاوى ئەوە بکرێت ئەو وشە و نوسین و گوفتارانە چۆن لە لایەن بیسەر و بینەر و خوێنەرەوە لێکدراوەتەوە."

 "ئاشکرا" مەبەست ئەوەیە کە ورووژاندنەکە بە ئاشکرا و لە شوێنى گشتیدا یان بە هۆکارى ئاشکرا و گشتى ئاراستەى خەڵک کرابێت، وەک وتاردان بۆ ژمارەیەک کەس لە شوێنێکى گشتیدا، یان ورووژاندن و دنەدان لە ڕێگەى تیڤى و ڕادیۆ و ڕۆژنامەکانەوە، یان لە ریگەى گۆرانى و سروودەوە. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا لەسەر ژمارەى ئامادەبووان دەڵێت:

"پێویست نییە گووتارە ورووژێنەرەکان ژمارەیەکى زۆر خەڵکى تێدا بێت، یان لە ڕێگەى ڕاگەیاندنى فەرمییەوە بڵاوبکرێتەوە، دەکرێت کوێگرەکان ژمارەیان کەم بێت، چونکە لێرەدا گووتارە ورووژێنەرەکە چەقى تێڕامانەکەیە تەنانەت ئەگەر بۆ ژمارەیەکى کەم لە خەڵکێش بێت. دادگاى تێهەڵچوونەوە ئەو داوایە ڕەتدەکاتەوە کە گوایە یەکێک لە تۆمەتبارەکان قسەى بۆ نزیکەى بیست کەس کردووە و پێیوایە ئەو ژمارەیە لەوە کەمترە کە وەک "ئاشکرا" بژمێردرێت، بۆیە دادگا پێیوایە شوێنى گشتى و قسەکردن بۆ کۆمەڵێک خەڵکى چ ئەگەر کۆمەڵە کەسێکى هەڵبژاردە بن یان جەماوەرێک هەر دەچێتە چوارچێوەى پێناسەى ئاشکراوە."

ورووژاندنەکە پێویستە بۆ جەماوەر بێت، لێرەدا پایەى بەرجەستەى ئەم ئاکارە ورووژاندنى خەڵکى مەدەنى و جەماوەرە نەک قسەکردنى پلەدارە حکوومى و ئەفسەرە سەربازییەکان بۆ کەسانى خوار خۆیان چ ئەگەر بە شێوەى کۆبوونەوەش بێت، چونکە لەم کاتەدا ئاکارى بەرپرسیارییەتییەکە لە ورروژاندنى راستەوخۆ و ئاشکراوە دەگۆڕیت بۆ ئاکارێکى بەرپرسیاربوونى تر کە شێوازى بەشداربوون یان هاریکاربوونە. پایەى هۆشمەندى ئاکارى بەرپرسیاربوون بە شێوازى ورووژاندنى ڕاستەوخۆ و ئاشکرا بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید جیاوازە لە پایەى هۆشمەندى خوودى جینۆساید، دادگاى تایبەت بە تاوان  نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا دەڵێت:

"پایەى هۆشمەندى ئاکارى بەرپرسیاربوون لە ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بریتییە لە ویستى ورووژاندنى ئەوانى تر بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، یان هەندێجار ویستى ورووژاندنى ئەوانى تر بۆ ئەنجامدانى جینۆساید و خوودى ویستى ئەنجامدانى ناوانى جینۆساید پێکەوە."

تا ئێستا دادگاکانى تاوانى نێودەوڵەتى حەڤدە کەسیان سزاداوە لە پاى ئەوەى کە خەڵکیان  بە شێوەى ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ورووژاندووە بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید.


چوارەم: ئاکارى بەرپرسیاربوون بە شێوازى هەوڵدان
شێوازى چوارەم لە شێوازەکانى درووستبوونى بەرپرسیارێتى لە تاوانى جینۆسایدا بریتییە لە "هەوڵدان" بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ئەم شێوازە لەگەڵ دوو شێوازەکەى پێشوو "پیلانگێڕى" و "ورووژاندن" پێیاندەوترێت جینۆسایدى تەواونەکراو، واتە لەم سێ شێوازەدا مەرج نییە جینۆساید ڕووبدات، بەڵکوو هەر ئاکارەکە بۆخۆى بەرپرسیارێتى درووستدەکات و سزاى لەسەرە، مەبەست لە هەوڵدان ئەوەیە کە ئەنجامدەرەکە ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى هەیە و هەوڵیداوە کە ویستەکەى جێبەجێبکات، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت سەرکەوتوو نەبووە لە بە مەنزڵگەیاندنى ویستەکەیدا. لە هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا و دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا و دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى جینۆساید بە پێى بنەڕەتننامەکانیان سزاى لەسەرە. دادگاکەى ڕواندا هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوان تەنها لە تاوانى جینۆسایددا کورتکردووەتەوە و دوو تاوانەکەى تر (تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى) هەتا تاوانەکە ڕوونەدات سزاى لەسەر دا نەناوە. ڕوونتر، ئەگەر کەسێک یان چەند کەسێک هەوڵبدەن تاوانى جەنگ یان تاوانى دژەمرۆفایەتى ئەنجامبدەن ئەوا سزا نادرێت هەتا تاوانەکە ئەنجام نەدەن، بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەن تاوانى جینۆساید ئەنجامبدەن ئەوا ئەگەر تاوانەکەش ڕوونەدات هەر سزا دەدرێن. ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە تاوانى جینۆساید تا چ ڕادەیەک تاوانێکى ترسناک و سامناکە. ئەوەى گرنگە ئەوەیە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى خوودى تاوانى جینۆساید سزاى لەسەرە نەوەک بۆ نموونە هەوڵدان بۆ پیلانگێڕى یان هەوڵدان بۆ ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆ، هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى ئەم دوو ئاکارەى دواتر سزاى لەسەر نییە، بەڵکو هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى یەکێک لە پێنج کردەکانى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید سزاى لەسەرە.

تا ئێستا داگاکانى تاوانى نێودەوڵەتى هیچ کەسێکیان بەم ئاکارە سزانەداوە، جگە لە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى هیچ یەکێکى تر لە دادگاکانى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى پێناسەیەى "هەوڵى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید"یان بە درووستى نەکردووە، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى بە شێوەیەکى گشتى پێناسەى "هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوان" کە مەبەست لێى هەرسێ تاوانە نێودەوڵەتییەکەیە کردووە، ئەمەش واتە لە دواى دامەزراندنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتییەوە لە پاڵ تاوانى جینۆسایددا هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوانە نێودەوڵەتییەکانى تر وەک تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى و تاوانى شەڕەنگێزى سزاى لەسەرە، لە بنەڕەتننامەى دادگاکەدا هاتووە:

"مەبەست لە هەوڵدان بریتییە لەو هەنگاوەى کە نراوە بۆ دەستپێکردنى ئەنجامدانى تاوان، بەڵام تاوانەکە ڕووى نەداوە، ئەگەر ئەو دەستبەرداربوونە لە هەوڵى ئەنجامدانى تاوان بە شێوەیەکى خۆویستانە لە لایەن ئەنجامدەرەکەوە بێت ئەوا هیچ سزایەک نایگرێتەوە."

پایەى هۆشمەندى ئاکارى بەرپرسیاربوون بە شێوازى هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بریتییە لە هەمان پایەى هۆشمەندى خوودى تاوانى جینۆساید کە بریتییە لە ویستى لە ناوبردنى تێکڕا یان بەشێک لە گروپێکى خاوەنپارێزبەندى.

 

پێنجەم: ئاکارى بەرپرسیاربوون بە شێوازى هاریکاریکردن
شێوازى پێنجەم و دوا شێواز لە ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون بریتییە لە "هاریکاریکردن"،[5] ئەم شێوازە جیاوازە لە شێوازى یەکەم کە "ئەنجامدانى ڕاستەوخۆ"یە، ئەم شێوازە بە ناڕاستەوخۆ بەشدارە لە تاوانى جینۆسایددا. هەروەها جیاوازترە لە سێ شێوازەکەى ترى "جینۆسایدى تەواونەکراو" ئەم شێوازە کاتێک بەرپرسیار دەبێت کە تاوانى جینۆساید ئەنجامدرابێت. بەرپرسیاربوون لە ڕێگەى هاریکاریکردنەوە تایبەتمەندى و پێناسەى خۆى هەیە، یەکێکە لە پڕکێشمەکێشترین ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون، چونکە ئەم شێوازە تەنهاو تەنها لە تاوانى جینۆسایدا هەیە و لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانى تردا بەدیناکرێت، یان لانى کەم لەژێر هەمان چەمکدا بوونى نییە. لە کاتى نووسینەوەى پرۆژەڕەشنووسەکاندا چەند وڵاتێک پێشنیاریانکرد ئەم شێوازى بەرپرسیاربوونە لاببرێت و تەنها بەشداربووانى ڕاستەوخۆ بەرپرسیابن لە تاوانى جینۆساید، بەڵام دەنگى پێویستى نەهێنا. لە پەیماننامەکەدا "هاریکاریکردن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید" بووە یەکێک لە شێوازەکانى ئاکارى بەرپرسیاربوون، دواتریش سێ دادگا هەمان شێوازیان وەک خۆى لە بنەڕەتننامەکانیان دانایەوە، ئەوانیش هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا، هەروەها دادگاى باڵاى تاوانەکان لە عێراق، بەڵام لە هیچ یەکێک لە بنەڕتننامەکانى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى و دادگاى ناوازەى کەمبۆدیا ئەم شێوازە بەدیناکرێت، هەروەها چەندین وڵات و لە نێویاندا بەریتانیا لەکاتى بە ناوخۆییکردنى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایددا ئەم شێوازەیان وردکردووەتەوە بۆ ئەو پێکهێنەرانەى کە پێکیدەهێنن، واتە هەمان چەمک "هاریکاریکردن"یان لابردووە، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیش بەهەمان شێوە لە برى بەکارهێنانى چەمکى "هاریکاریکردن" وشەکەى وردکردووەتەوە بۆ پێکهاتەکانى تر.

دادگاکانى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا، زۆر بە وردى لەسەر "هاریکاریکردن" وەستاون، دادگاکەى ڕواندا پێناسەى هاریکاریکردنى کردووە بە:

"هاریکاریکردن بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بریتییە لەو یارمەتى و کارئاسانیانەى کە پێشکەشى ئەنجامدەرانى تاوانەکە دەکرێت و ڕۆڵێکى سەرەکى دەگێرن لە ئەنجامدان و تەواوکردنى تاوانەکەدا."

بەڵام دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا دوورتر دەڕوات و "دنەدان" و "پشتگیریکردن"یش بە شێک لە "هاریکریکردن" دەبینێت. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، بۆ ڕوونکردنەوەى زیاترى "هاریکاریکردن" دەگەڕێتەوە بۆ یاساى سزادانى ڕواندا و پێناسەکە فراوانتر دەکات و دەڵێت:

"بە چاوخشاندنەوە بە یاساى سزادانى ڕواندا، هاریکاریکردن دەکرێت بە ماناى ئەمانە بێت: ١. پێدانى چەک و تەقەمەنى، ئامڕازەکانى جێبەجێکردنى تاوان، یان هەر رێگایەکى کارئاسانى تر بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ٢. یارمەتیدان و پشتگیریکردنى ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆساید لە پلانڕێژى و جێبەجێکردنى تاوانەکەدا، ٣. ختووکەدان و جوڵاندنى کەسێک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، یان ئاراستەکردنى کەسێک بە پێدانى دیارى و بەڵێن، ترساندن، یان خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید."

بۆ ئەوەى کەسێک بە شێوازى هاریکاریکردن بەرپرس بێت لە تاوانى جینۆسایددا ئەوا پێویستە لە رێگەى کردنى کارێکەوە کە لێرەدا شێوەى هاریکاریکردنە کارێک بکات، هەروەها پێویستە ئەنجامدەرە سەرەکییەکە تاوانباربکرێت بە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، واتە بەرپرسبوونى هاریکارەکە پەیوەستە بە تاوانباربوونى تۆمەتبارە سەرەکییەکەوە، لێرەدا ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە کەس تاوانبار ناکرێت بە هاریکاریکردن بۆ "ورووژاندن" و "پیلانگێرى" و "هەوڵدان" بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، واتە لە جینۆسایدى تەواونەکراودا هاریکاربوون بوونى نییە، تەنها لە جینۆسایدى تەواوکراودا بوونى هەیە، ڕوونتر، ئەگەر کەسێک هاریکارى کەسێک یان کۆمەڵە کەسێک بکات بۆ پیلانگێڕى بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، بۆ ورووژاندنى ئاشکرا و راستەوخۆى خەڵک بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، یان بۆ هەوڵدان بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، لەو سێ حاڵەتەدا ئەگەر تاوانى جینۆساید ئەنجام نەدرا ئەوا هاریکارەکەش سزا نادرێت هەرچەند بکەرى هەرسێ ئاکارەش سزا بدرێت. ئەگەر سەلمێنرا تۆمەتبارە سەرەکییەکە تاوانى جینۆسایدى ئەنجام نەداوە، ئەوا هاریکارەکەش تاوانبار نابێت بە هاریکاریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا، بەڵام لە حاڵەتێکدا کە سەلمێنرا تاوانى جینۆساید ڕوویداوە بەڵام هیچ تاوانبارێک نەدۆزرایەوە و توانرا بسەلێمنرێت هاریکارەکە هاریکارى ئەنجامدەرەکانى کردووە، ئەوا لێرەدا هاریکارەکە تاوانباردەکرێت بە شێوازى هاریکاریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. بۆ ئەوەى تاوانى جینۆساید درووست ببێت، پێویستە ئەنجامدەرە سەرەکییەکە "ویستى" ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى هەبێت، بەڵام لە شێوازى بەرپرسیاربوون بە هاریکاریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا گرنگ نییە کە هاریکارەکە ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى هەبێت، بەڵکو هەر هێندەى "ئاگایی" هەبوو کە هاریکارییەکەى بۆ ئەنجامدانى تاوانەکەیە، ئەوا تاوانبار دەبێت بە هاریکاریکردن لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا، واتە لێرەدا بوون و نەبوونى ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید گرنگ نییە، بەڵکو بوون و نەبوونى ئاگایى و زانیارى ئەنجامدانى تاوانەکە لاى هاریکارەکە گرنگە. ناکرێت لە یەک کاتدا تۆمەتبارێک بە هاریکاریکار و بە ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید تاوانبار بکرێت، گەر سەلمێنرا لە یەک کاتدا هاریکار و ئەنجامدەرە، ئەوا تەنها بە ئەنجامدەر سزا دەدرێت.

دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە برى چەمکى "هاریکاریکردن"، پێکهاتەکانى هاریکاریکردنى لە بنەڕەتننامەکەیدا بەکارهێناوە، کە ئەوانیش؛ یارمەتیدان و پشتگیریکردنە،[6] واتە ئەم دادگایە وەک ئەوەى لە پەیماننامەکەدا هاتووە وشەکەى بەکارنەهێناوەتەوە و گۆڕانکارى تێداکردووە. لە بنەڕەتننامەى دادگاکەدا هاتووە:

"کارئاسانى بۆ ئەنجامدانى تاوانێکى نێودەوڵەتى، بریتییە لە "یارمەتیدان" و "پشتگیریکردن" یان هەر ڕیگایەکى ترى هاوکاریکردن بۆ ئەنجامدانى تاوانەکە."

یارمەتیدان، بریتییە لەو یارمەتییە ماددیانەى کە یارمەتیدەرەکە پێشکەشى ئەنجامدەرى سەرەکى تاوانى جینۆسایدى دەکات، بە مەرجیێک ئەو یارمەتییە مادییە ڕۆڵێکى بەرچاو بگێرێت لە ئەنجامدانى تاوانەکە، جۆر و شێوە و کاریگەرى یارمەتییەکە کەوتووەتە سەر ڕەوشى ڕووداوەکە و بە پێى هەلومەرجى ڕوداوەکە دەبێت ھەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت. پشتگیریکردن، بریتییە لەو "لەگەڵبوون" و پشتگیرییە مەعنەویانەى کە هاریکارەکە پێشکەشى ئەنجامدەرەکەى دەکات. تا ئێستا دادگاکانى تاوانى نێودەوڵەتى هەژدە کەسیان لە پاى ئەوەى کە یارمەتى ئەنجامدەرى سەرەکى یەکێک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لە ناویاندا دوو کەس بە هاریکار بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید سزاداوە.


 

---------------------------------
[1]  پیلانگێڕى کە مەبەست لێى (Conspiracy)ە جیاوازە لە پلانڕێژى (Planning)، لە یاساى تاوانى نێودەوڵەتیدا ئەوەى یەکەم تاوانى جینۆساید دەگرێتەوە و دووەمیان تاوانەکانى جەنگ و دژەمرۆڤایەتى و تاوانى شەرەنگێزی دەگرێتەوە، هەردووکیان دوو شێوازى جیاوازن لە شێوازەکانى ئاکارى بەرپرسیارێتى، دەکرێت پلانڕێژى لە تاوانى جینۆسایدا هەبێت، بەڵام وەک شێوازێکى تایبەت و سەربەخۆ نا، بەڵکوو دەچێتە ناو چوارچێوەى شێوازى "هەوڵدان" لە ئاکارەکانى بەرپرسیارێتیدا.

[2] لە پەیماننامەکەدا لە پاڵ کردەکانى تاوانى جینۆسایددا کە پێنج کردەن و بە پایەى بەرجەستەى تاوانى جینۆساید دەناسرێن، بەشێکى تر هەیە، کە پەیماننامەکە ناوى ناوە (Punishable Acts) و لە یاساى تاوانى نێودەوڵەتیدا بە (Mode of Liability) ناسراوە، مەبەست لێى ئەو شێوازە ئاکارانەن کە لە ڕێگەیەوە کەسێک بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداردەبێت لە ئەنجامدانى کردەکان و کەسەکە لە ڕێگەیەوە بەپێى یاسا بەرپرسیار دەبێت.

[3] دوو جۆر بەرپرسیاربوون لە تاواندا هەیە، یەکەمیان بەرپرسیاربوون لە ئەنجامدانى کارێک (Commission)، دووەمیان بەرپرسیاربوون لە ئەنجامنەدانى کارێک (Omission)، لە یەکەمیاندا کەسە تاوانێک ئەنجامدەدات یان فەرمانى ئەنجامدانى تاوانێک دەردەکات، لە دووەمدا کەسە سەرەڕاى ئەوەى بەرپرسە لە وەستاندنى تاوانێک بەڵام هیچ فەرمانێک ناکات بۆ ڕاگرتنى تاوانەکە.

[4] بە پێى نەریتى کارکردنى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى، لەبەرئەوەى دادگاکە وەک دادگا نێودەوڵەتییە تایبەتەکان و دادگا تێکەڵەکان نییە، کە تەنها بۆ ڕەوشێکى تایبەت لە وڵاتێکی دیاریکراودا دامەزرابێتن، ئەم دادگایە لەسەرجەم دەوڵەتە ئەندامەکانیدا تواناى جۆڵاندنى داواى هەیە، لە سەرەتادا هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشەکە دەکات کە ئاخۆ چى ڕوویداوە لەو وڵاتەدا، ئەمە پێى دەوترێت ڕەوش (Situation) و  بەپێى ئەو دەوڵەتە یان ئەو دەوڵەتانەى پەیوەندارن بە ڕەوشەکەوە ناوى دەهێنرێت، وەک؛ ڕەوشى کۆنگۆ، ڕەوشى بەریتانیا-عێراق و هتد، پاشان لە هەر ڕەوشێکدا دەگەڕێت کە کێ تۆمەتبارى یەکێک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانە و وەک کەیسێک مامەڵەى لە ناو ئەو ڕەوشەدا لەگەڵ دەکات، ئەمە پێى دەڵێن کەیس (Case)، دەکرێت لە هەر ڕەوشێکدا چەندین کەیس بوونى هەبێت.

[5]  لێرەدا وشەى "هاریکاریکرن" بەرانبەر وشەى (Complicity)ى زمانى ئینگلیزییە، پەیماننامەکە گوزارەى (Complicity in Genocide)ى بەکارهێناوە، ئەم وشەیە جیاوازە لە "هاوبەشیکردن یان بەشداریکردن" لە تاواندا، هاوبەشیکرن و بەشداریکردن بە ماناى (Participation) دێت، کە شێوازێکى ڕاستەوخۆیە لە بەشداریکردن لە تاوان و بە کەسێک دەوترێت کە هاوبەش بێت لە تاوانەکە یان بەشداربێت لە کردنى کردەکانى تاواندا، نەک ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەى هاریکاریکردنەوە بەرپرسیار بێت.

[6] دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە ناو بنەڕەتننامەکەیدا وشەى هاریکاریکردن (Complicity)ى بە هیچ شێوەیەک بەکارنەهێناوە، لە برى ئەوە وشەى یارمەتیدان (Aiding) و پشتگیریکردن (Abetting)ى بەکارهێناوە، کە بە پێى هەردوو دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و ڕواندا "یارمەتیدان و پشتگیریکردن" دوو پێکهاتە سەرەکییەکەى هاریکاریکردنن.

 

بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى دووەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى سێیەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى چوارەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى پێنجەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى شەشەم کرتەى ئێرە بکە.

یەکێک لە کۆگاکانى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ ڕواندا، کە ئێسک و پرووسکى قوربانییە تووتسییەکانى تێدا کۆکراوەتەوە