سەرتاوتار و شیکاری

دادگاى دادى نێودەوڵەتى و تاوانى جینۆساید

 
وڵاتى بۆسنە لە مانگى مارسى ساڵى ١٩٩٣ بە پێى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید داوایەکى یاسایی لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى دژى سڕبیا تۆمارکرد. ئەم کەیسە یەکێکە لە پڕ کێشمەکێشترین کەیسەکانى دادگاکە و بابەتى جینۆساید. دادبینى ئەم کەیسە ماوەى چواردە ساڵى خایاند و لە شوباتى ٢٠٠٧ دواین بڕیارى دادگاکە دەرچوو. سەرەڕاى ئەوەى پێشتر چەند دەوڵەتێکى تر لەبەر ڕۆشنایی پەیماننامەى جینۆساید چەند داوایەکیان جووڵاندبوو، بەڵام دواتر پاشگەزبوونەتەوە و دواکانیان پاشەکشێ پێکردووە، ئەم داوایە یەکەم داوایە لەسەر تاوانى جینۆساید کە بڕیارى دادگاکەى لەسەر دەرچووە.

دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە ساڵى ١٩٤٥ بە پێى بنەڕەتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان دامەزراوە و یەکێکە لە شەش ئۆرگانە سەرەکییەکەى ئەو ڕێکخراوە (دادگاى دادى نێودەوڵەتى، ئەنجوومەنى ئاسایش، ئەنجوومەنى گشتى، ئەنجوومەنى ئابوورى و کۆمەڵایەتى، سکرتاریەتى گشتى، ئەنجوومەنى ڕاسپاردن)، دادگاکە خاوەنى بنەڕەتنامەى تایبەت بە خۆییەتى و دەسەڵاتى دادوەرى بەسەر هەموو دەوڵەتێکى ئەندامى نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەیە. ئەم دادگایە ئەرکى دادبینیکردن و پێدانى ڕاوێژە لەسەر ئەو کێشە و ناکۆکیانەى کە دەوڵەتەکان دەیبەنە بەردەمى و تەنها دەوڵەت مافى داواکردنى ڕاوێژ و جوڵاندنى داواى لەم دادگایەدا هەیە. پەیوەست بە پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید، لە ساڵى ١٩٥٠ لەسەرداواى وڵاتە ئەندامەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و لە ڕێگەى ئەنجوومەنى گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە داوایەک ئاراستەى دادگاکە دەکرێت بۆ پێدانى ڕاوێژ لەسەر مژارى خۆبوواردنى[1] دەوڵەتە ئەندامەکانى ناو پەیماننامەى جینۆساید و دادگاکە بە شێوەى ڕاوێژ تێبینییەکانى خۆى دەخاتەڕوو. پاشان لە ساڵى ١٩٧٣ پاش شەرى ناوخۆى پاکستان و جیابوونەوەى بەنگلادیش، هندستان دەستێوەردانى سەربازى لە پاکستان کرد و سەد هەزار سەربازى پاکستانى دەستبەسەرکرد، هندستان بە نیاز بوو نزیکەى دوو سەد سەربازیان ڕادەستى بەنگلادیش بکات بە مەبەستى دادگاییکردنیان، لەو کاتەدا بەنگلادیش دادگایەکى دامەزراندبوو بۆ دادگاییکردنى ئەو پاکستانیانەى بە تاوانى جینۆساید و تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتیەوە تێوەگلاون. پاکستان داوا لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى دەکات دادبینى بکات لەسەر ئەوەى کە ئەوە مافى پاکستانە ئەو سەربازانەى خۆى دادگایی بکات نەوەک وڵاتى بەنگلادش و پێویستە هندستان سەربازەکان ڕادەستى پاکستان بکاتەوە نەوەک بەنگلادش، پاکستان داواى لە دادگاکە کرد ئەو کێشەیە یەکلا بکاتەوە. پاشان هندستان دادگاى دادى نێودەوڵەتى ئاگادار دەکاتەوە کە هندستان لە کاتى واژۆکردن و بوون بە ئەندامى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایددا مافى خۆبوواردنى بەرانبەر ئەو ماددانە بەکارهێناوە کە ماف بە دەوڵەتى بەرانبەر دەدات لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى داواى لەسەر بجووڵنێت. پاش چەند مانگێک و پێش ئەوەى دادگاکە هیچ بڕیارێک دەربکات، پاکستان داواکەى پاشەکشە پێدەکات و دادگا ئاگادار دەکاتەوە کە دەستبەردارى داواکەى دەبێت و دادگاکەش ڕێکارە یاساییەکانى ئەو داوایە دەوەستێنێت و داواکە دادەخات. ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئەم داوایەى پاکستان پەیوەندى بە خوودى تاوانى جینۆسایدەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندارە بە ڕادەستکردنەوەى تۆمەتبارانى تاوانى جینۆساید و مافى دەوڵەتەکان لە دادگاییکردنى تۆمەتبارەکان بە پێى پەیماننامەکە.

پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید هەتا ساڵى ١٩٩٣ واتە لە ماوەى چل و پێنج ساڵدا وەک مرەکەبى سەرکاز و بە بێ هیچ دادگایەکى تایبەت و دادبینیکردن مایەوە. پاش سەرهەڵدانى پشێوى و جەنگى ناوخۆى یوگووسلاڤیا، وڵاتى بۆسنا کە پێشتر یەکێک بوو لە هەرێمە فیدراڵەکانى یوگووسلاڤیا داوایەک ئاراستەى دادگاى دادى نێودەوڵەتى دژى وڵاتى یوگووسلاڤیا لەسەر پێشێلکارییەکانى ئەو وڵاتە لە هەمبەر پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەکات. یوگووسلاڤیاى پێشوو وڵاتێکى فرە نەتەوە و دین و نەژاد و سیستمى حوکمڕانییەکەى فیدراڵى کۆماری بووە و لە شەش هەرێم پێکهاتبوو. هەرێمە پێکهێنەرەکانى بریتى بوون لە بۆسنا و هەرسک، سڕبیا، مۆنتینیگرۆ، کرواتیا، سلۆڤینیا و مەکەدۆنیا، لە کاتى جوڵاندنى داواکەدا چوار هەرێم لە شەش هەرێمەکە ماوەی ساڵێک بوو سەربەخۆیان وەرگرتبوو، ئەوانیش بۆسنا، سلۆڤینیا، کرواتیا و مەکەدۆنیا بوون، تەنها دوو هەرێم لە ناو یوگووسلاڤیاى پێشوو مایەوە، ئەوانیش سڕبیا و مۆنتینیگرۆ بوون، ناوى وڵاتەکە هەتا ساڵى ٢٠٠٣ هەر بە یوگووسلاڤیا مایەوە و دواتر گۆڕا بە وڵاتى سڕبیا و مۆنتینیگرۆ، پاشان مۆنتینیگرۆش لە ساڵى ٢٠٠٦ سەربەخۆى وەرگرت و تەنها سڕبیا مایەوە و بووە میراتگرى یوگووسلاڤیا. داننان بە سەربەخۆى بۆسنا لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئەو مافەى بە وڵاتەکە بەخشى وەک دەوڵەتێکى سەربەخۆ داوا لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى دژى وڵاتى دایک بجووڵێنێت و پاشان دەوڵەتى سڕبیا وەک میراتگر بەرپرسیارییەتییە یاساییەکان هەڵبگرێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانى ناو ئەم دادبینییە جیابوونەوە و درووستبوون و گۆڕینى ناوى وڵاتەکانە، لە ماوەى چواردە ساڵى دادبینییەکەدا ئەو وڵاتەى داواکەى لە دژ جۆڵێنرابوو سێ جار ناوەکەى گۆڕا و پێنج وڵاتى لێ جیابووەوە، لە سەرەتادا داواکە دژى یوگووسلاڤیا و پاشان ناوەکە گۆڕا بە سڕبیا و مۆنتینیگرۆ و پاشان ساڵێک پێش دەرچوونى دوا بڕیارى دادگاکە ناوەکە گۆڕا بە سڕبیا، کێشمەکێشى بەرپرسیارێتى نێودەوڵەتى کە ئاخۆ ئەوە کام دەوڵەتە پێویستە بەرپرسیارێتییەکان هەڵبگرێت یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانى ئەم دادبینییە و ئەرکى ئەم نووسینە نییە بە درێژى لەسەرى بدوێ.  پاش ئەوەى بۆسنا وەک هەرێمێکى فیدراڵى ناو یوگووسلاڤیاى پێشوو سەربەخۆى وەرگرت، سڕبەکانى ناو وڵاتى جیابووەوە داواى جیابوونەوەیان لە وڵاتى نوێیەکە کرد، چونکە لەو کاتەدا موسڵمانەکان ڕێژەى ٤٤% و سڕبەکان ڕێژەى ٣١% دانیشتوانى بۆسنەیان پێکدەهێنا، بە ڕەچەڵەک سڕبەکانى ناو بۆسنا داوایانکرد ئەو هەرێمانەى کە زۆرترین کەسى بە ڕەچەڵەک سڕبین وەک وڵاتێکى سەربەخۆ لە ژێر ناوى کۆمارى سڕبسکا دانیپێدابنرێت، ئەمەش بووە یەکەم پریشکى شەڕ و پێکدادانى نەژادى و دینى لە ناو وڵاتى بۆسنەدا.

دادگاى دادى نێودەوڵەتى ئەرکى دادبینیکردنە بۆ دیاریکردنى بەرپرسیارێتى و پابەندێتى دەوڵەتەکان بە پێى ئەو پەیماننامە و ڕێکەوتننامانەى دەوڵەتەکان واژۆى دەکەن، ئەم دادگایە لە زۆربەى کەیسەکاندا هەردوو لایەنى ناکۆک بانگهێشت دەکات بۆ دادگاکە و گوێ لە ئارگومێنتەکانیان دەگرێت، پاشان بڕیار لەوە دەدات کام لەو دەوڵەتانە پێشێلى کام لەو ماددە و بەرپرسیارێتیانەى کردووە کە پێویست بوو ڕێزى بگرێت و پێشێلیان نەکات، ئەم دادگایە بە هیچ شێوەیەک مافى ئەوەى نییە تۆمەتبارى کەسى سرووشتى دادگایی بکات و سزاى بەسەردا بسەپێنێت، بۆیە لە کەیسى جینۆسایددا ئەم دادگایە ڕووبەرى ئاستەنگى گەورە دەبێتەوە، چونکە سروشتى تاوانى جینۆساید وەهایە کەسى سرووشتى ئەنجامى دەدات و هەتا دادگایەکى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى یان دەزگایەکى نێودەوڵەتى تایبەت بە لێکۆڵینەوەى تاوانى جینۆساید پشتڕاستى تاوانى جینۆساید نەکاتەوە ئەستەمە ئەم دادگایە بتوانێت بەرپرسیارێتیی و باپەندێتییەکانى دەوڵەت دیارى بکات و بڕیارى لەسەر بدات. دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا کە لە هەمان ساڵدا بە بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى وەک دادگایەکى تاوانى تایبەتمەند بە دادبینیکردنى تاوانە نێودەوڵەتییەکان بۆ یوگووسلاڤیا دامەزرا، ئەم دادگا تایبەتمەندە هاوکارێکى باشى دادگاى دادى نێودەوڵەتى بوو لە دەرکردنى بڕیارەکەیدا. پێش ئەوەى دادگاى دادى نێودەوڵەتى کۆتا بڕیارى لە ساڵى ٢٠٠٧ دەربکات، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا تاوانى جینۆسایدى لە هەرێمى سریبرینکا سەلماندبوو و بڕیارى لەسەر دابوو، هەردوو دەوڵەتى ناکۆک لە دانیشتەکانى دادگاى دادى نێودەوڵەتیدا لە چەندین شوێندا پشتیان بە بڕیارەکانى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا بەستووە و لە ئارگومێنتەکانیاندا بەکاریانهێناوە، بۆیە یەکێک لە دادوەرەکانى دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە بڕیارى "بۆچوونى جیا"[2] خۆیدا لە کەیسى بۆسنا دژى سربیا پەیوەست بە پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەڵێت:

"ئەگەر تەنها پشت بە بانگەشەى دەوڵەتى نەیار ببەسترێت بۆ بڕیاردان لەوەى دەوڵەتێکى تر تاوانى جینۆسایدى ئەنجامداوە کارێکى ئەستەمە، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و دادگاى دادى نێودەوڵەتى پێکەوە لەم کەیسەدا یەکترى تەواو دەکەن، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا دەسەڵاتى دادوەرى تەنها بەسەر کەسى سروشتیدا هەیە و ناتوانێت بڕیار لە پێشێلکاری و بەرپرسیارییەتییەکانى دەوڵەت بدات و بە پێچەوانەوە دادگاى دادى نێودەوڵەتى دەسەڵاتى دادوەرى بەسەر کەسى سروشتیدا نییە و تەنها دەتوانێت بەرپرسیارەییەتییەکانى دەوڵەت و پێشێلکارى پابەندێتییەکانى دەوڵەت دیاریبکات."

جەنگى ناوخۆى یوگووسلاڤیا لە سەرەتاى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا زیاتر لە دە ساڵى خایاند و بووە هۆى قوربانیبوونى نزیکەى سەدوپەنها هەزار هاوڵاتى، لەو جەنگەدا لایەنە بەشەرهاتووەکان تاوانەکانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى و تاوانى جینۆسایدیان ئەنجامدا. جەنگى ناوخۆى یوگووسلاڤیا یەکێکە لە جەنگە ئاڵۆزەکان و لە جەنگێکى سیاسى چەکدارییەوە گۆڕا بۆ پێکدادانى نەتەوەیی و نەژادى و دینى. هێزە سڕبییەکانى ناو بۆسنە بە سەرکردایەتى ڕاتکۆ ملادیچ لە پرۆسەیەکى کورت مەودادا لە هەرێمى سریبرینکا لە بۆسنا نزیکەى هەشت هەزار نێرنەى موسڵمانى بۆسنە دەکوژن. دەوڵەتى بۆسنە لە بەر ڕۆشنایی پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسۆساید لە ٢٠ى مارسى ١٩٩٣ لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى داوا لە دژى کۆمارى فیدڕاڵى یوگووسلاڤیا تۆمار دەکات.
داواکەى بۆسنا لە ڕێگەى پرۆڤیسۆر فرانسیس بوێل لە دووتێوى شەست و چوار لاپەرەدا دەنووسرێت و بۆسنا لە دادگا تۆمارى دەکات. ئەم داوایە یەکەم داواى پەیوەندارە بە خوودى تاوانى جینۆسایدەوە کە ئاراستەى دادگاى دادى نێودەوڵەتى بکرێت، دواکە لە چەند بەشێک پێکهاتووە، لە سەرەتادا پێناسەى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دەکات و لە پاڵیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە تایبەتمەندى ئەو تاوانانەى بەرانبەر هاوڵاتییە بۆسنییەکان ئەنجامدراون چۆن دەچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە، پاشان دەڕواتە سەر باسکردنى مێژووى بۆسنە و پاشان نەخشەى جەنگ و پێکدادانە نەتەوەیی و نەژادى و ئاینییەکان ڕووندەکاتەوە. بۆ ئەوەى کوشتار و تاوانێک بە جینۆساید بناسرێت پێویستە سەرجەم تایبەتمەندییەکانى تاوانى جینۆساید لە خۆ بگرێت. بۆسنە لە داواکەیدا زۆر زانستیانە مامەڵەى کردووە و تێیدا هەر پێنج کردەکانى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید، ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بە مەبەستى لە ناوبردنى تێکڕا یان بەشێک لە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندی، تایبەتمەندى قوربانییەکان وەک یەکێک لە گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى ڕوونکردووەتەوە و بە درێژى نموونەى لەسەر هێناوەتەوە و بەڵگەى پێویستى بۆ سەلماندن هاوپێچکردووە. بۆسنە لە داواکەیدا پشتى بە ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نیشتیمانییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ قوربانییەکان و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بەستووە. بەشى دووەمى داواکە تەرخانکراوە بۆ ئارگومێنتى ڕێکارە یاسایەکان و دەسەڵاتى دادوەرى دادگاى دادى نێودەوڵەتى لەسەر کەیسەکە. کۆمارى فیدراڵى یوگوسلاڤیا لە ساڵى ١٩٥٠ەوە بە بێ هیچ خۆبوواردنێک واژۆى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایدى کردووە، پاش جیابوونەوەى بۆسنا و بە پێى پەیماننامەى ڤییەناى ساڵى ١٩٦٩ تایبەت بە یاساى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتى بۆسنەى جیابووەوە لە یوگووسلاڤیا سەرجەم پابەندێتییەکانى دەوڵەتى دایک بە پێى ئەو پەیماننامە و ڕێکەوتننامانەى دایک واژۆى کردووە هەڵدەگرێت. بۆسنا وەک دەوڵەتێکى نوێ لە ساڵى ١٩٩٢ جارێکیتر لە ڕێگەى سکرتێرى گشتى نەتەوەیکگرتووەکانەوە نیازپاکى خۆى لە رێگەى نامەیەکەوە تایبەت بە ئەندامبوون لە پەیماننامەکە دەردەبرێت. بۆسنە لە ڕێگەى بوون بە ئەندامى نەتەوەیەکگرتووەکان مافەکانى دەوڵەت بوون وەردەگرێت و لە رێگەى پەیماننامەکەشەوە تواناى جوڵاندنى داوا وەک ئەندامێکى پەیماننامەکە لەبەردەم دادگاى دادى نێودەوڵەتى بۆ مسۆگەر دەبێت. بەشی سێیەمى داواکە تەرخانکراوە بۆ پاسادانى داواکەى بۆسنا و پێشێلکارییەکانى دەوڵەتى بەرانبەر لەو باپەندێتیانەى کە پەیماننامەکە بۆى درووستدەکات و دەڵێت:

"یوگووسلاڤیا وەک دەوڵەتێکى ئەندامى پەیماننامەکە پێشێلى بابەندێتییەکانى کردووە لە ڕێگەى؛ پلاندانان، ئامادەسازیکردن، پیلانگێریکردن، ورووژاندن، یارمەتى و هاوکاریکردن و ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید دژى خەڵک و دەوڵەتى بۆسنا، هەروەها یوگووسلاڤیا بەرپرسیارە چونکە نەیویستووە رێگرى بکات لە ڕوودانى تاوانى جینۆساید و تۆمەتبارەکانى تاوانى جینۆسایدى سزا نەداوە."

پاشان داواکە جەختدەکاتەوە لە کردەکانى میکانیزمى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید و ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون، داوا دەکات دادگاى دادى نێودەوڵەتى بڕیارى خێرا و جددى بۆ ڕاگرتنى تاوانەکە و دیاریکردنى لایەنى ئەنجامدەرى تاوانەکە دەربکات و رێگەبدرێت دەوڵەتى بۆسنا چەک و هۆکارەکانى بەرگریکردنى ڕەوا بە دەست بخات، داواکە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئەرکداردەکات بە دەنگ ئەم داوایەوە بچن و تاوانى جینۆساید ڕابگرن و سزاى ئەنجامدەرانى بدەن، داوا لە ئەنجوومەنى ئاسایش دەکات ڕێکارى پێویست و کردارى بۆ بەرلێگرتنى تاوانەکە بە پێى بەندى حەوتى بنەڕتنامەى نەتەوەیەکگرتووەکان بگرێتەبەر.

دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە مانگى چوارى هەمان ساڵدا و دواى بیست ڕۆژ لە تۆمارکردنى داواکە بە پێى بنەماى "ڕیکارە-خێراکان"[3] بڕیارێکى دەرکرد و داواى لە یوگووسلاڤیا کرد دەست لە هەڵمەتى ڕاگواستن و بە ئامانجگرتنى هاوڵاتییە نا-سڕبییەکانى یوگووسلاڤیا هەڵبگرێت و کارێک نەکات ڕەوشەکە بەرەو خراپتر بڕوات، لە درێژەدا دەڵێت:

"١. پێویستە یوگووسلاڤیا زۆر بە پەلە کۆتایی بە کردەکانى تاوانى جینۆساید و هەڵمەتەکانى دژى خەڵک و دەوڵەتى بۆسنا بهێنێت، لەوانە؛ کوشتن، کوشتنى بە کۆمەڵ، ئەشکەنجەدان، لاقەکردن، پاکتاوى ڕەچەڵەکى، خاپورکردن و گەمارۆدانى گوند و شارەکان، برسیکردن و بۆردومانکردن و بەندکردنى هاوڵاتییانى مەدەنى، هەرەوها ڕێگریکردن لە هاوکارییە مرۆییەکانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ لێقەوماوان، ٢. پێویستە دەوڵەتى یوگووسلاڤیا کۆتایی بهێنێت بەو هاوکارییە ماددى و مەعنەویانەى کە بە شێوەى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێشکەشى دەکات بە گرووپە چەکدارە میلیشیاکانى دژى خەڵک و دەوڵەتى بۆسنە، ٣. پێویستە یوگووسلاڤیا رێگری بکات لە دەستێوەردان و تێوەگلانى دەزگا و دامەزراوە مەدەنى و سیاسى و سەربازییەکانى دژى خەڵک و دەوڵەتى بۆسنە. ٤. لەم باروودۆخەدا دەوڵەتى بۆسنە مافى خۆیەتى هاوکارى سەربازى و ماددى لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى وەربگرێت و بۆ بەرگریکردنى ڕەواى خۆى بەکاریبهێنێت، ٥. دەوڵەتى بۆسنە مافى ڕەواى خۆیەتى بانگهێشتى دەوڵەتەکانى تر بکات لە پێناو مەشقکردن و پرچەککردنى هێزە سەربازییەکانى، ٦. دەوڵەتە ئەندامەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان مافى خۆیانە بە دەنگ داواکارییەکانى دەوڵەتى بۆسنەوە بچن و هاوکارى سەربازى و ماددییان پێشکەش بکەن و بەرگری لێبکەن."

دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە بڕیارى ڕێکارە-خێراکاندا دادوەری ناکات و لایەنى پێشێلکار و خاوەن ماف دیاری ناکات، بەڵکوو کۆمەڵێک بڕیار دەردەکات بۆ ئەوەى ڕەوشەکە بەرەو خراپتر نەڕوات، بۆیە دەبینین لەم بریارەیدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بەوە ناکات چى لایەنێک تاوانى جینۆسایدى ئەنجامداوە و چى لایەنێک تاوانەکەى بەرانبەر ئەنجامدراوە. دادگاى دادى نێودەوڵەتى پاش بڕیارى ڕێکارە-خێراکان جارێکیتر هەردوو لایەنى نەیار و ناکۆک بانگهێشت دەکاتەوە و گوێ لە ئارگومێنت و ڕاکانیان دەگرێت. بۆسنە لە مانگى تەمووزى ساڵى ١٩٩٣ جارێکیتر داوایەکى تر پێشکەش دەکات و دادگاکە لەسەرجەم پێشێلکارییە نوێییەکان ئاگادار دەکاتەوە، ئەمجارە بۆسنە داوا لە دادگاکە دەکات زیاتر بارى سەرنجى لەسەر پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید بێت و لە برى بەکارهێنانى چەمکى "بەرگرى ڕەوا" داوا دەکات بە پێى پەیماننامەکە چەمکى بەرپرسیارێتى "پابەندێتى بەرلێگرتن و سزادان"ى تاوانى جینۆساید بەکاربهێنێت و کۆمەڵێک بڕیار بە پێى ڕیکارە-خێراکان دەربکاتەوە، داوا دەکات دادگاکە بڕیاربدات کە:

"١. بۆسنە مافى خۆیەتى هەموو پشتگیرییەکى ماددى و سەربازى لە پێناو بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید بە دەستبخات، ٢. هەموو دەوڵەتە ئەندامەکانى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید ئەرکدار بکرێن بەشداربن لە ڕێگریکردن و بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید دژى خەڵک و دەوڵەتى بۆسنە."

یوگووسلاڤیا وەک لایەنى ناکۆک لە کەیسەکەدا داوا لە دادگاکە دەکات هەمان بڕیارى ڕێکارى-خێرا بۆ دەوڵەتى "بەناو" بۆسنە (لەو کاتەدا یوگووسلاڤیا دانى بە سەربەخۆیی بۆسنەدا نەنابوو) دەربکرێت و داوایان لێبکرێت تاوانى جینۆساید دژى سربەکان ڕابگرن، هەروەها داوایکرد دادگا بڕیارى ڕێکارە-خێراکان هەڵبوەشێنێتەوە چونکە پەیوەست نییە بە پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایدەوە. لەسەر داواکارى هەردوولا جارێکیتر دادگاى دادى نێودەوڵەتى بڕیارێکى ڕێکارى-خێراى نوێی لە ئەیلوولى هەمان ساڵ دەرکردەوە و ئەمجارە جگە لە دووبارە جەختکردنەوە لە بڕیارەکى پێشووتر، بەشێکى بۆ پەیماننامەکە تەرخانکرد. پاش سێ ساڵ لە گوێگرتن لە هەردوولا و کێشمەکێشى بوون و نەبوونى دەسەڵاتى دادوەرى دادگا و پرسى تاوانى جینۆساید بە پێى پەیماننامەکە، لە تەمووزى ١٩٩٦ دادگاى دادى نێودەوڵەتى گەشتە ئەو بڕوایەى کە مەوداى دەسەڵاتى دادوەرى لەسەر کەیسەکە بە پێى پەیماننامەکە هەیە و پرۆسەى بڕیاردان بۆ دادبینیکردن دەستیپێکرد.

لە ساڵى ١٩٩٧ یوگووسلاڤیا راپۆرتى خۆى وەک دژە-ئارگومێنت پێشکەشى دادگاکە دەکاتەوە و دەڵێت:

"ئەو تۆمەتانەى وڵاتى بۆسنا خستوویەتییە پاڵ یوگووسلاڤیا گوایە پێشێلى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایدى کردووە ڕاست و درووست نییە. هیچ یەکێک لە کردەکانى ناو پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید دژى لایەنى بانگەشەکار ئەنجامنەدراوە، ئەگەر یەکێک لەو کردانەش ئەنجامدرابێت ئەوا بە هیچ شێوەیەک مەبەست لێى تاوانى جینۆساید نەبووە. ئەو کردانە گەر ئەنجامدرابێت ئەوا دژى لایەنێکى تایبەت و گرووپێکى دیاریکراو ئەنجام نەدراوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەى سەرەوە و پێدراوەکانى تر:
١. یوگووسلاڤیا و هیچ دەزگایەکى سەر بە دەوڵەت ئەو تاوانانەى ئەنجامنەداوە، ٢. ئەو تاوانانە لە ناو خاکى یوگووسلاڤیا ئەنجامنەدراوە، ٣. هیچ یەکێک لەو تاوانانە لە ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى یوگووسلاڤیا ئەنجام نەدراوە."

لە شوباتى ٢٠٠٧ دادگاکە دوا بڕیارى لەسەر کەیسەکە دەرکرد، بڕیارەکە دووسەد لاپەرەیە و لە دوانزە بەش پێکدێت، گرنگترین خاڵەکانى ناو دوا بڕیارى دادگاکە ئەوەیە: ئەو کوشتارەى لە هەرێمى سریبرینکا بەرانبەر نێرینە موسڵمانە بۆسنیەکان ئەنجامدرابوو بە تاوانى جینۆساید ناساند. دادگا نەیتوانى بیسەلمێنێت دەوڵەتى سڕبیا لە ڕێگەى ئۆرگان و دەزگاکانى دەوڵەتەوە تاوانەکەى ئەنجامداوە چونکە ئەو میلیشیا سەربازییەى بە سەرکردایەتى جەنەڕاڵ ڕاتکۆ ملادیچ تاوانەکەى ئەنجامدابوو هێزێکى بە ڕەچەڵەک سڕبی ناو خاکى بۆسنا بوون و لە دەرەوەى دەزگا فەڕمییەکانى دەوڵەتى سڕبیا بوون، هێزە میلیشاییەکە چالاکییە سەربازییەکانى لە دەرەوەى خاکى سڕبیا و لە ناو خاکى بۆسنەدا ئەنجام دەدا و بەشێک بوون لە هاوڵاتى وڵاتى بۆسنە، بۆیە دادگا نەیتوانى دەوڵەتى سڕبیا بەرپرسیار بکات بە ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید. دادگاى دادى نێودەوڵەتى نەیتوانى بیسەلمێنێت سڕبیا هاریکار و هاوکارى و بەشدارى ئەو هێزە بووە لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى موسڵمانەکانى هەرێمى سریبرینکاى ناو خاکى بۆسنە. سەرەڕاى هەموو ئەوانە دادگا سەلماندى کە دەوڵەتى سڕبیا پێشێلى پابەندێتى بەرلێگرتنى تاوانى جینۆسایدى بە پێى پەیماننامەکە کردووە، هەرچەندە ئەو تاوانە لە دەرەوەى خاکى سڕبیا ئەنجامدرابوو. دادگا سەلماندى دەوڵەتى سڕبیا پێشێلى پابەندێتییەکانى بۆ سزادانى تاوانبارانى تاوانى جینۆساید کردووە، چونکە بەشێک لە تۆمەتبارەکان پاش ئەنجامدانى تاوانەکە هەڵهاتن بۆ ناو خاکەکەى و سڕبیا تۆمەتبارەکانى ڕەوانەى دادگا ناوخۆییەکان نەکرد و سزاى نەدان.

بڕیارەکەى ساڵى ٢٠٠٧ى دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە سەرەتادا باسى ڕێکار و مێژووى داواکە دەکات و سەرجەم دۆکۆمێنت و بەڵگەکانى هەردوو لایەنى نەیار و ناکۆک کە هەتا کاتى دەرچوونى بڕیارەکە پێشکەشى دادگاکەیان کردووە جارێکیتر ئاماژە پێدەکاتەوە، بەشى دووەمى بڕیارەکە تەرخانە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەوەى چى وڵاتێک لە دواى هەڵوەشانەوەى دەوڵەتى یوگووسلاڤیاى فیدراڵى بەرپرسیارییەتییەکان هەڵدەگرێت، دادگا بڕیار دەدات سڕبیا وەک جێنشینى یوگووسلافیاى پێشوو پێویستە سەرجەم بەرپرسیارییەتییەکان هەڵبگرێت. بەشى سێیەمى تەرخانە بۆ گفتووگۆ و ئارگوومێنتى بوون و نەبوونى دەسەڵاتى دادوەرى دادگاى دادى نێودەوڵەتى بەسەر کەیسەکەدا، لەبەر ئەوەى یوگووسلاڤیاى پێشوو لە ساڵى ١٩٥٠وە ئەندامى پەیماننامەکەیە و سڕبیاش وەک هەرێمێکى ناو دەوڵەتى یوگووسلاڤیاى پێشوو ڕازیبووە ببێتە شوێنگرەوە، کەواتە دادگا دەسەڵاتى بەسەر کەیسەکەدا هەیە. بەشى چوارەمى بڕیارەکەش تەرخانە بۆ ئەو پەیماننامەیەى کە بووەتە جێگاى ناکۆکى هەردوولا، ئەویش پەیماننامەی جینۆسایدە، پاش ڕوونکردنەوەى پەیماننامەکە و ئەو پابەندێتیانەى کە پەیماننامەکە بۆ دەوڵەتە ئەندامەکان درووستى دەکات دادگاى دادى نێودەوڵەتى بڕیارەکەى لەبەر ڕۆشنایی هەمان پەیماننامەدا دەردەکرد. لەسەر مژارى پابەندێتى دەوڵەت و بەرپرسیارێتى سزایی، دادگاى دادى نێودەوڵەتى پێیوایە پەیماننامەى بەرلێگرتن وسزادانى تاوانى جینۆساید دەوڵەت بەرپرس ناکات وەک بەرپرسیارى سزایی بەڵکوو تەنها پابەندى دەکات:

"دادگا چەند مژارێکى ڕەچاوکردووە. یەکەم، بەرپرسیارێتى سزایی بۆ دەوڵەت لە یاساى نێودەوڵەتیدا نەناسێنراوە، هەروەها پەیماننامەى جینۆسایدیش بە هەمان شێوە بەرپرسیارێتى سزایی بۆ دەوڵەت درووست ناکات. دادگا لەم کەیسەدا ڕەچاوى پابەندێتی دەوڵەتى کردووە بە شێوەیەک بەرپرسیارێتى سزایی تێدا نەبێت. دووەم، پەیماننامەى جینۆساید تەنها بەرپرسیارێتى سزایی بۆ کەسى سرووشتى و بۆ دەوڵەت پابەندێتى داناوە، دادگاى دادى نێودەوڵەتى هەروەک ئەوەى لە دادگاى نۆرمبێرگدا هاتووە پێیوایە تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن کەسى سرووشتیەوە ئەنجامدەدرێت نەوەک کیانێکى ئەبستراکت، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیش بە هەمان شێوە پێیوایە بەرپرسیارێتى سزایی بۆ هاوڵاتییەکى دەوڵەتێک هیچ بەرپرسیارێتییەک بۆ وڵاتەکەى درووست ناکات، بەڵام هەروەک ئەوەى لە ڕیکەوتنامەى بنەماکانى بەرپرسیارێتى دەوڵەت بۆ کردە هەڵەییە نێودەوڵەتییەکان (Articles on the Responsibility of States for Internationally Wrongful Acts)دا هاتووە کە دەڵێت: کاتێک تاوانەکانى دژى یاساى نێودەوڵەتى لە لایەن بەرپرسە پلە باڵاکانى دەوڵەتێکەوە ئەنجامدەدەرێت ئەوا هەندێجار پابەندێتى بۆ دەوڵەت درووستدەکات بەپێى پابەندێتى بەرلێگرتنى تاوان و پابەندێتى سزادانى ئەنجامدەرانى تاوانەکە."

بەشى چوارەمى بڕیارەکە جارێکیتر بە درێژى لەسەر ڕوونکردنەوەى زیاترى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆساید وەستاوە، شیکردنەوەى زیاتر لەسەر گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى و ویستى جینۆساید دەدات. دادگاکە دەیەوێت وەڵامى ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا دادگاى دادى نێودەوڵەتى دەتوانێت بڕیار لەسەر بوون و نەبوونى تاوانى جینۆساید بدات ئەگەر پێشتر دادگاییەکى تایبەتمەند تر بڕیارى لەسەر تاوانەکە نەدابێت؟  چونکە لەم کەیسەدا پێش ئەوەى دادگاى دادى نێودەوڵەتى بڕیارەکەى لە ساڵى ٢٠٠٧ دەربکات، دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا چەندین بڕیارى دەرکردبوو کە لە هەرێمى سریبرینکا تاوانى جینۆساید ڕوویداوە و سزاى تاوانبارەکانى دابوو. دادگاکە پێیوانییە بۆ ئەوەى بتوانێت بڕیار لە پابەندێتی دەوڵەتێک بدات ئەوا پێویست بێت دادگایەکى تر کە دەسەڵاتى ئەوەى هەبێت دادبینى لە بەرپرسیارێتى سزایی کەسى سرووشتیدا بکات، پێشتر بڕیاریدابێت. بە پێچەوانەوە دادگا پێیوایە تەنانەت ئەگەر هیچ یەکێک لە هاوڵاتییانى وڵاتێکیش تاوانى جینۆسایدى ئەنجامنەدابێت ئەوا دەکرێت دەوڵەتەکە پابەندێتییەکانى بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید و سزادانى ئەنجامدەرانى پێشێل کردبێت. لەسەر بابەتى پابەندێتى دەوڵەت بۆ ئەنجامنەدانى تاوانى جینۆساید دادگا پێیوایە دەوڵەت مافى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى نییە نە لە ناو سنوورى وڵاتەکەى خۆى و نە لە دەرەوەى سنوورەکانى، واتە پابەندێتى ئەنجامنەدانى تاوانى جینۆساید پەیوەست نییە بە مەوداى شوێنى دەسەڵاتى دەوڵەتەوە، بەڵام پابەندێتى سزادانى تاوانبارانى تاوانى جینۆساید سنووردارە بە مەوداى شوێنى دەسەڵاتى دەوڵەتەوە و دەوڵەت کاتێک ئەرکداردەبێت کە تۆمەتبارەکە لە ناو خاکى وڵاتەکەیدابێت.

بەشى پێنجەمى بڕیارەکە تەرخانە بۆ ڕێکارەکانى سەلماندن و بەڵگە، دادگاى دادى نێودەوڵەتى پشتى بە ڕاپۆرتى ڕێکخراوە جیهانى و ناوخۆییەکان، راپۆرتەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان، دادبینییەکانى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێوەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا و شایەتحاڵ و دۆکۆمێنتەکانى تر بەستووە. بەشى شەشەمى بریارەکە تەرخانە بۆ لایەنە سەربازى و بەشەڕهاتووەکان و کردەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید. لەبەر ئەوەى سرووشتى پێکدادانەکان قاڵبێکى نەژادى و دینى وەرگرتبوو، بۆیە لە ناو هەر دەوڵەتێکى بەشەڕهاتوودا لایەنەکانى تر شەڕى بە وەکالەتیان دەکرد، هێزە سڕبییە جووداخوازەکانى ناو دەوڵەتى بۆسنە تاوانى جینۆسایدیان ئەنجامدابوو، بۆسنە داوا لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى دەکات کە دەوڵەتى سڕبیا تاوانبار بکات لەبەر ئەوەى یارمەتى سەربازى و دارایی ئەو هێزەى داوە، دادگا ناتوانێت بیسەلمێنێت سڕبیا یارمەتى ئەو هێزە سڕبییە جوداخوازەى بە مەبەستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید داوە. بەڵام دادگا ئەوەى سەلماند کە هێزە سربیەکانى ناو بۆسنە بە ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدەوە تاوانەکەیان ئەنجامداوە. لە کاتى ووردکردنەوە و ڕوونکردنەوەى زیاترى کردەکانى تاوانى جینۆسایددا، دادگا پێیوایە ئەو هێرش و کوشتنە هەڕەمەکییانەى کە هێزە سربیەکانى بۆسنە کردوویانەتە سەر شار و شارۆچکەکان، ئەگەرچى ئەندامانى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندیشى تێیدا بووبێتە قوربانى، بەڵام ناچێتە چوارچێوەى میکانیزمى یەکەم لە کردەى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدەوە، بەڵکو ئەوانە تاوانى جەنگن. سەبارەت بەو کووشتن و لە ناوبردنانەى ناو کامپەکانى پەنابەران، دادگا پێیوایە ئەو کوشتانە ئەگەرچى خەڵکانى ناو گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندى تێدایە بەڵام ویستى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدی تێدا نەبووە. ناکرێت کوشتنى چەند کەسێکى سەر بە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى لە لایەن ئەوانى ترەوە بە بێ گەڕانەوە بۆ ویستى لە ناوبردنى بەشێک یان تێکڕاى خوودى گرووپەکە وەک تاوانى جینۆساید تەماشا بکرێت، سەرجەم دادبینییەکانى دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ جیاکردنەوەى تاوانى جەنگ و تاوانى دژەمرۆڤایەتى لەگەڵ تاوانى جینۆسایددا بە وریاییەوە لە بوون و نەبوونى ویستى سڕینەوەى گرووپەکانى خاوەنپارێزبەندی کۆڵیونەتەوە. دادگاى دادى نێودەوڵەتى گرتن و خستنە بەر جەورووستەمى مووسڵمانانى هەرێمى سریبرینکا و دواتر کوشتنى زیاتر لە حەوت هەزار نێرینەى مووسڵمانى ئەو هەرێمە لە لایەن هێزە سڕبییەکانى ناو بۆسنەوە بە تاوانى جینۆساید سەلماند و پێیوایە ئەو هێزە ویستوویەتى بەشێک یان تێکراى ئەو گرووپە خاوەنپارێزبەندییە لە هەرێمەکە بسڕێتەوە، بۆ سەلماندنى تاوانەکە، دادگاى دادى نێودەوڵەتى بە زۆرى پشتى بە بەڵگە و دادبینییەکانى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا بەستووە.

یەکێکى تر لەو بابەتانەى جارێکیتر لە دادگاى دادى نێودەوڵەتیدا مشتوومڕى لەسەرکرا ئەو بابەتەیە کە پێى دەوترێت جینۆسایدى کولتوورى، بۆسنە لە ڕێگەى دەیان ڕاپۆرت و بەڵگەوە سەلماندى کە هێزە سڕبییەکان کتێبخانە و پەرستگا و شوێنەوار و تووراسە فەرهەنگییەکانى موسڵمانە بوسنییەکانى خاپوورکردووە، بەڵام دادگا پێیوایە بە تەنها وێرانکردنى سەرمایەى کولتوورى ناچێتە چوارچێوەى تاوانى جینۆسایدەوە، دادگا دەڵێت:

"لەبەر ڕۆشنایی بەڵگەکاندا، دادگا ئاگادارە کە بە ئەنقەست وێرانکارییەکى گەورەى تووراسى فەرهەنگى، مێژووى و دینى بەرانبەر بە گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى کراوە، هەروەک ئەوەى لایەنى قوربانى باسیکردووە، ئەو تێکدان و وێرانکارییە بەشێکە لە ڕیشەکێشکردنى نەژادى و هەوڵێکە بۆ سڕینەوەى تەواوەتى موسڵمانە بۆسنییەکانى هەرێمى سریبرینکا و دادگاش هاوڕایە، ئەو خاپوورکارییە ڕەنگە بچێتە چوارچێوەى تاوانى ترەوە، بەڵام هەروەک ئەوەى لە کاتى نووسینەوەى پرۆژەڕشنووسەکانى پەیماننامەکەدا هاتووە، تێکدانى کولتوورى بەشێک نییە لە کردەکانى میکانیزمى جێبەجێکردنى تاوانى جینۆساید. هەروەک ئەوەى لە دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلافیادا هاتووە، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتیش خاپوورکردنى سەرمایەى کولتوورى گروپێکى خاوەنپارێزبەندى بە جینۆساید ناناسێت، بەڵام ئەگەر ئەو خاپوورکارییە هاوشانى سڕینەوەى بایۆلۆژى و فیزیکى گرووپێکى خاوەنپارێزبەندى بێت ئەوا دەکرێت وەک بەڵگەیەک بۆ سەلماندنى ویستى تاوانى جینۆساید وەربگیرێت."

بەشى حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم و دەیەمى بڕیارەکە تەرخانە بۆ ئاکارەکانى بەرپرسیارییەتى و پابەندێتییەکانى دەوڵەت، دادگا لە سەرەتادا سێ بابەت دەخاتە بەرباس و دواتر بڕیاری لێدەدا؛ یەکەم. ڕۆڵى سڕبیا لە جینۆسایدى هەرێمى سریبرینکا چی بووە و یاساى نەریتى نێودەوڵەتى چۆن ئەروانێتە بەشداربوونى ئۆرگان و پلەدارانى دەوڵەت، دووەم. ئایا سڕبیا هیچ کردەیەک لە کردەکانى میکانیزمەکانى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى لە هەرێمى سریبرینکا ئەنجامداوە؟ یان بە شێوەیەک لە شێوازەکانى ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون بەشدارى ئەو تاوانەى کردووە؟ سێیەم. دادگا چۆن لەسەر پابەندێتى دەوڵەت بۆ بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید و سزادانى تاوانبارانى جینۆساید بڕیاربدات؟ ئەو سێ بابەتە تێکئاڵاو و پەیوەستن بە یەکەوە و یەکترى تەواودەکەن، ئەگەر وەڵامى دوو پرسیارى یەکەم نەرێنى بوو، ئەوا بێگوومان وەڵامى سێیەم ئەوەیە کە سڕبیا پابەندێتییەکانى دەوڵەتى بە پێى پەیماننامەکە پێشێلنەکردووە، ئەگەر وەڵامى دوو پرسیارەکە ئەرێنى بوو، واتە بە پێى یاساى نەریتى نێودەوڵەتى سڕبیا ڕۆڵى هەبووبێت لە تاوانەکە و کردەکانى میکانیزمى ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایدى ئەنجامدابێت ئەوا وەڵامى پرسیارى سێیەم بێمانا و نالۆجیکى دەبێت، یانى چى دەوڵەت خۆى تاوان ئەنجامبدات و پێتوابێت پێویست بووە بەر لە تاوانەکەش بگرێت! دادگاى دادى نێودەوڵەتى لەسەرەتا وەڵامى ئاریشەى یەکەم و دووەم دەداتەوە و دەڵێت:

"دادگا هیچ بەڵگەیەکى بڕواپێکراوى دەستنەکەوتووە کە ئۆرگانێک لە ئۆرگانەکانى دەوڵەت، یان ئەوانەى تاوانەکەیان ئەنجامداوە بە شێوەیەکى فەرمى سەر بە وڵاتى یوگووسلاڤیا (یان دواتر سڕبیا) بن. هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە یوگووسلاڤیا هاوکارى هێزە سڕبیەکانى ناو بۆسنەى کردووە، هاوکارییەکان بە شێوەى ماددى و پێدانى مووچەى چەکدارەکان بووە. بەڵام ئەمە بە ماناى ئەوە نایەت ئەو هێزە یەکێک بێت لە ئۆرگانەکانى دەوڵەتى یوگووسلاڤیا، چونکە ئەو هێزە لەژێر فەرمانڕەواى سەرۆکى یوگوسلاڤیا نەبووە و لە لایەن سەرۆکى هەرێمى سربسکاوە ئاراستەکراون."

دادگا کاتێک دەتوانێت تۆمەتى ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بداتە پاڵ دەوڵەتێک ئەگەر یەکێک لە ئۆرگانە فەرمییەکان یان پلەدار و حکومڕانەکانى دەوڵەتەکە ئاراستەکەر یان ئەنجامدەرى سەرەکى تاوانەکە بن، یان بە تەواوى کۆنترۆڵى ئەو ناوچە و هەرێمەى بە دەستەوەبێت کە تاوانەکە تێیدا ڕوویداوە. دادگا لە بڕیارەکەیدا سەلماندى کە ئەو تاوانەى لە هەرێمى سریبرینکا ڕوویداوە نە سڕبیا ئەنجامیداوە و نە ئەویش ڕووداوەکانى ئاراستەکردووە. هەروەها سڕبیا بە هیچ یەکێک لە ئاکارەکانى بەرپرسیاربوون بەشدارى ئەنجامدانى تاوانەکەى نەکردووە. واتە دادگا سەلماندى کە سڕبیا پێشێلى پابەندێتى بۆ ئەنجامنەدانى تاوانى جینۆساید نەکردووە. ئەوەى ماوەتەوە هەڵسەنگاندنە بۆ دوو پابەندێتییەکەى تر، ئەوانیش باپەندێتى بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید و پابەندێتى سزادانى ئەنجامدەرانى تاوانەکەیە، ئەمەش وەڵامى مژارى سێیەمە بۆ ئەو سێ پرسیارەى سەرەوە.

دادگا لەسەرەتا چەند وردبوونەوەیەک لەسەر بابەتى پابەندێتى بەلێگرتنى تاوانى جینۆساید دەخاتەڕوو، پاشان هەڵسەنگاندن بۆ جینۆسایدى مووسڵمانەکانى هەرێمى بۆسنە دەکات و ڕایەڵەى پەیوەندى بە سڕبیاوە دەخاتەڕوو، دادگا دەڵێت:

"یوگووسلاڤیا لە کاتى ئەنجامدانى تاوانەکەدا کاریگەرى هەبووە لەسەر ئەو هێزە سڕبییە بۆسنەیەى کە تاوانەکەى ئەنجامداوە و هاوبەشى سیاسیى و ئابوورى لە نێوان هەردوولادا هەبووە. بەڵام دادگا بەڵگەى پێویستى لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کە سڕبیا ئاگاداربووە لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید لە هەرێمى سریبرینکا، یان سڕبیا پیلانگێرى بۆ ئەنجامدانى تاوانەکە کردبێت."

سەرەڕاى ئەوەى سڕبیا وەک ئەنجامدەرى تاوانى جینۆساید یان وەک هاریکار و پیلانگێڕ بۆ ئەنجامدانى تاوانەکە نەناسێنرا، بەڵام بەهۆى ئەو پەیوەندیی و نزیکایەتییە سیاسى و ڕەچەڵەکى و ئابووریەى نێوان یوگووسلاڤیا و جووداخوازە سڕبیە بۆسنەکانەوە، دادگاى دادى نێودەوڵەتى سڕبیاى تاوانبارکرد بەوەى پێشێلى پابەندێتى بەرلێگرتنى تاوانى جینۆسایدى کردووە، دادگا پێیوایە ڕەوتى ڕووداوەکان و ئاماژەکانى پێکدادانە نەژادییەکانى هەرێمەکە، هەروەها ئەو گوتارە ڕقاویانەى لەو ناوچەیە دژى مووسڵمانەکان ئەنجامدەدران دەبوایە سڕبیا لێى ئاگاداربوایە و بەرى لەو تاوانانە و تاوانى جینۆساید بگرتایە. دادگا پێیوایە بۆ بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید مەرج نییە دەوڵەتەکە دەسەڵاتى ڕەهاى بەسەر شوێنەکەدا هەبێت بەڵکوو هەر هێندەى بە شێوەیەک لە شێوەکان تواناى ڕاگرتنى تاوانەکەى هەبێت و ڕاینەگرێت ئەوا پێشێلى ئەو پابەندێتییەى کردووە.

سەبارەت بە پابەندێتى سزادانى تاوانبارانى تاوانى جینۆساید، دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە سەرەتادا چەند ووردبوونەوەیەک دەخاتە بەرباس، پاشان دەچێتەر سەر کەیسى جینۆسایدى مووسڵمانەکانى هەرێمى سریبرینکاى بۆسنە و ڕایەڵە و پەیوەندییەکانى بە سڕبیاوە دەخاتەڕوو. لەبەرئەوەى ئەو هەرێمە بەشێک نییە لە خاکى سڕبیا و تاوانبارەکان تاوانەکەیان لە دەرەوەى خاکى سڕبیا ئەنجامداوە، ئەمەش واتە سڕبیا مەوداى شوێنى دەسەڵاتى دادوەرى نییە بەسەر ئەو تۆمەتبارانەى کە لە ناو خاکى هەرێمى سریبرینکاى بۆسنەدا ماونەتەوە و سڕبیا ناتوانێت تۆمەتبارەکانى وڵاتێکى تر دادگایی بکات، بەڵام بە پێى پەیماننامەى جینۆساید و بنەڕەتنامەى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا، سڕبیا ئەرکدارە تۆمەتبارە هەڵهاتووەکانى ناو خاکەکەى دادگایی بکات یان ڕادەستى دادگایەکى نێودەوڵەتى یان نێوخۆیی دەوڵەتێکى ترى بکات بۆ دادگاییکردنیان. دادگا بڕیاردەدات کە سڕبیا پێشێلى پابەندێتى سزادانى ئەنجامدەرانى تاوانى جینۆسایدى کردووە.

بەشى یانزەیەمى بڕیارەکە تەرخانە بە قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووان و قووربانیانى تاوانەکە، بۆسنە لە داواکەى خۆیدا داواى لە دادگاى دادى نێودەوڵەتى کردبوو کە سڕبیا ناچاربکات قەرەبووى قوربانیانى تاوانەکە بکاتەوە، سڕبیا بە پێى پێشێلکردنى هەرسێ پابەندێتییەکە داواى قەرەبووکردنەوەى کردبوو. بۆسنە بانگەشەى ئەوەى کردبوو کە سڕبیا تاوانەکەى ئەنجامداوە و بە شێوەیەک لە شێوازەکانى ئاکارى بەرپرسیاربوون بەرپرسیارە لە ئەنجامدانى تاوانى جینۆسایددا، هەروەها هەردوو پابەندێتییەکەى تر کە بەرلێگرتنى تاوانەکە و سزادانى ئەنجامدەرەکانییەتى، بەڵام دادگا توانى تەنها پێشێلکردنى دوو پابەندێتى بسەلمێنێت، بەمەش بابەتى قەرەبووکردنەوە ئاڵۆز و پڕکێشمەکێش دەبێت، چونکە لە بنەڕەتەوە سڕبیا تاوانەکەى ئەنجامنەداوە. بۆسنە داوا لە دادگا دەکات وەک بەشێک لە قەرەبووکردنەوە سڕبیا سەرجەم تۆمەتبارەکان ڕادەستى دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتى بۆ یوگووسلاڤیا بکات بۆ ئەوەى دادگایی بکرێن، هەروەها سڕبیا گرەنتى بە بۆسنە بدات کە تاوانى جینۆسایدى بەرانبەر نەکاتەوە، دادگا بڕیاردەدات ئەوانە بەشێک نین لە قەرەبووکردنەوە، بەڵکوو لە بنەڕەتەوە دەوڵەت ئەرکدارە ئەو پابەندێتییانە جێبەجێ بکات. 

بەشى کۆتایی بڕیارەکە تەرخانە بە ڕێکارەکانى بڕیاردان و دەنگدانى دادوەرانى دادگاکە لەسەر دادبینییەکە، لە کۆى پانزە دادوەرى دادگاکە، دە دادوەر بە بەڵی و پێنج بە نەخێر دەنگدەدەن کە دادگاى دادى نێودەوڵەتى دەسەڵاتى دادوەرى بەسەر کەیسەکەدا هەیە و ناکۆکییەکە دەچێتە چوارچێوەى پەیماننامەى بەرلێگرتن و سزادانى تاوانى جینۆسایدەوە. سیانزە بە بەڵى و دوو بە نەخێر دەنگدەدەن کە سڕبیا لە رێى ئۆرگان و حکومڕانەکانییەوە تاوانەکەى ئەنجامنەداوە. سیانزە بە بەڵى و دوو بە نەخێر دەنگدەدەن کە سڕبیا لە رێگەى پیلانگێرى و ورووژاندنى ئاشکرا و ڕاستەوخۆوە بۆ ئەنجامدانى تاوانى جینۆساید بەشدار نەبووە لە تاوانەکەدا. سیانزە بە بەڵى و دوو بە نەخێر دەنگدەدەن کە سڕبیا پێشێلى پابەندێتى بەرلێگرتنى تاوانى جینۆساید و سزادانى ئەنجامدەرەکانى تاوانەکەى کردووە.


-------------------------------
[1]  مافى خۆبوواردن (Reservation) مافێکە دەوڵەتەکان لە کاتى واژۆکردنى پەیماننامە و ڕێکەوتننامەکاندا بەرانبەر ماددەیەک یان چەند ماددەیەک بەکاریدەهێنن و خۆیان لە کاریگەرییە یاساییەکانى ئەو ماددانە دەپارێزن یان تێبینیان لەسەر هەیە و پەیڕەوی ناکەن.

[2] لە کاتى دەرکردنى بڕیارى دادبینییەکانى دادگاى دادى نێودەوڵەتى هەر دادورەێکى ئەو دادگایە مافى خۆیەتى بە جیا لە بڕیارى دادگاکە بۆچوونى جیاى خۆى بە شێوەى (Separate Opinion) بنووسێتەوە و دەریببڕێت.

[3] بڕیارى ڕێکارە-خێراکان (Provisional Measures) یەکێکە لە بنەماکانى دادگاى دادى نێودەوڵەتى و بە شێوەیەکى خێرا لە هەر کەیسێکدا ئەگەر پێویست بکات کۆمەڵێک بڕیار دەردەکەن و یەکێک یان هەردوو لایەنى داواکە ناچاردەکەن پابەندى ئەو ڕێکارانە بن هەتا ئەو کاتەى دواین بڕیارى داواکە لەسەر ناکۆکییەکانیان یەکلادەبێتەوە و دەردەچێت.

 

 

بۆ خوێندنەوەى بەشى یەکەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى دووەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى سێیەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى چوارەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى پێنجەم کرتەى ئێرە بکە.
بۆ خوێندنەوەى بەشى شەشەم کرتەى ئێرە بکە.

بۆ خوێندنەوەى بەشى حەوتەم کرتەى ئێرە بکە.

ئاون سانگسووى سەرۆکى میانمار لەبەردەم دادگاى دادى نێودەوڵەتى لە کەیسى جینۆسایدى رووهینگیەکاندا - ساڵى ٢٠١٩